سیتین لە بەرشەلۆنە بەردەوام دەبێت

سیتین لە بەرشەلۆنە بەردەوام دەبێت

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: سەرەرای لەدەستدانی نازناوی لالیگا دەستەی كارگێری یانەی بەرشەلۆنە بڕیاری مانەوەی كیكێ سیتێنی راهێنەری یانەكەیدا.
دوای كۆبوونەوەی نێوان جۆزێپ ماریا بارتۆمیۆ، سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنەو سیتێن، بڕیاری مانەوەو پاڵپشتیكردنی راهێنەرەكە درا بۆ ئەوەی لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپادا سەرپەرشتی یانەكە بكات.
بەپێی میدیای ئیسپانیا، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی یانەكەوە كراوەو سیتێن دووپاتیكردۆتەوە، یانەكەی لە توانای دا هەیە ركابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەكان بكات.
لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە بڕیاری داوە پاڵپشتی سیتێن بكات، بۆ ئەوەی تیپەكەی بەباشی بۆ بەرامبەر ناپۆلی لە یاری گەڕانەوەی قۆناغی شازدەی چامپیۆنزلیگ بكات, رۆژنامەی مۆندۆ دیپەرتیڤۆ و پێگەی ڕاك وەنی ئیسپانی، ئاماژەیان بەوە كردووە بارتۆمیۆ نایەوێت بڕیاری بەپەلە بدات، بۆیە بە كیكێ سێتیێنی گوتووە" بەردەوام دەبی لەگەڵ یانەكە پڕۆژەكەی من تۆ بەڕێوەی دەبەی".
بۆ ئەوەی یانەكە بە ئارامییەكی باشەوە بۆ یارییەكە ئامادەبێت، سەرۆكی بەرشەلۆنە بڕیاری داوە دوای یارییەكەی بەرامبەر ئالاڤێش لە گەڕی كۆتایی لالیگا، هەفتەیەك پشوو بە یانەكە بدات.
بڕیاری هێشتنەوەی سیتێن لە راهێنەرایەتیكردنی بەرشە لەكاتێكدایە، میدیای ئیسپانیا بڵاویكردبووەوە، كە ئەو راهێنەرە دووردەخرێتەوەو فرانسیسكۆ گارسیا بیمینتا، راهێنەری تیپی لاوان دەبێتە راهێنەری یانەكە.
بەرشەلۆنە دوای ئەوەی لە گەڕی پێش كۆتایی لالیگادا لە یاریگەی خۆی بەرامبەر ئۆساسۆنا دۆڕاو ریال مەدریدیش لە ڤیاریالی بردەوە، نازناوی لالیگای لە بەرژەوەندی یانەی شاهانە لەدەستدا.
دوای یارییەكە لیۆنێل مێسی بۆ رۆژنامەوانان قسەیكردو گووتی" ئەگەر ئەم ئاستە دووبارە بكەینەوە لە چامپیۆنزلیگیش دەردەكرێین، ئەمەش دەنگۆی دوورخستنەوەی راهێنەری یانەكەی زیاتر كرد.
ئەمەو دوای شكستی بەرشە بەرامبەر ئۆساسۆنا بەرزبوونەوەی جیاوازی خاڵەكان لەگەڵ ریال مەدرید بۆ حەوت خاڵ، هاندەرانی بەرشە فشارێكی زۆریان بۆسەر یانەكە دەستپێكرد تا گۆڕانكاری لە یانەكە بكرێت پێش ئەوەی رووبەڕووی ناپۆلی ببنەوە.

زۆرترین بینراو