سەرمایەی وڵات

زانا عەبدولباقی

گەورەترین سەرمایەی وڵاتان گەنجن، هەر وڵاتێك رێژەی گەنجان رێژەیەكی بەرزی كۆمەڵگه‌ پێك بهێنێت لەو وڵاتە پێشكەوتنی زیاتر و خێراتر روودەدەن.
كۆمەڵگه‌ی كوردی، یەكێكه‌ لە كۆمەڵگه‌ زۆر گەنجەكانە بەجورێك نزیكەی لە ٪٧٣ـی كۆمەڵگه‌ی كوردی لە گەنجان پێكهاتووە.
ـ كاریگەری گەنجان بەسەر وڵاتەكەیانەوە.
گەنجان هوكاری سەرەكی و هەرە گرنگی گەشەكردنی كۆمەڵگەن، بە بیروكەی گەنجان دەتوانرێ كۆمەڵگه‌یەكی مودێرن و زۆر پێشكەوتوو دروست بكرێت، وە دەتوانێ ببێت بە خاوەنی چەندین داهێنانی گەورە و باش، گەنج دەتوانێ وزە و توانای خۆی بخاتە ئیش بۆ پێشكەوتنی وڵاتەكەی، هێز و وزەی دەتوانێ گوڕانكاری گەورە ئەنجام بدات و ببێتە هۆی ئافراندنی ژیانێكی جوان و شایستە،
گەشەكردنی كۆمەڵگه‌ بریتییە لەو پرۆسە و كارانەی كە تاكەكان تێیدا هاوكار دەبن و شان بە شانی حكوومەت وزە و توانای خۆیان دەخەنە گەڕ بۆ پێشكەوتن و باشتركردنی بارودۆخی كۆمەڵگه‌، لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و ئابووری بۆ تەواوكردنی مانای كۆمەڵگه‌ و نەتەوە بە شێوەیەك كە توانای بەشداریكردنی لە پرۆسەی پێشكەوتنی نەتەوەییدا هەبێت.
بێ هیچ گومانێك ئەم گەشەكردنە كە پێی دەگوترێ گەشەكردنی كۆمەڵگه‌ پێویستی بە وزە و توانا و بیركردنەوەی گەنجانە.
ـ بۆچی گەنجی كورد نەبووەتە سەرمایە؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە من ناتوانم تەنیا لایەنێك دەست نیشان بكەم و بە تەنیا ئەو لایەنە بە بەرپرسیار بزانم بەڵكو من بە چەند خاڵێك وەڵامی ئەم پرسیارە دەدەمەوە،
- خۆدی گەنج: یەكەم تاكە بیركردنەوەی گەنج لێرە دامەزراندن و هەبوونی موچەیەكە لە جیاتی داهێنان و جیاوازی، تەنیا بیر لە بەدەست هێنانی بڕوانامە دەكاتەوە نەك فێربوون كە هیچیش فێرنەبوو واتای ئەوەیە كەڵكی نییە و شایەنی موچە وەرگرتنیش نییە. دووەم گەنجەكانمان رێگای خۆیان نادوزنەوە بەرەو هەموو رێگایەك هەنگاو دەنێن گەر شارەزاشی نەبن، سێییەم نەبوونی هیچ روحیەتێكی پێشكەوتن، چوارەم بیركردنەوە بە مێشكی تەقلیدی باوك و باپیرانمان، پێنجەم خۆ بەستنەوە بە چەندین شتی بێ كەڵك.
- خێزان؛ یەكەم لە نێو هیچ خزانێكی كورددا منداڵەكە ئازاد نییە، نە بە ئازادانە جوڵەدەكات و نە بە ئازادانە قسە دەكات، نە دەتوانێ بە ئازادانە تواناكانی نیشان بدات، دووەم هەموو دایك و باوكێك بە منداڵەكەیان دەڵێن كوڕم یان كچم، ببە بە دكتور یا ئەندازیار ژیانت خۆش دەبێت، كەسم نەبینی بە منداڵەكەی بڵێت ببە بە كەسێكی سەركەوتوو كە سودت بۆ كۆمەڵگه‌ و نیشتیمانەكەت هەبێت، سێیەم بەداخەوە بەشێكی زۆری خێزانی كورد جگە لە بەدەستهێنانی پارچە كاغەزێك كە پێی دەڵێن بڕوانامە بۆ هیچ شتێكی تر و بۆ هیچ خەون و ئامانجێك پشتگیری منداڵەكانیان ناكەن و هانیان بدەن تا وزەی خۆیان لە بەدی هێنانی خەون و خولیای خۆیان سەرف بكەن.
- كۆمەڵگه‌؛ یەكەم لە كۆمەڵگه‌كەماندا گەنج ترسێكی زۆری هەیە لە هەنگاوەكانی چونكە لێرە هیچ شتێكی نوێ و جیاواز قبول نییە هەمووی بێ رەوشتییە، دووەم جیا كردنەوەی كچان و كۆڕان لە نێو كۆمەڵگه‌ دەبێتە هۆی ئەوەی تەركیزی گەنجەكان زیاتر لەسەر پەیوەندییەكان بێت، سێیەم هەر كاتێك گەنج ویستی شتێك بكات جیاوازیەك دروست بكات، راستەوخۆ دەكەوێتە بەر هێرش و رەخنەی توندی كۆمەڵگه‌، جا هەندێك جنێوی پێ دەدەن و هەندێكیش سوكایەتی و هتد..، بە جورێك لە نێو كۆمەڵگه‌ی كوردیدا ئازادی بازنەیەكی زۆر بچوكە، كە ئازادیش نەبوو داهێنان و بەرەو پێشچونیش ئەستەمە.
- حكومەت؛ یەكەم و گرینگترین شت، گرنگی نەدان بە كەرتی تایبەت و رێكخراوی تایبەت بە لاوان، دووەم ئەكتیڤ نەبوونی وەزارەتی روشنبیری و لاوان، سێیەم سوود وەرنەگرتن لە تواناكانی گەنجان، تا ئێستا حكومەت نەیتوانیوە گەنج بكاتە سەرچاوەی وزە بۆ خۆی هەر وەك چون ئاو سەرچاوەی سەرەكی وزەی كارەبایە، چوارەم نەبوونی سیستەمێكی تەندروست كە گەنجی لێهاتو و زیرەك جیا بكاتەوە لە گەنجی بێ سوود، پێنجەم پەرە نەدان بە گەنجە لێهاتوەكان، شەشەم دانەنانی كەسانی شیاو بۆ شوێنی شیاو.
پێویستە دەست بكرێت بە راستكردنەوەی هەڵەكان لەلایەن حكومەت و خودی گەنجەكانیشەوە، گەر دامەزراندن كەم بێت با گرنگی دان بە فكر و هزری گەنج زۆربێت، ناكرێ تۆ ئەو سەرمایە گرنگەت هەبێ و گرنگی پێ نەدەی و گەنجەكان هەر ئاوا ببنە قوربانی سیاسەت و ململانێیەكان، تواناكانیا لەناو بچێت و هیچیشیان بۆ نەكرێت، وە پێویستە بزانین ئێمەی گەنجیش بەدەر نین لە هەڵە و كەم و كوڕی، هەموو هەڵەكان با نەخەینە ئەستوی دەورووبەر، وەرن با ئێمەش وەكو تاك لەگەڵ حكومەت پێكەوە رێگا هەڵەكان راستكەینەوە، ژیانێك نەژین بێ هیوا و ئاوات و خۆمان ون نەكەین، ئەگەر بۆ خۆشمان نەبێت بەڵام تكایە با پێكەوە جیلێكی روشنبیر و لێهاتوو پەروەردە بكەین داهاتوویان نەفەوتێنین تا داهاتووی نیشتیمانیش نەفەوتێت.

زۆرترین بینراو