سەدر ترسنۆك نەبوو

پەرژین جەعفەر
موقتەدا سەدر پێچەوانەی هەموو سەركردەكانی عێراق لە دوای ٢٠٠٣ەوە سیاسەتی كرد، لە دوای بەعسی و جیهادییەكانی عێراق یەكەم هێزی ڕكابەری ئەمریكییەكان بوو تا ئاستی خوێنڕشتنی هەردوو لا وەك ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٤ ڕوویدا هێزەكەی مەهدی سەدر لە هەموو ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق بوون بە ئامانجی هێزە ئەمریكیەكان، ئیدی سەدر وردە وردە بووە پاڵەوانێكی جیاواز لە سیاسەتی نوێی عێراق، شەقامی كرد بە موڵكی خۆی و ڕای گشتی شیعەی بە ئاڕاستەیەك بۆ خۆی كێشكرد لە دواین هەڵبژاردنی عێراق پێشوەختەی ٢٠٢١ بەرهەمی ئەم شەقامەی عێراقی چنیەوەو بووە تاكە هێزی زۆرینەی شیعە كە ٧٦ كورسی پەرلەمانی مسۆگەر كرد.
قۆناغی ئێستای سەدر جیاوازە لەگەڵ ٢٠٠٤ و سەرەتایی ڕووبەڕووبوونەوەكانی لەگەڵ هێزە عێراقیەكان و ئەمریكییەكان، ئێستا ئەم سەركردە شیعیە جیاوازتر بیر دەكاتەوە نەیانهێشت زۆرینەكەی تام بكات و حكومەتێكی نیشتیمانی دروست بكات، بۆیە بەیەك بڕیار سەرجەم پەرلەمانتارانی خۆی كشاندەوە و دەست لەكاركێشانەوەی پێان واژوو كرد كە بووە سەرەتایەكی نوێ لە ژیانی پەرلەمانی لە عێراقدا، بەمەش نەوەستا هێزی خۆی نوێژی یەك ملیۆنی هەینی لە بەغدا ئەنجامدا، ئەم سەركردەیە لە یەك ژووری سادەی گەڕەكی حەنانەی شاری نەجەف بە تویتێك یاخود بە پەیامێك لە رێگەی وەكیلەكانیەوە بەشیی زۆری عێراقیەكان بەو ئاڕاستەیە دەبات كە دەیەوێ.  وەك ئەوەی ئەمڕۆ لایەنگرانی خۆی هێنایەوە سەرشەقام و پەیامێكی گەیاند و پەرلەمانی لە بەغدا بە لایەنگرانی داگیركرد و بەناوی خۆپیشاندانی هێمنانە بە لایەنە شیعەكان(چوارچێوەی هەماهەنگی) گوت: تاڵاوی دۆڕاندتان پێ دەچێژین.
كێشەی زورینەی نوخبەی سیاسی لە عێراق ئەوەیە كە درك بەوە ناكەن سەدر چی دەوێ؟ ئەگەریش بەپێی تۆمارە دەنگیەكەی مالیكی بێت كە دەڵێ سەدر خوێنڕشتنی دەوێ و ترسنۆكە خوێندنەوەیەكی زۆر هەڵەیە، سەدر سەكردەیەكی هەڵكەوتەی نێو ژینگەیەكی تەسكی شیعەییە و دەیەوێ جۆرێكی دیكە سیاسەت بكات ئەو نایەوێ هەمان رێچكەی سیاسەتی شكست خواردووی پێشووتری عێراق دووبارە بكاتەوە ئەو دەیەوێ ئەو مۆدێلە دروست بكات كە دواتر ئەو ژمارەی لەشەقام لەگەڵیدا نییە دیسان رابكێشێتەوە ناو گرووپەكانی خۆی و دواتر لە رێگەی ئەم نفوزە گەورەیەوە دەست بەسەر نەجەف و عێراق دا بگرێت نەك تەنیا دەسەڵاتی حكومڕانی.
ئەم پەیامەی دەست بەسەردا گرتنی پەرلەمانی عێراق لەلایەن لایەنگرانی سەدرەوە كۆتا پەیام نییە و ئەگەر لایەنە شیعیەكانی تر نەیەنە ژێر باری خواستەكانی سەدر ئەوا هیچ سەقامگیرییەك لە بەغدا نابیندرێت و ڕەوشەكە بەرەو خراپتر دەچێت.