سواڵ كردن دەبێتە دیاردە

سواڵ كردن دەبێتە دیاردە

"دەستێكی دەرەكی هەیە دەیەوێت ئەم دیاردەیە لە كوردستان بڵاو بكاتەوە".


د/ چراخان ئەحمەد، نەواڵ عەزیز:


هەندێك كەس لە شەقام و كۆڵانەكانی  قەزای سۆران رۆژانە سواڵ دەكەن، ئەمەش خەریكە وەك دیاردەیەكی لێدێت و هاووڵاتییانی نیگەران كردووە.
جەواد سوار، بەڕێوەبەری نووسینگەی مافی مرۆڤ لە سۆران بۆ زاری كرمانجی دەڵێت:"سواڵكردن دژی یاسایە، كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دەبێ، چونكە دەروازەیەكە بۆ تاوانی تر".
بەشێكی زۆری ئەو كەسانەی كە سواڵ دەكەن ، منداڵ بەكار دەهێننن هەموو بۆ راكێشانی سۆزی هاووڵاتییان تا پارەی زیاتریان بدەنێ، هەمیش بۆ راهێنانی ئەو منداڵە بۆ داهاتوو كە بەردەوام بێت لە سواڵ كردن، بەڕێوەبەری مافی مرۆڤ لەم بارەوە دەڵێت" ئەمە دووجار تاوانە، لەبەر ئەوەی رێگا پێدراو نیە، لەبەر ئەوەی تەمەنی لەخوار 18ساڵیەوەیە، جگە لەوەش پێشێلكردنی مافی منداڵانە. هەر چەندە ئێستا یاسای تایبەت بە سواڵكردن یا ئەو كەسانەی ئەم كارە دەكەن لە پەرلەمانە و دوای گفتوگۆ كردن دەردەچێت، بەڵام هەماهەنگیمان هەیە، بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی ئەم حاڵەتە".
گووتیشی " بەشێكی زۆری ئەوانەی سواڵ دەكەن لە دەرەوەی شاری سۆران دێن"
لە بارەی هۆكارەكانی سواڵكردنیش ئەم بەرپرسە دەڵێت" هۆكار زۆرە بۆ سواڵكردن لەوانەش فرەژنی، كە منداڵی هاوسەرە كۆنەكە پشتگوێ دەخرێت، و گرنگی بە خێزانە نوێ كەی دەدات، ئەمە هۆكارێكە، بەڵام هۆكارێكی تری بریتییە لە چاولێكەری، كاتێك دەزانێت خەڵكەكە بە سۆزەوە مامەڵەی لەگەڵ دەكەن، ئەویش دەچێت و سواڵ دەكات. بە شێوەیەكی گشتی هۆكارەكانی سواڵكردن زۆرن لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر جیاوازە ، بەڵام مەرج نیە هەموو كات بە هۆی هەژارییەوە سواڵ بكرێت".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا " ئەركی ئێمەیە لە رێگای كەناڵەكانی راگەیاندنەوە هاووڵاتییان هۆشیار بكەنەوە، بەتایبەت توێژی گەنجان، ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ25 ساڵی دایە، بۆیە زۆر جار بەبێ ئاگاداری تووشی ئەو حاڵەتانە دەبن، دەستێكی دەرەكیش هەیە دەیەوێت ئەم دیاردەیە لە هەرێمی كوردستان بڵاو بكاتەوە".