سۆران .. نەبوونی ماڵی داڵدەدانی ئافرەتان گرفتی دروست کردووە 

سۆران .. نەبوونی ماڵی داڵدەدانی ئافرەتان گرفتی دروست کردووە 

موڕشید برادۆستی - سۆران : لە قەزای سۆران و دەرووبەری تا ئێستا ماڵی داڵدەدانی ئافرەتانی لێینییە تا  ئەو ئافرەتانەی ڕوبەروی ھەرەشە و کێشە دەبنەوە بۆ  پاراستنی ژیان و سەلامەتی گیانیان لێی بمێننەوە، ئەمەش نیگەرانی دروست کردووە، بەرپرسێکی توند و تیژی ئافرەتانیش دەڵێت" بەردەوام حاڵەتی وامان هەیە و نەبوونی شوێنی داڵدەدان کێشەی زۆری بۆ دروست کردووین.

نازەنین عەزیز بەرپرسی ئەنجومەنی قەزای سۆرانی یەکێتی ئافرەتان بە زاری کرمانجی گووت"  لە سنووری ئەنجومەنەکەمان هەر ئافرەتێک ڕوبەرووی توندوتیژی ببێتەوە بەھەموو جۆرەکانی سەردانی ئێمە بکات بەو پەڕی دڵسۆزی و خەمخۆری و ھەستکردن بە بەرپرسیاریەتی ھەوڵی چارەسەر کردنی کێشەی دەدەین، خۆشبەختانە  لە ماوەی ڕابردوو توانیومانە چەندین کێشەی ئافرەتان چارەسەر بکەین".


زیاتر گووتی" ئەو ئافرەتانەی کە سکاڵای خۆیان دێننە لای ئێمە، گەر بزانین ژیانی لەمەترسیدایە و هەڕەشەییان لەسەرە، ڕاستەوخۆ لایەنی پەیوەندیداری حکومی و یاسایی لێ ئاگادار دەکەینەوە بەتایبەت بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتانی سۆران  کە ھەماھەنگیەکی باشمان ھەیە وە یارمەتی دەری باشمانن .


نازەنین عەزیز،  دووپاتی کردەوە" جێگەی داخە تا ئێستە لە دەڤەری سۆران  ھیچ شوێنێک یاخود ماڵێکی داڵدەدانی ئافرەتانی لێنییە لەکاتێکدا دەڤەری  سۆران سنورێکی فراوانی هەیە،  پێویستە ماڵێکک ھەبێ بۆ ئافرەتانی ھەڕەشەلێکراو یاخود ئافرەتانی بێ لانە پێویستە لایەنی پەیوەندیداری حکومی کاری جددی لەسەر بکەن.

لای خۆشییەوە, نقیب شێروان خالید گووتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتانی سۆران بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند" دەڤەری سۆران کە هەر چوار قەزای سۆران، چۆمان، مێرگەسۆر و ڕواندز لە خۆدەگرێت و بەقەد پارێزگایەک بەرفراوانە, بەڵام تا ئێستە ماڵی داڵدەدانی ئافرەتانی لێنییه، لە کاتێکدا بەردەوام ئەو جۆرە سکاڵایانە دێنە لامان،  ئەمەش کێشەی زۆری بۆ دروست کردووین, چەندین جار بە فەرمی ئەو داوایەمان بەرز کردۆتەوە تەنانەت خودی وەزیریش لەو بابەتە ئاگادار کرایتەوە".

زیاتر گووتی" ئەو ئافرەتانەی هەڕەشەییان لەسەرە یا سکاڵایان هەیە لەسەر بڕیاری دادوەر بۆ شوێنی مانەوە دەیان بەینه بەشی گرتن و گواستنەوەی سۆران, بۆ ماوی یەک هەفتە دەمێننەوە, بەڵام ئەگەر کێشەکەیان چارەسەر نەبێ هەر بە بڕیاری دادگا ڕەوانەی هەولێر دەکرێن و لەوێ شوێنی مانەوەی ئەم جۆرە ئافرەتانەی لێیە . بەڵام لە گرتن و گواستنەوەی سۆران شوێن وەک پێویست نییە یا ئافرەتانی خاوەن سکاڵا و کێشە تێکەڵ بەو ئافرەتانە ئەبن کە تۆمەتبار و تاوانبارن ئەمەش کاریگەری خراپی دەبێت . 


 شێروان خالید گووتیشی" نەبوونی ماڵی داڵدەدان و شەلتەر لە سۆران بۆ ئێمەش بارگرانیی و زەحمەتە,  ئەو ئافرەتانەی ڕەوانەی هەولێر دەکرێن لەسەر مەسرووفات و ئەرکی ئێمەیە, ئافرەت هەیە هەڕەشەی کوشتنی لەسەر بووە یا سکاڵای هەیە و کێشەی بۆ دروست بووە  شوێنی گونجاویش نییە لێرە لێی بمێنێتەوە, بۆیە ناچارین ڕەوانەی هەولێر بکرێت, هەروەها ئافرەت هەیە ماوەی سێ ساڵە بەهۆی کێشە لە ماڵی داڵدڵانی ئافرەتانە لە هەولێر دووری رێگە و هاتن و چوون و دووری کەس و کار کێشە بۆ خودی ئافرەتەکە و بۆ ئێمەش دروست کردووە, بۆیە زۆر پێویستە ماڵێک و شوێنێکی وا لە سۆرانیش  بکرێتەوە.

زۆرترین بینراو