سیاسەتی هەندێ حیزب پەیوەندی كۆمەڵایەتی تێكدەدات

سیاسەتی هەندێ حیزب پەیوەندی كۆمەڵایەتی تێكدەدات

موڕشید برادۆستی-ڕەمەزان هەڕنی– سۆران: چین و توێژەكان نیگەرانن لەو دۆخەی هەرێمی كوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت و پێییان وایە سیاسەتی هەندێ پارت و لایەن كاریگەری نەرێنی كردۆتە سەر ژیانی دانیشتووانانی شارە جیاجیاكانی كوردستان و تەشەنەكردنی ئەم دۆخەش بە مەترسی گەورە دەزانن.
لە هەرێمی كوردستان دەیان حیزبی سیاسی بوونی هەیە و هەریەكەیان بە پەیڕە و پڕگۆرامی جیا كاری سیاسەتی خۆیان ئەنجامدەدەن، بەڵام هەندێ پارتی سیاسی، شەقام و لایەنگرانی خۆیان بە شێوەیەك هان دەدەن دژی حیزبەكانی دیكە بووەستنەوە، چین و توێژەكانیش لە بەشێكی بەكارهێنەرانی سۆشیال میدیادا بەتایبەت تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك گلەی و گازندە دەكەن، لەوەی بە كارهێنەران بەشێوەیەكی نەرێنی بەكاری دێنن و زۆربەی كات بەهۆی تەشهیر كردن و سوكایەتی كردن لایەنگری حزبەكانی تر دووچاری ناوزڕاندن و كێشە و شكاندن دەكەنەوە، داوا دەكەن بە یاسا رێگە چارەیەك بۆ ئەم دیاردەیە بدۆزنەوە، بەپێچەوانەوە لە داهاتوو سۆشیال میدیا و ئەو بەلاڕێدابردنی شەقام دەبنە هەڕەشە بۆ سەر تاكو گشتی كۆمەڵگە.
ئاورنگ شیخ عەلی یاساناس و نووسەر بە زاری كرمانجی گووت" ململانێی حیزبی هەمیشە جۆرێك لە جیاوازی دروست دەكات لە نێوان لایەنگرانی لایەنەكاندا، لە ڕاستیدا كۆمەڵگەی ئێَمەش بە شێوەیەكە دابەشبووە بەسەر پابەندێتی حیزبییەوە و ڕێژەیەكی كەم لە خەڵك ماون پابەندبوونی حیزبییان نەبێت، ئەم دابەشكارییە كۆمەڵایەتی و حیزبییە كاری كردۆتە سەر سەرجەم كایەكانی دیكەی ژیانی كۆمەڵایەتی خەڵك، شارەكانیش بێبەش نەبوون لەم گەماڕۆی ئایدۆلۆژییە، واقیعێكی دیكەش هەیە لە ئەنجامی باڵا دەستی پارتی و یەكێتی لە دووناوچەی جوگرافی جیادا، بۆتە فاكتەری گرێدانی ئەم ناوچانە بە سیاسەتی لایەنەكان و خزمەتگوزارییەكانەوە".
زیاتر گووتی" دەرئەنجام جۆرێك لە جیاوازی ئایدۆلۆجی و خزمەتگوزاری بۆ خەڵك دروست كراوە، بەڵام ئەم جیاوازییە جیاوازییەكی دەستكردە و مەرامی سیاسی لە پشتەوەیە و ئەو لایەنانەی كە شكستییان هێناوە لە بەرێوەبردنی خەڵك و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی، خەڵكیان لەسەر ئەوە گۆشكردووە كە نەبوونی هەر مافێكی سەرەتاییان كە نییانە خەتای لایەنی بەرامبەرە و ئەوان نەیانویستووە خزمەتتان بكەن، بەمەرجێك واقیع تەواو پێچەوانەیە، ئەمە دەمانبات بۆ ئەو راستییەی كە هەندێك لایەن بۆ شاردنەوەی شكستەكانیان پەنا بۆ هەموو جۆرە رێگەیەك دەبەن تا ئەستۆپاكی خۆیان بسەلمێنن لە بری ئەو شكستەی كە بە خەڵكییان هێناوە، بۆیە كاركردنییان گەیشتۆتە ئاستی بەگژداكردنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش".
بە گووتەی ئاورنگ شیخ عەلی" ئەم جیاوازییەی هەستی پێدەكرێت جیاوازییەكی دروستكراوی بەبەرنامەیە و لە ناخی تاكی هەر شارێكی كوردستاندا بوونی نییە، بەڵام پارتەكان لە رێگەی كەناڵە جۆراوجۆرەكانیانەوە هەمیشە رەواجی پێدەدەن و سەرمایەداری پێوە دەكەن بۆ خۆیان و لە چوارچێوەی پیادەكردنی ململانێی سیاسیدا سەیری دەكەن، هەڵبەتە ئەم جیاوازییە سیاسییە كاری كردۆتە سەر جیاكاری جوگرافی و لە دەرەوەی كوردستانیش ئەم دۆخە هەستی پێدەكرێت و هەندێك جاریش وەك خاڵی لاوازمان ئاماژەی بۆ دەكرێت".
زیاد یوسف، مامۆستای زانكۆی دهۆك بە زاری كرمانجی گووت" هەبوونی ژمارەیەكی زۆری لایەنی سیاسی لە ناوچەیەك و هەرێمێك و وڵاتێك كارێكی زۆر ئاسایی یە، بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی چین و توێژەكانی كۆمەڵگە بكەن بە مەرجێك هەبوونی زیاتر لە لایەنێك كاركردنیان بكەوێتە چوار چێوەی نیشتیمانی نەك بكەوێتە خزمەتی بەرژەوەندی تەسكی حیزبایەتیەوە، لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە لایەنێكی سیاسی بوونی هەیە كارێكی تەندرووستە، هەبوونی ژمارەیەكی زۆری لایەنی سیاسی پێویستە جگە لە كاری سیاسی كاری كۆمەڵایەتی و یەكڕیزی و ئاشتەوای ئامانجی سەرەكی لایەنەكان بێت".
بە گووتەی ئەو مامۆستای زانكۆ" دەركەوتنی هەندێك لایەنی سیاسی لەمدوایەدا، بەرەو لاوازبون دەچن، هەندیك كێشە لە هەرێمی كوردستان سەریان هەڵدا وەك كێشەی ناوخۆیی و دارایی و كێشەی نێوان كوردستان و عێراق و كێشەی سنووری لەگەڵ چەندین كێشەی دیكە، كە بوونە هۆی تێكچۆنی پەیوەندیەكان لە سەر هەموشویاندا كێشەی زۆری ئاوارە و پەنابەر لە سنووری هەندێك پارێزگا، بەڵام كێشەی سەرەكی لە كوردستان ئابووریە ئەگەر لایەنەكان بە تەواوی لەگەڵ یەك كاریان بكردایە بۆ بەرژەوەندی گشتی ئەو ساردبوونی پەیوەندیانە بەدینەدەكرا و ئەواكاتیش كاریگەریەكانی لەسەر كوردستان و شەقام دروست نەدەبوو".
گووتیشی" هەندێ لایەنی سیاسی ئاستیان كۆمەڵایەتی و سیاسییان لاوازە و قەبارەیان لەسەرخۆ بەرەو لاوازبون دەچێت، بۆیە ناچارە سیاسەتی دیكە بەكاربێن كە جوڵاندنی شەقامە بە هەر شێوەیەك بێت لە شێوەكان، وەك كۆبوونەوە یان لە رێگەی سۆشیال میدیایدا یان، ئەمە دەبێتە هۆكار پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكان بەرەوگرژی هەنگاو بنێن و كێشە دروست ببێت، لەگەڵ دروستبوونی قەیرانی دارایی هەندێك لایەن بۆ بەرژەوەندی خۆی هەوڵیاندا ئاڵۆزی دروست بكەن و كێشە بنێنەوە، ئەمەش مەبەستی خزمەتكردنی كۆمەڵایەتی نییە مەبەستی سەرەكی لاوازكردنی بەرامبەرەكەیەتی بە هەر رێگەیەك بێت".
ئاماژەشی بەوەدا" هۆكار زۆرن كە پەیوندییەكانی نێوان پارێزگاكان لاواز ببێت بەتایبەت لە ئێستادا باری دارایی یە ئەوەی دەكرێت بۆ ئاڵوزكردنی رەوشەكە و تێكدانی پەیوەندییەكان كاری كەسە لاوازەكانە كە ڕاكردنە لە كارە سەرەكی و راستەقینەكەی خۆی دەیەوێت لەپای راكردنەكەی لە راستی كێشە دروست بكات، هەمووكات هەوڵی ئەوەدەدات كە بەرامبەرەكەی لاواز بكات بەهۆی ئەوەی خۆی توانای بەهێزكردنی خۆی نییە كە ئەمە لە ئێستادا كێشەیەكە لایەن هەندێك لایەنی سیاسی كە بووە هۆی لاوازكردنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكان، ئەوەی هەوڵی تێكدان و دروستكردنی ئاڵوزی دەدات تەنیا لایەنە لاوازەكانن، بەهۆی ئەوەی لایەنە بەهێزەكان كار لەسەر باشتركردنی ژیانی هاووڵاتیان و توندكردنی پەویەندییە كۆمەڵایەتیەكان دەكەنەوە".
هاوكات، رەمەزان كیڤلی كە چاودێری سیاسی لە هەرێمی كوردستان بە زاری كرمانجی گووت" كاری سەرەكی هەموولایەنە سیاسیەكان دروستكردنی ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری كۆمەڵایەتیە لە هەموو وڵاتێكدا ئەمە رەنگدانەوەی هەیە، بەڵام زۆر بەداخەوە لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەك لایەنی سیاسی لە جێگای دروستكردنی كەشێكی ئارامی كۆمەڵایەتی كار لەسەر ئەوە دەكەن بەرێگای گروپ كار لەسەر تێكدانی شیرازەی كۆمەڵگە بكەن و بەربەست لەبەردەم پرۆژەی یەكتر دروست بیكەن بۆ ئەوەی سەركەوتوو نەبن بەرێگای جیاواز تا دەگاتە راگەیاندن، هەندێك لایەن دژی لایەنەكانی دیكە و كۆمەڵگە بەگشتی كار دەكەن بۆ تێكدانی پەیوەندییەكان، دژایەتی كردنی هەندێك لایەنی سیاسی وادەكات كە پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكان لاواز ببن لە نێوان هاووڵاتیانی شار و شارۆچكەكانی كوردستان، مەبەستی سەرەكی لەم كارە تەنیا دروستكردنی ئاڵوزی كۆمەڵایەتیە لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەبوونی مەرامی تەسكی سیاسیە دوور لە بەرژەوەندی گشتی".
زیاتر گووتی" لە قوناغەكانی رابردوو دا لە سەردەمی شۆڕشەكان زۆر جار كەسێكی دەڤەری راپەرین لە زاخۆ شەهید دەبوو كەسێكی دهۆك لە هەولێر پەیوەندی زۆر باش هەبوون لەو سەرەدەمەدا كە ئارمانجیان كوردستانی بوو، بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا ئەو فۆرمەی یەكتر قبولكردن نەماوە و لاواز بووە و لەبری یەك رێزی و خۆشەویستی شارەكان بۆیەكتری، رۆژانە بەشێوەی جۆرا و جۆر هەوڵی شكاندنی یەكتر دەدرێت".
چیان كوردستانی، چاڵاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنی بە زاری كرمانجی گووت" ئەو بابەتە لە كوردستان بۆ چەند هۆكارێك دەگەرێتەوە خاڵی یەكەم ژیانی سیاسی لە كوردستان بووە بەشێك لە ژیانی كۆمەڵایەتی و وەك هەندێك لایەنی دیكە نییە كە سیاسەت تەنیا بۆ سیاسەتمەدارەكان بێت، بۆیە لێك نزیك بوون و دووركەوتنەوەی لایەنە سیاسیەكان راستەوخۆ كاریگەری لەسەر تاكی كۆمەڵگە دەبێت، خاڵی دووەم تا ئێستا كاریگەری شەڕی براكوژی و ناوخۆ ماوەتەوە، بە تایبەتی لەلای بەشێك لە هاووڵاتیان و هەركاتێك باس لە تێكچۆنی پەیوەندیە سیاییەكان بكرێت كاریگەری راستوخۆ لەسەر كۆمەڵگە دروست دەكات، هەروەها هەندیك لایەن كار لەسەر ئاڵوزكردنی ژیانی هاووڵاتیان دەكەن و تاڕادەیەك توانیویانە ئامانجەكەیان بپێكن".
لەو بارەیەوە، رێباز یوسف، چاڵاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە هەولێر بە زاری كرمانجی راگەیاند" پێموایە لە ئێستادا هەموو لایەنە سیاسیەكان كە لە كۆمەڵێك قەیراندا دەژین وەك قەیرانی نیشتیمانی و دارایی و ئێستا لە هەموو كاتێك پێویست ترە سەرجەم هێزە سیاسییەكانی كوردستان رەچاوی بار و گوزارەنی خەڵكی كوردستان بكەن و رەچاوی باری گشتی و هەستی نەتەوەیی و رەچاوی بواری كۆمەڵایەتی هەموو كوردستان بكەن".
رێباز دووپاتی كردەوە" پێویستە ئەو ناكۆكی و ململانێیەی لەنێوان هێزە سیاسییەكاندا هەیە دانەبەزێت بۆ ئاستی خوارەو كۆمەڵگەی مەدەنی بەداخێكی زۆرەوە ئەوەی لە ماوەی رابردوو دابینیمان هەموو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان كۆك نەبوونە لەسەر ئەوەی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی دروست بكەن، لە كوردستان بویە لە كەمترین رووداودا شارچیەتی بە روونی هەستی پێ‌ دەكرێت".
گووتیشی" پێویستە لەم قوناغەدا لایەنە سیاسیەكان رەچاوی باری گشتی بكەن رێگا بە لایەنەگرانی نەدەن كە پەنا بۆ شكاندنی یەكتر ببەن، بەهۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان ژمارەیەی پارێزگاكان چوارە نابێت ببیتە هۆی تێكچۆنی پەیوەندییەكان بەهۆی لایەنە سیاسییەكانەوە نابێت لەسەر لایەنە سیاسیەكان هونەرمەندان و شاعیران و كۆمەڵگە تووشی گرژی و ئاڵوزی ببن و پەیوەندییەكانیان لەناوبچێت".

 

زۆرترین بینراو