
سێ ڕۆژە هیچ کەسێك تووشی کۆرۆنا نەبووە
زاری کرمانجی - سۆران: لە سنووری هەردوو قەزای سۆران و رواندز لە ماوەی 72 كاتژمێری رابردوودا، هیچ كەسێك تووشی كۆرۆنا نەهاتووە و بەرپرسێكی تەندرووستیش كەم بوونەوەی كۆرۆنا، بە هەواڵێكی دڵخۆشكەر دەزانێ .
جەواد مەهدی، بەڕێوەبەری سەنتەری كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشیە گوازراوەكان لە سۆران بە زاری كرمانجی راگەیاند" نەخۆشی كۆرۆنا رۆژ بە رۆژ لە سنوورەكەمان روو لە كەمبوونەوە دەكات، بەشێوەیەك لە ماوەی سێ ڕۆژی رابردوودا ، لە سنووری قەزای سۆران و رواندز هیچ کەس تووشی كۆرۆنا نەبووە، كەم بوونەوەی حاڵەتی تووش بوون بە كۆرۆنا جێگەی دڵخۆشییە و رێكارەكانی تەندرووستیش تا ڕادەیەكی باش هۆكارن .
زیاتر گووتی" لە دەستپێكی پەیدا بوونی كۆرۆنا تا ئێستا، زیاتر لە 5 هەزار و پێنج سەد كەس لە سۆران و رواندز تووشی كۆرۆنا هاتوونە، لەو ڕێژەیەدا 109 كەس بە كۆرۆنا گیانی لە دەستداوە و هەزاران كەسیش لە كۆرۆنا چاكبوونەتەوە و كۆرۆنایان نەماوە .