سەرتاشێك بێ بەرامبەر سەری كەسانی كەم درامەت و نەخۆش چاك دەكات

سەرتاشێك بێ بەرامبەر سەری كەسانی كەم درامەت و نەخۆش چاك دەكات

 

مەهدی محەممەد - رواندز : محەممەد عیسا جرجیس ی تەمەن 23 ساڵ، ماوەی 5 ساڵە كاری سەرتاشی دەكات و لە ئێستادا خاوەنی سەرتاشخانەی تایبەتی خۆیەتی و 5 گەنجیش لای ئەو كار دەكەن، محەممەد لەگەڵ كردنەوەی سەرتاشخانەكەی بریاریداوە بێ بەرامبەر سەری كەسانی بێ دەرامەت و نەخۆش چاك بكات، ئەو لە واڵەكەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك رایگەیاندووە گەر نەخۆشەكان لە ماڵەوەش بن ئێمە دەچینە لای و سەری بۆ چاك دەكەین.
محەممەد هۆكاری ئەو كارە مرۆیەیی بۆ خراپی بارودۆخی ئابووری هاوشارییانی دەگەڕێنێتەوەو باس لەوە دەكات كە پێشتر چەندینجار ئەو حالەتی بینیووە، خەڵكانێك كاتێ سەریان چاككردووە داوایان كردووە پارەی كەمتر بدەن و منداڵیشی بینیووە بە قەرز سەری چاككردووە تاكو باوكی مووچە وەردەگرێ، محەممەد دەڵێ‌"ئەو حاڵەتانە زۆر ئازاریان دەدام، بۆیە وتم گەر ببمە خاوەن سەرتاشخانەی خۆم، شەرت بێ سەری خەڵكانی هەژار و نەخۆش بە بێ بەرامبەر چاك بكەم، خۆ هەموو شتێك هەر تەنها پارە وەرگرتن نییە، ئەی نابێ مرۆڤیش هەندێ كاری مرۆیی جوان بكات و ئاگایی لە خەڵكی هەژار بێ، ئەوە بۆ من گەورەترین سەرماییە"،  
محەممەد باس لەوەش دەكات ئەو ئۆڤەرە لەگەڵ ژیانی ئەو بەردەوام دەبێ و كارە خێرخوازییەكەشی فراوانتر دەكات و لەهەر شوێنێك هەژار و نەخۆشێك پێویستیان بەو هەبێ، سێ و دووی لێ ناكات و دەگاتە لایان.
محەممەد بەوەشەوە نەوەستاوەو لە دەرگای زۆر لە قوتابخانەكانی شاریشی داوەو بێ بەرامبەر سەری قوتابیان و خوێندكارانی چاككردووەو لە ئایندەش بیری لەوە كردۆتەوە چەند خولێكی فێربوونی سەرتاشی بۆ گەنجانی شار بە بێ بەرامبەر بكاتەوە.
سەرتاشخانەی حەمە ستایل لە پێناو بەردەوامبوون لەو كارە مرۆیی و خێرخوازییەیی خۆی، لە خوا پێداوانی شار داواكارە هاوكاری بن لە دابینكردنی هەندێ پێداویستی سەرتاشخانەكەی .   

 

زۆرترین بینراو