سۆشیاڵ میدیا وەك هەڕەشیەك لەسەر ژیانی كۆمەڵایەتی

سۆشیاڵ میدیا وەك هەڕەشیەك لەسەر ژیانی كۆمەڵایەتی

ئا/ دیدار سابیر
لەم چەند ساڵانەی ڕابردوو بەهۆی هاتنی شەپۆڵێكی گەورەی تەكنەلۆجیا و پێشكەوتن و هاتنی ئامێری زیرەك، بڵاوبوونەوەی بە هەموو جیهاندا گۆڕانكاری لە ژیانی تاك و خێزان و كۆمەڵگە هێنایە ئارایەوە، لەوانەیە بۆ ووڵاتانی ڕۆژئاوایی شتێكی نامۆ و سەیر نەبووبێ، بەڵام بۆ ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی بەگشتی عێراق و كوردستان بەتایبەتی شتێكی نوێ بوو، و ڕێژەی ڕووداوە كۆمەڵایەتییەكان بەهۆی مۆبایل و سۆشیال میدیا ڕووی لەزیاد بووندایە بەهۆی بتەندروست بەكارنەهێنانی سۆشیال میدیا بەگشتی و مۆبایل، لە ڕێگەی ئەم ریپۆرتاژەوە بەشێك لەو كەس و لایەنانە دەدوێنین كە بۆنەتە قوربانی سۆشیال میدیا و خراپ بەكارهێنانی مۆبایل.
سندس, خێزاندارەو خاوەن دوو منداڵە دوای ئەوەی داوامان لێ كرد لەسەر ئەم بابەتە قسەمان بۆ بكات سەرەتا ڕازی نەبوو دوای ئەوەی بەڵێنی ئەوەمان پێ دا كە نهێنییەكانی بپارێزین، و ئێمە تەنها مەبەستمان كاری ڕۆژنامەوانی و هۆشیارییە كەوتە قسەو گووتی" نزیكی دوو ساڵ پێش ئێستا نامەیەكم لە فیس بووك بۆهات دوای ئەوەی نامەكەم كردەوە، گەنجێك بوو داوای هاڕێیەتی لێ كردم سەرەتا پێ ڕازی نەبووم و زۆر قسەی ناشرینم پێ گووت!بەڵام هەر وازی نەهێناو چەندین جار بلۆكم كرد هەر بەفیس بووكی تر نامەی دەناردەوە، ئیدی كەوتینە قسە و دوای ئەوەی زۆربەی كات بەشەوان قسەمان دەكرد چونكە پیاوەكەم دایم لای هاوڕێكانی بوو لەكافتریا و شت دوای ئەوە پەیوەندییەكەمان گەیشتە ڕادەی گوڕینەوەی وێنە، دواتر وێنە گۆڕینەوە گەیشتە ئاستی وێنەی ڕووت و سێكسی، ئێستا وازمان لەیەك هێناوە، بەڵام هەردەم ترس و شەرمەزاریەكم لەدڵ دایە لە بەرامبەر پیاوەكەم، هەردەم دەڵێم دەبێ ڕۆژێك ئەو كوڕەی خۆشم دەویست بە هۆی وێنە ڕووتەكانم تووشی كێشەم نەكات؟".
دارا یەكێكی تر بوو لە قوربانیانی سۆشیال میدیا و فیس بووك، كە ماوەی مانگێكە لەزیندان ئازاد كراوە، گووتی" لە فیس بووك ئافرەتێكم ناسی تەنها وەكو دوو هاوڕێ بووین بەبێ ئەوەی هیچ قسەیەكی ناشەرعی بكەین، بەڵام وێنەی ئاسایی خۆمان بۆیەك دەنارد ڕۆژێك بەنامە قسەم لەگەڵ دەكرد لە ناكاو دەنگی نەما منیش زۆرم هەوڵدا نەمزانی بۆ دەنگی نەما، پاشان دوو ڕۆژێ پێ چوو ئۆتۆمبێلێك بە پڕ پیاوەوە بەچەكەوە هاتبوونە سەرماڵمان هەڕەشەیان كردبوو، دواجار بۆم دەركەوت لەكاتی قسەكردن بەنامە لەگەڵ من پیاوەكەی بەسەرداهاتۆتەوە و وێنەی منی لەناو مۆبایلی ژنەكەی بینیوە و ئاشكرابووە". دارا بە هەناسەیەكی قووڵەوە گووتی "چیتر بڵێم ئیدی كێشەكەمان كەوتە پۆلیس و دادگا و زیندان و هەتا مێردی ژنەكە لێمانخۆش بوو، بڕی پێنج دەفتەرمان پارە دا".
ئازاد، یەكێكیتر بوو لە خراپ بەكارهێنەرانی سۆشیال میدیا گووتی" لە ئێنستاگرام فۆلۆم بۆ كچێك نارد، رەسمی پرۆفایلەكەی زۆر جوان بوو دوای ئەوە وەڵامی نامە و داواكارییەكەی دامەوە دەركەوت بێوەژنە و خەڵكی ووڵاتی مەغریبە و چەند رۆژێك قسەمان كرد و دوای ئەوە بە كامیرا قسەمان كرد و قسەكانمان لەقسەی ئاسایی گۆڕا بۆ قسەی ڕۆمانسی و وێنەی رووت و ورووژێنەر، دواتریش خۆڕووتكردنەوە دوای چەند جارێك گۆڕینەوەی وێنەی سێكسی، ئافرەتەكە داوای سی وەرەقەی لێ كردم كە بۆی بنێرم ئەگینا وێنەكانم بڵاو دەكاتەوە منیش ناچاربووم بۆ ئەوەی ئابرۆم نەچێ پارەكەم بۆ نارد، و وازی هێنا پاشان ماوەیەكی تر هەمان شتی پێشوو داوای پارەی كردەوە بەهەمان هەڕەشە منیش گووتم پارەت بۆ نانێرم لێم تورەبوو و فیس بوكێكی بەناوی من داناو هەرچی وێنەی ڕووتی من بوو بڵاوكردەوە، ئابروی بردم ئێستاش لەناوخزم و هاوڕێیان بەچاوێكی كەم سەیرم دەكەن".
چرا، ناوی خوازراوی یەكێكی ترە, لەو ئافرەتانەی كە بەهۆی كێشەیەكی سۆشیاڵ میدیا لەهاوسەرەكەی جیابۆتەوە گووتی " لەفیس بووك گەنجێكم ناسی سەرەتا دوو هاورێی ئاسایی بووین دوای ئەوە بوین بە دوو كەسی نزیك، تا لە كۆتایی بە هۆی ئیهماڵكردنی پیاوەكەم كە دایم لەدەرەوەبوو، ئەوەی كە خۆشم دەویست بەئاسانی دەهاتە ماڵمان و پەیوەندییەكە قوڵتر بۆوە، تا كار گەیشتە باوەش گۆرینەوە و جووتبوون، لەكۆتایدا پیاوەكەم ڕۆژێك كامێرای چاودێری بەدزی دانابوو نەمزانی بوو كارەكەمان لێ ئاشكرا بوو، و تووشی كێشەیەكی زۆر گەورەی خێزانی بووین و كوڕەكەی خۆشم دەویست ڕای كرد چوو بۆ ئەوروپا، كۆتایی كێشەكە بەجیابوونەوەی من كۆتایی پێ هات".
ئاوات، یەكێكی تر بوو كە سەبارەت بەم ڕیپۆرتاژە قسەی بۆ كردین و گووتی" لە ڕێگای سناپ چاتەوە كوڕێكم ناسی و سەرەتا زۆر ئاسایی بووین، تەنها چاك و چۆنیمان هەبوو پاشان پەیوەندییەكەمان بووە گۆڕێنەوەی وێنە و قسەی سێكسی، پاشان وای لێ هات ڕاستەوخۆ سێكسمان ئەنجام دەدا!، بەڵام ئێستا هەست دەكەم چەندە هەڵەم و چەندین جارە دەمەوێ واز لە كوڕەكە بهێنم، بەڵام كوڕەكە دەڵێ وازم لێ بهێنێ هەرچی وێنەی رووت هەیە بۆ پیاو و كەس وكارت دەنێرم، بۆیە ئێستا ناتوانم وازی لێ بهێنم بەناچاری هەر شتێ ئەو بڵێ دەبێ بۆی بكەم".
سالار، ناوی خوازراوی یەكێكی ترە لە تووشبوون بەكێشەی كۆمەڵایەتی، بەهۆی خراپ بەكارهێنانی سۆشیال میدیا لە یەكێك لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن كاردەكات، گووتی" ئافرەتێكی مەغربیم ناسی لەبۆنەیەك دوای ئەوەی لەگەڵی تێكەڵ بووم و چەندین جار چووم بۆ مەغریب بۆلای، پەیوەندی سێكسیمان ئەنجامدا دواجار داوای بڕیكی زۆری پارە لێ كردم، بەڵام من پێم نەدا بۆیە هەرەشەی ئەوەی كرد ئەگەر پارەم بۆ نەنێری وێنە سێكسیەكانت بۆ هاوڕێكانت دەنێرم، بۆیە بەناچاری و بە پەلە زوو فیس بوكەكەم داخست و سووتاندم".
ژینۆ، یەكێكی تر بوو لەوانەی جیاواز لەوانی تر قسەی بۆ كردین لەسەر بابەتەكە و گووتی" لەڕێگەی فیسبووك و ئەنستاگرامەوە چەند هاوڕێیەكی باشم لە هەردوو ڕەگەز ناسیوە، كەسی زۆر باشن و زۆر سوودم لێیان بینیوە و هەتا ئێستا هیچ هەڵەیەكیان بەرامبەرم نەكردووە و تەنانەت كوڕەكانیش گووتیشی " ڕێزم بۆ ئافرەتەكان بەڵام ئافرەت گەر خۆی ڕێگا بەپیاو نەدات هیچ پیاوێك ناتوانی تەنانەت بەخراپیش نزیكی ببێتەوە".
بەشێك لە تۆێژەرانی كۆمەڵایەتی, سەبارەت بەم ڕیپۆرتاژە بۆمان دوان هۆكاری زۆری ڕێژەی قوربانیانی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان و بەتایبەت هاوسەردارەكان بۆ ئەوەیان گەڕاندەوە" كەسانێكن كە وەك خوو پێیان وەرگرتووە یا كەسانێكن لە ناو ماڵەكانیان كەمترخەمیان هەیە، لەڕووی هەست و خۆشەویستی و سێكس و دەربڕینی ووشەی جوان و خۆشەویستی، زۆربەی ئەوانەی تووشی كێشەكانی سۆشیال میدیا بوونە، ئەو كەسانەن لە ماڵەكانیان كێشەی خێزانیان هەیە و هەست بە ئاسوودەی ناكەن و دوورن لەقسەی خۆش و سۆز و خۆشەویستی! بە بەراورد لەو هاوسەردارانەی كێشەیان نییە لەگەڵ خێزانەكانیان و تێر سۆز و خۆشەویستین، كەمتر تووشی كێشەی كۆمەڵایەتی و كێشەكانی خراپ بەكارهێنانیی سۆشیال میدیا دەبن".

 

زۆرترین بینراو