سۆزیار سەمین بەبێ بڕوانامە داهێنان دەكات

سۆزیار سەمین بەبێ بڕوانامە داهێنان دەكات

دیمانە محەمەد ئامۆكەیی – هەڵبەبجە: هونەری وێنەكێشان لە نێو ئافرەتانی كورد شتێكی نامۆ و نوێ نییە لە دێرزەمانەوە وێنە لەسەر كاغەز و قوماش لە لایەن ئافرەتی كورد دروستكراوە، لە پارێزگای هەڵەبجەی شەهیدیش، خاتونێكی دەست رەنگین لەگەڵ هاورێ كچەكەی دەمێكە خەریكی كاری هونەری شێوەكارین، سۆزیار ئەگەرچی دەرچووی هیچ زانكۆ و پەیمانگایەكی هونەری نیە، بەڵام بەكارە ناوازەكانی خەڵكی سەرسام كردووە، لە دیدارێكی كورتی رۆژنامەوانی باس لە ژیانی تایبەتی خۆی و گرنگی هونەری وێنەكێشان دەكات و دەڵێت" تەمەنم 21 ساڵەو دووساڵە هاوسەرگیریم كردووە خاوەن كچێكم، پۆلی 12ی ئامادەییم تەواوكردووە، زۆربەی كاتەكانم بە هونەری وێنەكێشان دەبەمەسەر لەبەر ئەوەی بەڕاستی چێژیكی تایبەتی لێوەردەگرم و هەست بە ئارامی دەكەم كاتێك دەست بۆ دروستكردنی وێنەیەك دەبەم."
ئەو خانمە دەست رەنگینە باس لەوەش دەكات" شێوەكاری هونەرەو مەرجنیە بیخوێنیت تافێربیت زۆربەی ئەوانەی شێوەكاربون لە بەشی هونەر نەیان خوێندووە و توانیویانە ببن بە كەسانێكی دیار لە مێژوی هونەری شێوەكاری، بۆیە بۆ سەركەوتن لە كاری هونەری پەیوەست نیە بە بڕوانامە، كاری شێوەكاری دەگەڕێتەوە سەر تواناو فكرەی خۆت كە بتوانی چۆن وێنە بكێشی دڵی خەڵكی رازی بكەی."
لە بارەی بێ بایەخی هونەر بەگشتی و هونەری شێوەكاری لە باشوری كوردستان سۆزیار گووتی"
تا ئێستا لە كوردستان وەك پێویست گرنگی بەم هونەرە نەدراوە نەك هونەری شێوەكاری بگرە بەگشتی هونەر پشتگوێ خراوە، ئەوەش جێگەی نیگەرانی كەسانی هونەرمەندە دەبوا لێرە زۆر بە بایەخەوە گرنگی بەهونەر بدراباو خەڵك زیاتر حەزی بۆ بچوباو نەك بە چاوێكی تر سەیری بێ بایەخی بكات، بۆیە ئەركی وەزارەتی رۆشنبیرییە لەو كابینەیە پێداچونەوەیەك بەلایەنی هونەر بكرێت و دووبارە بایەخدان بۆهونەر بگەڕێتەوە، ئەگەرچی تا رادەیەك رەوشی هونەری باش بووە لە چاو ساڵانی پێشو، بەلای خەڵكەوە ئێستا هونەر شتیكی نامۆ نیەو هەندێك پێی ئاشنابون، بەڵام وەك ئاماژەم بۆ كرد دەبێت گرنگی زۆر بەهونەر بدرێت لە كوردستان."
سۆزیار سەمین لە دواپەیڤەكانی ئەوەی خستەڕوو" زۆر كەس داوایان لێكردوم وێنەیان بۆ بكێشم و ئیشیان بۆ بكەم، بەڵام شوێنی كارم نەبووە بۆیە بیرم لەوەكردەووە فەیسێك دانێم تایبەت بەئیشی شێوەكاری و بەرهەمەكانمی تیا ساخ بكەمەوە لەگەڵ هاوڕێیەكم كە ئەویش شێوەكارە، فەیسی كارمان داناو لە وێوە وێنە دەنێرین و ئێمەش بۆیان دەكێشین دەیگەیەنینە دەستیان، سوپاس بۆ خوا رۆژ بەرۆژ داواكاری خەڵك زۆر دەبێت و هیواخوازم بتوانم زیاتر كارەكانم بەرەو پێش ببەم و خزمەتێكی بچوك پێشكەش بە هاونیشتیمایانی هەڵەبجەو شارەكانی تر بكەم.

"سەركەوتن لەكاری هونەری پەیوەست نییە بە بڕوانامە"

زۆرترین بینراو