سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ كونسول و نوێنه‌رانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا كۆبووه‌وه‌

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ كونسول و نوێنه‌رانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا كۆبووه‌وه‌

زاری كرمانجی - هەولێر : پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 16/9/2020 له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ولێر، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان جێگرانی سه‌رۆك و به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان‌، له‌گه‌ڵ كونسول و نوێنه‌رانی وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له‌ هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی باسێكی ده‌رباره‌ی دۆخی گشتیی هه‌رێمی كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ، ته‌حه‌دییه‌كانی به‌رده‌م هه‌رێمی كوردستان و عێراق بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا و لێكه‌وته‌كانی، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی داعش، تێپه‌ڕاندنی دۆخی سه‌ختی ئابووری و دارایی و پرۆسه‌ی چاكسازی له‌ هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش كرد.

به‌ڕێزیان سوپاس و پێزانینی هه‌رێمی كوردستانی بۆ وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا دووپات كرده‌وه‌ كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعشدا به‌ سه‌رکردایه‌تیی ئه‌مه‌ریکا پشتگیرییان له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ و ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها یارمه‌تیی مرۆیییان پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ كه‌مپه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كردو‌وه‌، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆناش، هاوكاریی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینی هه‌رێمی كوردستانی بۆ وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا دووپات كرده‌وه‌ كه‌ له‌ پرۆسه‌ی چاكسازیدا هاوكاری ده‌كه‌ن و جه‌ختی له‌ به‌رده‌وامیی پرۆسه‌كه‌ كرده‌وه‌‌ و هاوكاری و یارمه‌تیی وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپای له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ پێویست و گرنگ زانی.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی وێڕای دووپاتكردنه‌وه‌ی پشتگیریی هه‌رێمی كوردستان له‌ حكوومه‌تی به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران مسته‌فا كازمی، جه‌ختی له‌ خواستی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنی ته‌واوی كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق كرده‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستبه‌ر بكرێن و سیسته‌می فیدراڵی وه‌ك له‌ ده‌ستووردا هاتووه‌ جێبه‌جێ بكرێت، چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و هاوبه‌شی و به‌شداریی پێكهاته‌كانی عێراقیشی له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتدا، به‌ فاكته‌ری سه‌قامگیریی وڵات له‌ قه‌ڵه‌م دا.

به‌ڕێزیان جه‌ختی له‌وه‌ كردوه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ به‌ فاكته‌رێكی سه‌قامگیری له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ ده‌مێنێتـه‌وه‌ و خوازیاری بره‌ودانه‌‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێزگرتن و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش، ڕوونیشی كرده‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران و كۆماری توركیا باشن و قه‌باره‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و چالاكیی ئابووری له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ی به‌ مه‌ترسییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش كرد و جه‌ختی له‌ پێویستیی عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌ به‌رده‌وامیی پشتگیریی نێوده‌وڵه‌تی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و گرنگیی هه‌ماهه‌نگیی نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق به‌تایبه‌تی له‌ سنووری ناوچه‌كانی مادده‌ی (140) كرده‌وه‌.

به‌ڕێزان كونسول و نوێنه‌رانی وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا چه‌ندین پرسیاریان ده‌رباره‌ی ته‌وه‌ركانی كۆبوونه‌وه‌كه‌‌، گفتوگۆی ستراتیژیی ئه‌مه‌ریكا ـ عێراق و سه‌ردان و دیداره‌كانی ئه‌م دواییه‌ی سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی له‌ به‌غدا و ئه‌نقه‌ره‌ و چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ست به‌ دۆخی ناوچه‌كه‌وه‌‌ ئاراسته‌ی به‌ڕێزیان كرد و خۆشحاڵییان به‌ كاركردن و هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی، هه‌روه‌ها دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كانیان به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌ڕوانن.

له‌ وه‌ڵامدا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی له‌ سیاسه‌ت و تێڕوانینی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای پاراستنی سه‌قامگیری و گفتوگۆ و هاوبه‌شی و پێكه‌وه‌ كاركردن بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌كان و یارمه‌تیدانی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاسووده‌یان بۆ شوێنه‌كانیان كرده‌وه‌.

زۆرترین بینراو