سەرلەنوێ داگیركردنەوەی عێراق

بەهرۆز جەعفەر

خوێندكاری دكتۆرایە لە پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتییەكان
ئەندامە لە فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی

ئێوارەی ١٠ ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٩ ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەكگرتوەكان لەسەر داوای فەڕەنساو ئەڵمانیاو هۆڵەندا تایبەت بە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر باكوری خۆرهەڵاتی سوریا « ڕۆژئاوای كوردستان» كۆبونەوە. دەرەنجامی كۆبونەوەكە ئەوەیە ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكا و ڕووسیا ڕەتیان كردۆتەوە ئیدانەی هێرشەكانی توركیا بۆسەر سوریا بكەن. لێرەوە ئاڕاستەی تێگەیشتنەكان بۆ « ڕووداوەكان» و بۆ ئەو سەری ڕێگاكە دیارە كە ئەمەیە:
یەكەم؛ بەنیسبەت كوردەوە
لەلای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كورد دەوڵەت نییە، كە « دەوڵەت» یش نەبوی وەك كرێگرتە ڕۆژێك ئێران، ڕۆژ ێك ڕوسیا، ڕۆژ ێك ئەمریكا پارەو چەكت ئەداتێ و شەڕی بۆ ئەكەی. پێشمەرگەو شەڕڤان وێنە ڕاستەقینەكەی ئاوایە لای ئەوانەی داڕێژەرو دروستكەری بڕیارن.
دووەم: بەنیسبەت ڕووسیاو ئەمریكاوە
لەواقیعدا ڕووسیاو ئەمریكا لەسەرەتای قەیرانی سوریا و شەڕی داعشەوە لێك تێگەیشتنی هاوبەشیان هەیەو، بەرژەوەندی هاوبەش و پێكەوەییان لەناوچەكەدا هەیە. بڕیار نییە بەریەك بكەون تا ئەوكاتەی پێكەوە تەواوی هێزە هەرێمی و دەوڵەتەكانی ناوچەكە لە ڕووی ئابورییەوە لەت و پەت ئەكەن، بەتایبەت ئێران و توركیاو سعودییە، كەی ئەمانە تەواو بون لە ڕووی هێزی ئابورییەوە، ئینجا ناكۆكی نێوان ڕووسیاو ئەمریكا دەرئەكەوێت.
سێهەم؛ بەنیسبەت سوریاو ڕووداوەكانی عێراقەوە
بابەتی بونی هێزەكانی سوریای دیموكرات « قەسەدە» لە ڕۆژھەڵاتی فورات زیاتر لە چوار ساڵە توركیا بە هەڕەشەیەكی ڕاستەقینەی ئەزانێ بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی خۆی، دەیان جار لەم پێناوەدا ئەمریكا كاتی توركیای كوشتوەو دەستی دەستی پێكردوە. ئێستا ئەمریكا لە سوریا ناكشێتەوە وەك چۆن ڕووسیاش لە « گرگوس » ی سوریایە. بڕیارەو ئەبێت بە درێژایی (٣٠) كیلۆمەتر توركیا بێتە ناو باكوری سوریاوە!. بۆچی؟. لەبەرئەوەی ئەمریكا ئەو گڵۆپە سەوزەی بۆ هەڵكردوەو، دەستی ئەردۆگانی واڵاكردوەو توركیا ئەنێرێت تا داعش زیندوو بكاتەوە. بەتایبەتی (١٢٠٠٠) دوانزە هەزار دیلی داعش لەبەردەست هێزەكانی سوریای دیموكراتە لە ڕۆژئاوای كوردستان، جگە لە (٧٠) حەفتا هەزار ژن و منداڵی داعش بەگشتی. ئەوەی جێی وەبیر هێنانەوەیە ئەم هێرشەی توركیا بەگشتی كاتی و سنوردار ئەبێت لە سوریادا...
چوارەم؛ بۆچی داعش زیندوو ئەكەنەوە؟.
لەبەرئەوەی ئەمریكا ویستی دەستی ئێران لە عێراق ببڕێت ، سەركەوتو نەبو، حیزبی دەعوەیان پەرتكرد مالیكی ڕوو لە ئێران و عەبادی ڕوو لە ئەمریكا، سێ سەرۆكایەتی تازەی لە عێراق (٢٠١٨) دانا، ئەوانیش نەیانتوانی دەستی ئێران لە عێراق كەم بكەنەوە، لەكاتێكدا ئەو سێ سەرۆكایەتیە كۆتا كارتی ئەمریكا بو، ئینجا بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆردومانی حەشدی شەعبی و بارەگاكانی كرا، ئینجا ئەو خۆپیشاندانانەی بەدوادا هات كە لە (١ ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٩) ەوە هەرچی بارەگای حیزبە ئێرانیەكان و شیعەكان بو سوتاندیان، ئەوەش نەیتوانی ڕۆڵی ئێران لەعێراق كەم بكاتەوە. دواتر لەوپەڕی توڕەییدا ئەمریكا لەسەر مێزی بلاكجاكی قومارەكە قوتویەكی تری كردەوە تا یارییەكە بە قازانجی ئەو بێتەوە، ئەوەش بەو ئاڕاستەیەی كە توركیا بێتە ناوەوەی سوریاو لەو دیلانەی كە هەیەو لەو داعشسازییەی كە توركیا شارەزایەتی لەگەڵ قەتەر، داعشێكی ترسناكتر لەو داعشەی خولی پێشو زیندوو بكەنەوەو بیهێننەوە بۆ عێراق، بۆچی؟ بۆ ئەوەی بە بیانوی شەڕی داعشەوە ئەمریكا جارێكی تر سەرلەنوێ عێراق داگیربكاتەوەو، ئێرانی لێ بكاتە دەرەوە.
دۆناڵد ترامپ لە كۆتا تویتدا لە (١٠ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٩) دەڵێت، سێ ڕێگا هەیە، بەهێزەوە بگەڕێینەوە ناوچەكە، ئابوری توركیا وێران بكەین، نێوەندگیری نێوان كوردو توركیا بكەین...بژاردەی یەكەم هەڵدەبژێرن كە گەڕانەوەیە بۆ ناوچەكە كە سەراپا ئێران ڕۆڵی تیا هەیە.
لە كۆتاییدا، بۆ كورد كێشەی هەرە گەورە نەبونی دەوڵەتە، چارەسەری ڕیشەییش بۆ كێشەی كورد تەنها دروستبونی دەوڵەتە، چونكە نەبونی دەوڵەت هۆكاری سەرەكی ئەوەیە كە وەك ئەكتەری پلە سێ و پلە چوار ڕۆڵ بگێڕێت. بە نیسبەت نەوت و غازەكەی كوردستانەوە، كورد ئەتوانێ نەوتەكەی بە بۆڕی بباتە دەریای ناوەڕاست بێ ئەوەی بەخاكی توركیادا تێپەڕبێت، بەهەمان شێوە عێراقیش ئەتوانێ ئەو ڕێگەیە بەكاربهێنێت.

زۆرترین بینراو