سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ بەغدا و توركیا كاردانەوەی ئەرێنی بەدوای خۆی هێنا

سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ بەغدا و توركیا كاردانەوەی ئەرێنی بەدوای خۆی هێنا

بەرەڤان شاكر سلێـمان لاچ: دوای دەست بەكاربوونی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان، هەفتەی رابردوو وەك یەكەمین سەردانی دوای دەست بەكاربوونی بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و لەگەڵ هەر یەك لە سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبوویەوە، ئەم سەردانەی سەرۆكی هەرێم دەنگدانەوەی ناوخۆ و دەرەوەی بە داوای خۆدا هێنا، بەشێك لە چاودێران بە سەردانێكی گرنگی و بایەخداری دەزانن، بەشێكی تریش بە سەردانێكی ئاسایی دەبینن، پێیان وایە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بە سەردانێك و چەند سەردان چارەسەر نابن.
شەهلا ساڵح مامۆستا لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی سۆران سەبارەت بە سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا دەڵێت " سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەردانێكی گرنگە، چونكە دوای روودواوەكانی 16ی ئۆكتوبەر پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا ئاڵۆزی تێكەوت، بەڵام دواتر لە رێگەی گرتنەبەری سیاسەتێكی نەرمەوە نێچیرڤان بارزانی توانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بگەینێتە قۆناغێكی باش، هەڵبەت ئەم بەرەوپێشچوونەی پەیوەندییەكان دەرئەنجامی باشی هەبوو".
بەڵام شەهلا ساڵح پێیوایە تا بڕگە و ماددەكانی دەستوور وەك خۆی چارەسەر نەكرێن كێشەكان وەك خۆی دەمێننەوە ئەو زیاتر گووتی " كێشەی نێوان هەولێر و بەغدا كێشەی نێوان ناوەند و هەرێمە لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی فیدراڵیدا. هەتا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە دەستووری هەمیشەی عێراقدا رێكنەخرێت و ئەو ماددە و بڕگە دەستووریانەش كە هەن جێبەجێ نەكرێن، كێشەكانی نێوانیان چارەسەر نابن. چونكە لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا تەواوی چارەسەرییەكان دیاریكراون، ئەگەر هەر دوولا پابەندبن بە دەستوورەوە گرژی ناكەوێتە پەیوەندییەكانیان. چارەسەری ریشەیی ئەوەیە هەموو لایەنەكان پەیوەندییەكانیان بە دەستوور رێكبخەن و پابەند بن بەو دەستوورەوە، چونكە ئەمە پەیوەست نییە بە كەسایەتییەك، بەڵكو كێشەیەكی گوازراوەی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانە. تەنها بەیەك سەردان هەموو كێشەكان چارەسەر نابن و لایەنەكان ناتوانن بگەنە رێككەوتن".
بە بۆچوونی یاسا ناسان سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم گرنگی و بایەخی خۆی دەبێت، مافپەروەر جەواد ستۆپەیی پێیوایە ئەم سەردانەی سەرۆكی هەرێم وەك نیازپاكی دادەنرێت بۆ رێككەوتنێكی تەندروست لەگەڵ حكومەتی ناوەندی، ئەو زیاتر دەڵێت " سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم لە رووی یاساییەوە گرنگی خۆی دەبێت، چونكە بەشێكی زۆری كێشەكانی نێوان بەغدا و هەرێم كێشەی یاسایین، یەك لە بابەتە هەرە هەنوكەییەكان مەسەلەی سكاڵای وەزارەتی نەوتی عێراقە، ئەگەر یاسای نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەربچێت لەوانەیە بەشێكی زۆری دەسەڵاتەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كەم بكرێنەوە. جگە لەوەی ئەم سەردانەی سەرۆكی هەرێم وەك نیازپاكییەك دادەنرێت بۆ چارەسەركردنی كێشە یاساییەكانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان".
چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنیش ئەم سەردانەی سەرۆكی هەرێم بە هەنگاوێكی ئەرێنی باس دەكەن و پێیانوایە پێویستە بەش هزرێكی سیاسی سەردەمیانە كێشەكان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی چارەسەر بكرێن، هەروەك رۆژگار موحسن، چالاكوانی بواری مەدەنی دەڵێت " هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا دەبێت، پێویستی گرنگی بە پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی بدات، چونكە دواجار بەرژەوەندییەكان بە یەكتریان دەبەستێتەوە. دەكرێت گرنتی ناردنی مووچە و بوودجە زیاتر بكرێت. دواجاریش ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەكانی هەردوو لا سوودی دوو لایەنی هەیە".
دوای سەردانەكەی بەغدا، سەرۆكی هەرێم وەك یەكەم سەردانی فەرمی بۆ دەرەوەی عێراق لەسەر بانگهێشتی فەرمی سەرۆك كۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان گەیشتە كۆشكی كۆماری توركیا ئەم سەردانەش لە ناوەندەكانی دیپلۆماسی و رۆشنبیری سیاسی كاردانەوەی زۆری هەبوو، شەهلا ساڵح لەمبارەوە دەڵێت " سەردانی سەرۆكی هەرێم هەنگاوێكی باشە بۆ زیاتر لەیەك نزیك بوونەوەیان. هەرچەندە زانیارییەكی كەم بڵاوكراوەتەوە لەسەر سەردانەكە، بەڵام زیاتر ئامانجی ئابوورییانەیە تا قسەكردن لەسەر پرسە سیاسییەكان. بەو هیوایەم ئەم سەردانە دەستكەوتی باشی تێدابێت بۆ گەلی كوردستان و ببێتە مایەی رێككەوتنی ستراتیژی لە بەرژەوەندی هەموو كوردستاندا بێت".
ئەو مامۆستایەی زانكۆ دەشڵێت " ئەم سەردانە هەوڵێكە بۆ ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانی هەرێم و ئەنقەرە. جێگای ئومێدیش ئەبێت كە بەرێز نێچیرڤان بارزانی لەرێگەی دیبلۆماسییەوە پەیوەندی هەریەكە لە هەولێر و ئەنقەرە و وڵاتانی تری دراوسێ بەهێزتر بكات، تا ببنە هۆی بەرەوپێشچوونی زیاتری هەرێم و بووژانەوەی كەرتی ئابووری بەشێوەیەكی گشتی و بەدەستهێنانی مافە سیاسی و نەتەوەییەكانمان".
جەواد ستۆپەیی بە ئومێدەوە دەڕوانێتە ئەم سەردانەی سەرۆكی هەرێم و پێیوایە " دوای رووداوەكانی 16ی ئوكتوبەر هەندێك گرژی و سستی كەوتە نێو پەیوەندییەكانی توركیاو هەرێم، پێموایە ئەم سەردانەی سەرۆكی هەرێم دەبێتە هۆی رەواندنەوەی زور لەم گرژیانە و توندوتۆڵ كردنی پەیوەندییەكان، چونكە ئەگەر لە رووی كردەییەوە سەیری پەیوەندی نێوان ئەم دوو لایەنە بكەین سەڕەڕای بوونی گرێبەستی درێژ خایەنی نەوت و گاز لە نێوانیان، پرۆژەیتری زۆر گرنگ و ستراتیجی لە نێوان هەرێم و توركیادا هەن، كە هەندێكیان دەستیان بە جێبەجێكردنیان كراوە و هەندێكیتریشیان خەریكە دەست پێ بكرێن، وەك كردنەوەی پێنج دەروازەی تری بازرگانی لەنێوان توركیا و هەرێمی كوردستان و دروست كردنی چەند بەنداوێك لە نێوان هەرێم و توركیا كە ئەم پرۆژە ستراتیجیانە گرنگی و كاریگەری خۆی دەبێت لەسەر پێشخستنی پەیوەندییەكانمان، بەتایبەتی لە رووی ئابووری بازرگانی و گەشتیاری و زور لایەنیتریش".
سەبارەت بە گرنگی سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ ئاسایكردنەوەی رەوشی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، شەهلا ساڵح دەڵێت "وای نابینم ئەوان بتوانن بگەنە رێككەوتنێك لەسەر پرسی دۆخی ناوچە سنوورییەكان، چونكە وەك ئاماژەی بۆ دراوە زیاتر سەردانەكە بەمەبەستی قسەكردنە لەسەر پەیوەندییە بازرگانییەكان بووە. دەبێت هەرێم بەشێوی هاوبەشی نیشتمانی لەگەڵ بەغدا كار لەسەر بەهێزبوونی ناوەند و هەرێم بكەن، تا لەم رێگەیەوە سەروەری خاكی هەرێم و عێراق بپارێزن و دۆخی سنوورەكان ئاسایی بكرێتەوە. هیوادارم دەنگی ئەو خەڵكە بەهەدەر نەڕوات كە متمانەیان بەخشیوەتە ئەم كابینەی حكومەت و سەرۆكی هەرێم".
لای خۆشیەوە رۆژگار موحسن پێیوایە " سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ توركیا دەرهاوێشتەی ئەرێنی دەبن، چونكە سەردانەكە تەنها سەردانێكی پڕۆتۆكۆڵی نەبووە، بەڵكو دەكرێت باس لە چەندین بابەتی گرنگ و بایەخدار بكرێت. گومانم لەوە نییە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشێكی گرنگی سەردانەكەی كردۆتە تەوەری دۆخی سەر سنوورەكانی كوردستان و توركیا، دەكرێت سەرۆكی هەرێم نیوانگیری بكات لە نێوان پەكەكە و توركیا بۆ ئەوەی دۆخی سنوورەكان ئاسایی ببێتەوە".

 

زۆرترین بینراو