سەختی ژیان ئێزدییەكان ناچار دەكات چیای شنگال چۆڵ بكەن

سەختی ژیان ئێزدییەكان ناچار دەكات چیای شنگال چۆڵ بكەن

رەمەزان هەرنی – زاری كرمانجی: بەهۆی زۆری ژمارەی چەكداران لە شنگاڵ و دەورووبەری خێزانە ئاوارەكانی ئێزدی نایانەوێت بگەرێنەوە بۆ شنگاڵ لەبەر ئەوەی نە خزمەتگوزاری هەیە نە ئارامی، بۆیە مەترسی هەیە ئەوانەی گەراونەتەوەش ئاوارەی ناو كەمپەكان ببنەوە.
عەلی عومەر، جێگری پارێزگاری مووسڵ بە زاری كرمانجی راگەیاند" ئاوارە ئێزدییەكان ناتوانن بگەرێنەوە سەر چیای شنگاڵ، لەبەر ئەوە مەترسی هەیە گۆڕانكاری لە دیمۆگرافیای چیای شنگاڵ دروست ببێت".
زیاتر گووتی " وەك ئیدارەی پارێزگای مووسڵ لە هەوڵی بەردەوام داین بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ شنگاڵ تا هیچ گۆڕانكارییەكی دیمۆگرافی دروست نەبێت، بەڵام بڕیاری كۆتایی لای خێزانە ئاوارەكانە، ناتوانین كەس بە گوشار خستنە سەر بگەرێنینەوە سەر ماڵەكەی" .
گووتیشی" تا ئێستا هیچ یارمەتییەك بۆ ئەو خێزانە ئاوارانە نەبووە، كە گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵیان، ئەمەش هۆكاری سەرەكییە كە رێژەی گەڕانەوەی ئاوارەكان زۆر كەمە و لە ئاستی پێویست نییە، تا ئێستا نزیكەی 200 هەزار ئاوارەی ئێزدیی لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن بەهۆی نەبوونی ئارامی شنگاڵ و ناوچەكە نەیانتوانیوە بگەرێنەوە" .
ئاماژەی بەوەشكرد " زۆر هۆكاری تر هەیە كە ئاوارە ئێزدییەكان نەتوانن بگەرێنەوە، وەك نەبوونی ئارامی و خزمەتگوزاری و ژمارەیەكی زۆر خانووی هاووڵاتییان تا ئێستاش هەر بە رووخاوی ماونەتەوەو نۆژەن نەكراونەتەوە، لەلایەكی ترەوە ژمارەیەكی زۆری چەكداری هەیە جگە لە چەكداری داعش ئەمانە هەموو هۆكارن كە ئاوارە ئێزدییەكان نەگەڕاونەتەوە" .

 

زۆرترین بینراو