سێبەری كەسی یان كەسایەتی سێبەر

د.خالس ئەحمەد

پێناسەیەكی كورتی كەسایەتی دەكات و دەڵێت" كەسایەتی مرۆڤ وا پێناسە دەكرێت بریتییە لەو رووەی كەسەكە پیشانی خەڵك دەدات، زۆر جار بە ماسك دەچوێندرێت كە لە لەسەر روو دادەندرێت، سێبەری كەسی هەموو ئەو بەشانەی كەسایەتی مرۆڤە كە دەشاردرێتەوە و كەسەكە نایەوێت ببینێت و دەریبخات بۆ خەڵك، هەموو ئەو بیر و هەست و كردارانە دەخرێنە نێو تاریكی سێبەری كەسایەتی كەسەكە، كەسایەتی سێبەر، شتێكی ئاساییە لە ئەنجامی گەشە و پەروەردەی كەسەكان دروست دەبێت، لە هەموو كەسێكدا بریتییە لە رووە شاراوەكەی كەسایەتی مرۆڤەكە، كە لە قوڵایی ناخیدا و بێ ئاگاییدا حەشاردراوە، بەڵام هەر كات دەرفەتی بۆ رەخسا هاندەرێك هەبوو ختوكە درا، دەردەكەوێت و دێتە سەر شانۆی ژیانی كەسەكە و خۆی پیشان دەدات، بۆ نموونە كاتێك تۆ لەنێو خێزانێكی مرۆڤ دۆست و هاوكار گەورە بوویت یارمەتیدانی خەڵك دەبێتە بەشێك لە كەسایەتیت ئەوە خەسڵەتێكی باش و ویستراوە و شانازی پێوە دەكەین، بەڵام لەگەڵ ئەودا گووتنی نەخێر بەڕووی كەسەكاندا دەبێتە بەشێك لە سێبەر و پاڵدەدرێت بۆ قوڵایی ناخ بۆ حەشاردانی، لەبەرچی ئەمە روودەدات؟ چونكە دەترسێین بڵێین نەخێر، لەبەر ئەوەی ئەگەر بڵێین نەخێر لەوانەیە كەسەكە ئازار بكێشێت ئەوەش لەگەڵ بەهای ئێمە ناگونجێت، یاخود ئەگەر بڵێین نەخێر لەوانەیە ئەو كەسە ئێمەی لا پەسند نەبێت، لەئەنجام كەسێك دەردەچین ناتوانین بە خەڵك بڵێین نەخێر و زۆرجار دەبینە قوربانی، هەر چەند نەتوانین و كاتیشمان نەبێت هەر هاوكاری خەڵك دەكەین، بەشێكی تری گرفتەكە لەو نموونەیەدا ئەوەیە كە كاتێك دەبینین كەسێك ئامادە نییە هاوكاری خەڵك بكات و دەڵێت نەخێر، لەو حاڵەتەدا ئێمە زۆر توند بەرووی ئەو كەسە دەتەقینەوە و بەخراپ ناوی دەبەین، هەر چەند ئەو كەسە هیچی خراپی بەرامبەرمان نەكردووە تەنها نەیویستووە یارمەتی بدات، بەڵام لەبەر ئەوەی لەناخی ئێمەدا لە كەسایەتی سێبەرماندا ئەو ویستە هەیە كە بڵێین نەخێر، بەڵام دەترسێین وابڵێن جا كاتێك دەبینێت كەسێك وا دەڵێت ئەوەمان پیشان دەدات كە لەناخی خۆماندا حەشارمانداوە زۆر توڕە دەبین و كۆنتڕۆڵی خۆمان لەدەست دەدەین. زاینی كەسایەتی سێبەر بۆچی باشە، شارەزا دەبین بە بەشە شاراوەكانی كەسایەتیمان، ئەو كات وڵامدانەوەمان بۆ رەفتارەكانی خەڵك ئاساییتر و گونجاوتر دەبێت، دەتوانین بەشێوەی خۆ ویستانە و بە ئاگاییەوە ئەو خەسڵەتانەی لە كەسایەتی سێبەرماندا هەیە، بیانهێنینە سەر شانۆی ژیانمان و بەشداریان پێبكەین بەشێوەیەكی گونجاو و رێكخراو، بۆ نموونە بەڵێ زۆر گرنگە بەڕێز بین، بەڵام پێویستە راستییەكانیش دەربخەین، پێویستە هاوكاربین بەڵام ئەگەر نەكرا و گونجاو نەبوو بۆمان پێویستە بڵێین نەخێر ببورە جارێ ناتوانم، كاتێك حوكم لەسەر كەسێك دەدەین بزانین، ئەوە حوكمدانە لەسەر كەسایەتی سێبەری خۆمان، پەیوەندی بەكەسەكەوە نییە، هەڵچوون و توڕەبوونمان، رەنگدانەوەی ویستە شاراوەكانی ناخمانە كە نەمانویستووە بیزانین و جێ بەجێی بكەین،  سێبەری كەسێتی بەربەستێكە لەبەردەم گەورەبوونی هەڵوێست و رەفتارمان لەبەردەم پێگەشتنمان، چونكە كەسی پێگەشتوو پێویستە بەرێز بێت و راستیەكانیش بڵێت، پێویستە رۆحی هاوكاری هەبێت و خۆشی داوای هاوكاری بكات كە پێویستی بوو".