سیاسەتی دەرەوەی توركیا بەرامبەر بە گەلی كورد و كوردستان

بەروار زرار شەریف

"نیكۆلاس سبیكمان" پێ وایە فاكتەری جوگرافی كاریگەری لەسەر هێز و كێشە و گرفتەكانی دەوڵەت هەیە، توركیا بە هۆی فاكتەری جوگرافیاو هێزی ئابووری، سیاسەتی خۆی بەرامبەر بە هەرێم بە جۆرێك بە كار هێناوە، كێشەكانی لەگەڵ هەرێم بردە قۆناغێكی پشت بەیەكتر بەستن، هەرچەندە توركیا دۆستی بەرژەوەندییەكانی خۆیەتی و بەپێچەوانەوە لەگەڵ ئەوە دانییە كورد ببێتە كیانێكی سەربەخۆ، ڕیالیزمەكان پێیان وایە جەنگ حاڵەتێكی سرووشتییە، بۆیە هەڵبژاردەی جەنگیش لای توركیا بە ئاسای دەبینرێت و هەڵوێستەكانی توركیا لەسەر ریفراندۆم و هێرش و پەلامارەكانی بۆسەر رۆژئاڤای كوردستان راستی ئەم بۆچوونە دەسەلمێنن.
دوای ئەوەی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی ٢٠٠٦دا یاسای وەبەرهێنانی دەركرد، توركیا لە ساڵی ٢٠٠٧ وە پەیوەندیەكانی خۆی پەرەپێدا، هەرێم سەرچاوەیەكیش بوو بۆ دابینكردنی نەوت و گازی سروشتی. "جۆرج كینان" باوەڕی بە سیاسەتی دەورەدان هەبوو، پێی وایە سیاسەتی دەورەدان فاكتەرێكی گرنگی تیۆری ڕیالیزمە. بۆیە بەم شێوەیە كوردستانی بەكاردەهێنا بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندیەكانی خۆی، لە ڕووی ئابووریەوە دوای باشكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بەدەستی هێنا؛ كۆمپانیا توركییەكان پانتاییەكی فراوانی هەرێمی كوردستانیان داگیركرد، ئەو كۆمپانیایانە لە بوارەكانی دارایی و بانك، كەرتی بیناسازی، ژێرخانی ئابوری، كەرتی نەوت و گازی سروشتی، كەرتی پەروەردە، خوێندنی باڵا، كەرتی تەندروستیدا كاریان دەكرد تا ئێستا توركیا ڕەزامەندبوو هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی وڵاتەكەیەوە بە بۆڕی نەوت بگوازێتەوە بۆ بەندەری جیهان و لە وێشەوە بۆ وڵاتانی تری جیهان.
لە دوای ڕیفراندۆم هەموو پەیوەندییە دیپلۆماسی و سیاسی و ئابورییەكانی هەرێم تێكچوو، ئیدی توركیا بەرامبەر بە هەرێم گەڕایەوە بۆ سەر هێڵی سور، مەبەستێكی ستراتیژی نەبوو تا ئەو ئاستە بایەخ بە هەرێم بدات، بەڵكو توركیا پێویستی بەو دۆخە هەبوو تا لە بواری سیاسی و لە بواری ئابورییەوە جێگای خۆی بگرێت سەرەنجام توركیا، نیەتی ئابووری و سیاسی خۆی بۆ هەرێمی كوردستان جیاواز دەرخست، لەسەر ئاستی ئابووری و بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی وەك دۆستێكی نەرم و ستراتیژی خۆی دەنواند، بەڵام لەسەر ئاستی سیاسی دوژمنێكی سەرسەخت بوو.
‎لە ئەنجامدا بۆمان دەركەوت لە سەردەمی دامەزراندنی دەوڵەتی توركیا تا ئێستای پارتی "داد و گەشە پێدان "، سیاستی دەرەوە توركیا بەرامبەر بە گەلی كورد زیاتر دوژمن كارانەیە، هەرچەندە بەرامبەر بەهەرێمی كوردستان لە ئێستادا نەرمی دەنوینێت، ئەوەش لەبەر بەرژەوەندی ئابوورییەكەیەتی.
جیاوازی هەرێمی كوردستان و رۆژئاوا لەوەدایە، هەرێمی كوردستان چوارچێوەیەكی یاسایی هەیە لە دەستوری عێراق و خۆبەڕیوەبەریەكی دامەزراوەی هەیە، بەڵام كوردانی رۆژئاوا هیچ چوارچێوەیەكی یاسایی نێوەخۆی نییە لە دەستوری سوریادا، توركیا دۆستێكی ئابوورییە، دوژمنێكی سەر سەختی سیاسی و نەتەوەی گەلی كوردە، لە هەموو شووێنێك، دروشمەكانی تورك یەك ئالا و یەك خاك و یەك نەتەوەییە، بۆیە لە سیاسەتی خۆیدا وای وینا كردووە، وەك ریالیستەكان دەلێن ناتوانێ نیەتی ئەوانی تر بخوێنێتەوە هەمیشە بە مەترسیان دەزانێ بەرامبەر بەخۆی، هێزی سەربازی بەكار دێنێ بەرامبەر بە رۆژئاو بێ گوێدانە یاسای نێو دەوڵەتی سەروەری وڵاتێكی تر ئەبەزیێنێ، هەرچەندە جەنگ لای ریالیستەكان واریدە، پێان وایە بەرژەوەندی وڵاتان لە بەریەك كەوتندایە، توركیا نیەتی ئابووری و سیاسی خۆی بۆ هەرێمی كوردستان جیاواز دەرخست، لەسەر ئاستی ئابووری و بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی وەك دۆستێكی نەرم و ستراتیژی خۆی دەنواند، بەڵام لەسەر ئاستی سیاسی دوژمنێكی سەرسەخت بوو.

زۆرترین بینراو