سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان چی بكاتە پێشینەی كارەكانی خۆی؟

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان چی بكاتە پێشینەی كارەكانی خۆی؟

تایبەت بە زاری كرمانجی: ئەم راپۆڕتە وەك تەوەرەیەك بۆ وەرگرتنی بۆچوونی كەسانی شارەزا و پسپۆر لە توێژ و چینی جیاوە ئامادە كراوە بۆ خستنە رووی رایان لەسەر رابردووی كارەكانی رێزدار نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی حكومەت و پێشنیارەكانیان بۆ داهاتوو لە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان.
تیمەكەی نێچیرڤان بارزانی هەرێم بەرەو كوێ دەبا؟، ئەم پرسیارە لە هەموو ئەو بەرێزانە كراوە كە بۆچوونیان وەرگیراوە، ئاسۆ حاجی، نووسەر و رۆژنامەنووس لەمبارەوە گووتی " بە بۆچوونی من نێچیرڤان بارزانی لە سەر چوار ئاست كار بۆ زیاتر بەهێزكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان دەكات، بە كەڵك وەرگرتن لەو ئامراز و كەرستانەی لە بەردەست دان. ئاستی ناوخۆیی هەرێمی هەرێمی كوردستان كە گرنگترین هۆكارە بۆ بەهێز بوونەوەی هەرێمی كوردستان لە ناوخۆی عێڕاقدا، هەوڵدان بۆ دروستكردنی كۆدەنگییەكی نەتەوەیی و نیشتیمانی، هەروەها هاندانی لایەنەكان بۆ نووسینەوەی دەستوورێكی هەمیشەیی بۆ هەرێمی كوردستان كە نەبوونی بۆشایەكی گەورەی دروستكردووە لە بواری یاسادانان و هەموواركردنەوەی یاساكان، چونكە لە نەبوونی دەستوور لە هەردوو دۆخەكەدا بە ناچاری دەبێ بۆ دەستوری هەمیشەیی عێڕاق بگەڕێنەوە.
لە سەر ئاستی عێراقدا سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەو قۆناغەدا بە ئاراستەی دەستگرتن بە مافە دەستورییەكانی گەلی هەرێمی كوردستان هەنگاو بۆ راستكردنەوەی هێڵە گشتییەكانی سیاسەتی عێڕاق دەهاوێژێ، كە ئێستا زۆرینەیەكی مەزهەبی بە گوێرەی بەرژەوەندییەكانی خۆیان ئاراستەی دەكەن و سوودی لێ دەبینن.
لە سەر ئاستی هەرێمایەتیدا نێچیرڤان بارزانی كە لە ساڵانی رابردوو لە پێگەی سەرۆكایەتی حكومەتدا هەرێمی كوردستانی لە ناو هەموو ئاڵۆزییە هەرێمایەتییەكان و بەریەك كەوتنە سیاسی و سەربازییەكاندا توانی هەرێمی كوردستان وەك شوێنێكی ئارام و گەشەسەندو بهێڵێتەوە و پێشی بخات، لە پێگەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستاندا بە بۆچوونی من دەست كراوەتر دەبێت كە دەرئەنجام بە بەهێزتركردنی پەیوەندی هەرێمی كوردستان بە وڵاتانی دەوروبەر تەواو دەبێ.
لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیدا هەرێمی كوردستان گرنگی تایبەتی خۆی هەیە كە وەك هەرێمێكی دیار لە هەبوونی دیموكراسی و پێكەوە ژیانی نەتەوە و ئاینەكان پەنجەی بۆ درێژ دەكرێ، هەروەها بۆتە پەناگەیەك بۆ هەموو ئەو پێكهاتانەی كە لە بەشەكانی دیكەی عێڕاق هەڕەشەی لە ناوبردن و سڕینەوەی ناسنامەیان لێ دەكرێ وەك كرستیانەكان و مەندائییەكان.
هەروەها هەرێمی كوردستان وەك ناوچەیەكی گەشەسەندوو جێگای چاوی كۆمپانیا وەبەرهێنە جیهانییەكانە، سەڕەڕای ئەوانەش هەڵكەوتەی جیۆپۆلۆتیكی هەرێمی كوردستان بۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی گرنگی زۆری هەیە بۆیە لەو ڕووەشەوە دەرفەتی بەرەو پێشەوەچوون و بزاڤی زیاتر لە بەردەم سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستاندا هەیە، لە چەند مانگی داهاتووشدا ئەو لایەنە زیاتر وەدیار دەكەوێتەوە و هەولێر وەك پایتەختێكی گرنگی ناوچەكە دەبێتەوە بەشێك لە بزاڤی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی.
لە وەڵامی پرسیاری دووهەم كە ( بە گەڕانەوە بۆ رابردووی كار و چالاكییەكانی نێچیرڤان بارزانی و مامەڵەكردنی لەگەڵ دۆخە سەختە سیاسی، ئابووری، سەربازی و پەیوەندییەكان، تا چەند لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێ گەشە بە بوارەكان بدات؟، ئاسۆ حاجی دەڵێت" نێچیرڤان بارزانی لە ساڵانی كاركردنی وەك سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ژمارەیەك بنەمای گرنگی بۆ بەهێزكردن و مانەوەی هەرێمی كوردستان بە بەهێزییەوە دەستەبەر كرد، لە تێكەڵكردنی بەرژەوەندی وڵاتان بە بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و پێش هەمووشیانەوە وڵاتانی هەرێمی كە هاوكێشە كۆنەكانی پەیوەندی ئەو وڵاتانەی گۆڕی لە دۆخی دژایەتی كردنەوە بۆ دۆخی دۆستایەتی و هاوكاریكردن، ئەوەش دەرفەتێكی باشی بە هەرێمی كوردستاندا تا دەست بكات بە بنیاتنانی ئابوورییەكی سەربەخۆ و هەرێمی كوردستان بەهێزەوە بخاتە سەر نەخشەی وزەی جیهانی.
شەڕی داعش و هاتنی نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە لە سوریا و رۆژهەڵاتی كوردستان و ناوەڕاستی عێڕاق بۆ هەرێمی كوردستان، هەروەها بادانەوەی بەغدا لە مافە دەستورییەكانی خەڵكی كوردستان و بڕینی بودجە و مووچە هەرێمی كوردستانی تووشی دۆخێكی نەخوازراو و خراپ كرد، كە رووی لە هەر وڵاتێكی دیكە كردبا تووشی داڕوخان و لێك هەڵوەشانەوە دەبوو. بەڵام هەرێمی كوردستان بە لێزانی و كارزانی نێچیرڤان بارزانی و ئەو ستافەی كاریان لەگەڵ دەكرد توانی ئەو قۆناغە تێبپەڕێنێ و قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستانیش لە مەترسی بپارێزێ.
لامان گرنگ بوو ئەو پرسیارە لە بەرێزە بەشداربووەكانی ئەم تەوەرە بكەین كە ئاخۆ " سەرۆكایەتی هەرێم چ بكاتە پێشینەی كارەكانی خۆی؟" ئەم رۆژنامەنووسە لەمبارەوە گووتی " سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كاری هەرە لە پێشینەی بە ئاگا هێنانەوەی زۆرینەی دەست رۆیشتووی عیڕاقییە لە بەغدا لە مافە دەستوورییەكانی گەلی هەرێمی كوردستان، هەروەها كاركردنە بۆ بە‌هێزتر كردنی پێگەی هەرێمی كوردستان لە نیو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، نێچیرڤان بارزانی بە هەبوونی ئەزموونێكی دەوڵەمەند لە بواری دبلۆماسی و دروستكردنی پەیوەندی و دۆزینەوەی رێگای لێكتێگەیشتن لەگەڵ ركابەرەكانی، هەروەها بە بوونی پاڵپشتییەكی بەهێزی سەرۆك مەسعود بارزانی ئەو دەرفەتە بۆ هەرێمی كوردستان دەڕەخسێت و لە جاران بەهێزترەوە لە هاوكێشە سیاسی و ئابوورییەكانی ناوچەكە بەشێكی گرنگ دەبێت.
بە دڵنیاییەوە لەمپەر و كۆسپی زۆر دێنە پێشی و دژایەتیكردنی هەرێمی كوردستان و هەوڵدان بۆ دەستەمۆكردنی یا لەناوبردنی لەلایەن بەغدا و هەندێك وڵات و لایەن لە جاران رەنگە توندتر بێت، بەڵام مەرج نیە ئەوەیان وەك جاران بۆ بچێتە سەر".
مەهدی ئەمین ستونی، مامۆستای زانكۆ و خاوەن بڕوانامەی ماستەر و دوكتۆرا، لە وەڵامی پرسیاری" تیمەكەی نێچیرڤان بارزانی هەرێم بەرەو كوێ دەبات؟" گووتی " لەراستیدا كارەكە ئەوندە ئاسان نییە، چونكە ئەو ناوچەی كورد تێدا دەژێت ناوچەیەكی گرنگە بۆ دەوڵەتە هەرێمی و دەوڵەتانی زلهێز، هەریەك لەو دەوڵەتانەش كار دەكەن بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆیان لەو ناوچەیدا و كار بۆ بەدی هێنانی بەرژەوەندییەكانی خۆیان دەكەن, لەهەمانكاتدا بەرژەوەندی دۆستانی كورد وەك ئەمریكا و ئوروپا لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی كوردی تێدا دەژین زۆر گرنگتر و گەورەترە لەبەرژەوەندییەكانیان لەگەڵ كورد، بۆیە سیاسەتكردن لەو ئەدمسفیرەدا پێویستی بە سیاسییەكی هۆشیار و شارەزا هەیە، تا بتوانێت بەرژەوەندی گەل و وڵاتی خۆی بەپارێزێت. رێزدار نێچیرڤان بارزانی یەكێك لەو سیاسەتمەدارانەیە كە بە پیاوی دەوڵەت و پیاوێكی سیاسیی ناسراوە و خاون رۆیای تایبەتی خۆیەتی بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان، ئەوە زور روون و ئاشكرا بوو, لە دوای 2014 كاتێك كوردستان تووشی قیرانی سیاسی و ئابووری وسەربازی و دبلۆماسی بوو، بەتایبەت لە دوای رووداوی 16 ئۆكتۆبەر، بەڵام جەنابی توانی جارێكیتر كوردستان بگەرێنێتەوە بۆ نزیك لە دۆخی جاران.
لە رویەكی دیكەوە كاك نێچیرفان بارزانی تۆڕێكی زۆر بەهێزی هەیە، لە پەیوەندی لەگەڵ سەركردەكانی ناوخۆ و دەرەو دەتوانێت بەكاریان بێنیت بۆ گەشەپێدانی سیاسی و ئابووری لە هەرێمی كوردستان.
بەڵێ ئاستەنگەكان زۆرن لە بەردەم ئەركی نۆێی كاك نێچیرڤان بارزانی، بەڵام من گەشبینم كە سەركەوتوو دەبێت لە ئەركی نۆیی خۆیدا و زاڵ دەبێت لەسەر هەموو ئەو ئاستەنگانە, بەحكومی ئەو ئەزموونەی هەیەتی لەحكومڕانی رابردوو. ئەو مامۆستایەی زانكۆ لە وەڵامی ( بە خوێندنەوەی جەنابت بۆ كارەكانی رابردووی نێچیرڤان بارزانی لە حكومەت و مامەلە كردنی لەگەڵ دۆخە سەختە سیاسی، ئابووری، سەربازیی و پەیوەندییەكان تا چەند لە سەرۆكایەتی هەرێم دەتوانێت گەشە بە بوارەكان بدات؟)، گووتی" كاك نێچیرڤان دەتوانێت بەردەوامبێت لە گەشەپێدانی كوردستان لە هەموو بوارەكان، لەبەر ئەوەی وەك گووتمان ناوبراو خاوەن رۆیای تایبەتی خۆیەتی لە بەڕێوەبردن، لە هەمانكاتدا شێوازی بەڕێوەبردنی جێگای خۆشحاڵی دۆست و برادەرانی كوردە، ئەمەش باشترین بەڵەگە لە سەر ئەو راستییە. هەروەها ئەو هەموو پیروزباییە كە ئاراستەی جەنابی كرا لە لایەن سەركردەكانی جیهانی و پەیوەندی تەلەفۆنی لە كاتی هەڵبژاردنی بە سەرۆكی هەرێم، ئامادەبوونی ئەو هەموو مێوانانە لە ئاهەنگی گەورەی سوێند خواردنی. ئەمانە هەموو نیشانەی ئەوەیە كە ئەو كەسایەتییە جێگای قەبوڵكردن و سەركەوتنییەتی لەو سیاسەتەی پێرەوی دەكات, بۆیە دەتوانم بڵێم بە دڵنیاییەوە كاك نێچیرڤان وەك سەرۆكی هەرێم گەشە بەو بوارانە دەدات". بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە كە (
بە رای جەنابت سەرۆكایەتی هەرێم چ بكاتە ئەولەوییەتی كارەكانی خۆی؟) د. مەهدی ستونی مامۆستای زانكۆ گووتی " یەكێك لە گرنگترین ئەولەوییەتی سەرۆكی هەرێمی لەم قۆناغەدا، یەكخستنی ماڵی كوردی, بەبێ یەكخستن و رێكخستنی ماڵی كوردی ئەستەمە سەرۆكی هەرێم سەركەوتوو بێت لەئەركی خۆی. بەڵام ئەگەر توانی لەسەر ئەم ئاستەنگە زاڵ بێت، ئەوە ئەركی زۆر ئاسانتر دەبێت. ئەو جا دەتوانێت بە ئاسانی كار لەسەر ئەولەوییەتی دووەم بكات كە ئەویش سفركردنی كێشەكانە لەگەڵ بەغدا. با ئێمە واقعی بین, چونكە پێناسەی سیاسەت (فن الممكنات) و سیاسەت لەگەڵ واقع هەڵسوكەوت دەكات، بۆیە پێوستە لە قۆناغی دوای ریفڕاندۆم پەیوەندییەكان ئاسای بكرێنەوە، ئەو كێشانەی لە نێوان هەولێر و بەغدا هەن چارەسەر بكرێن، بە تایبەت یاسای نەوت وگاز و مادەی 140.
لەسەر ئاستی ناوخۆیی لە دوای یەكخستنی ماڵی كوردی. ئەولەویاتی سەرۆكی هەرێم دەبێت كار كردن بێت لەسەر یەكخستنی هێزی پێشمەرگە و دانانی دستوورێك بۆ هەرێم. بەو كارانە دۆستانی كوردستان پشگیری زیاتری هەرێمی كوردستان دەكەن و دەیپارێزن لە مەترسییەكانی ناوخۆ و دەرەوە.
بە بۆچوونی من زۆر گرنكە سەرۆكی هەرێم دارێشتنی پەلانێكی ئستراتیژی دوور مەودا كە لە پێنج ساڵ كەمتر نەبێت تا پازدە ساڵ بۆ هەرێمی كوردستان دابرێژێت و بیكاتە یەكێك لە ئەولەویاتی خۆی بۆ بەدیهێنانی رۆیاو ئامانجەكانی. بەڕاستی زۆر گرنگە دانانی پلانی ستراتیژی".
د. یاسین مەحموود چۆمانی، یەكێكترە لە بەشداربووانی ئەم تەوەرەو وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە، ئەو لە وەڵامی پرسیاری یەكەم كە (تیمەكەی نێچیرڤان بارزانی هەرێم بەرەو كوێ دەبات؟)، گووتی " هەردوو فاكتەری ناوخۆو دەرەكی كاریگەریان هەیە لەسەر پێگەی هەرێمی كوردستان لە هاوكێشە دەولی و هەرێمییەكان، فاكتەرە دەرەكییەكان وەك: پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتان بە تایبەتی وڵاتە زلهێزەكان و وڵاتانی هەرێمی و جوگرافیای سیاسی هەرێم.
فاكتەرە ناوخۆییەكان وەك: سیستەمی سیاسی و دامەزراوە سیاسی و ئابورییەكان و پارت و سەركردە سیاسییەكانی هەرێم.
سەرۆكی هەرێم وەك سەركردەیەكی سیاسی یەك لە فاكتەرە ناوخۆییە سەرەكییەكانی كاریگەرە لەسەر بەهێز بوونی پێگەی هەرێم، وە سەرۆكایەتی هەرێمیش دامەزراوەیەكی بەرپرسە لە نوێنەرایەتی كردنی هەرێم لە سیاسەتی دەولی و پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ وڵات و هەرێم و رێكخراوە جیهانییەكان. لێرە ئێمە باس لە پەیوەندی نێوان سەرۆكی هەرێم و ئەركە سەرەكییەكەی دەكەین كە سیاسەتی دەرەوەیە.
توێژەرە سیاسییەكان كۆمەڵێك فاكتەر بۆ دیاریكردنی رێژەی كاریگەری سەركردەی سیاسی لە سیاسەتی دەرەوەدا ئاماژە پێدەكەن، لەوانە: یەكەم: گرنگیدانی سەركردە بە سیاسەتی دەرەوە، ئەم گرنگیدانە دەگۆرێت لە سەركردەیەك بۆ سەركردەیەكی تر، بۆ نموونە سەرۆك كەنەدی لە ئەمریكاو سەرۆك جەمال عەبدولناسر لە مسر لەو سەركردانە بوونە كە گرنگییەكی زۆریان بە سیاسەتی دەرەوە داوە.
دووەم: كاریزمایی سەركردەی سیاسی، بە واتای كاریگەری سەركردە لە ناو كۆمەڵگادا.
سێیەم: ئەزموونی سەركردەی سیاسی لە كاروباری دەرەوەدا، واتا سەرۆكی وڵات پێشتر ئەزموونی سەرۆكی حكومەت یا وەزیری دەرەوەی وڵاتی هەبێت.
چوارەم: نەرمی سەركردە لە سیاسەتدا، واتە سەركردە ئەبێت نەرم بێت لە گۆڕینی راو بۆچوونەكانی كاتێك زانیاری دەست دەكەوێت لەسەر نا دروستی راو بۆچوونەكانی نەك بە پێچەوانەوە زانیارییەكان بگونجێنێت لەگەڵ راو بۆچوونە هەڵەكانی.
پێنجەم: پەیوەندی سەركردە لەگەڵ تەنگژە سیاسییەكان، تەنگژە رۆڵی سەركردە گەورە دەكات، چونكە تەنگژە لە سێ رەگەز پێك دێت (كتوپر، هەڕەشە، كەمی كات) واتا تەنگژە كتوپر روئەدات و پێشتر ئامادەكاری بۆ نەكراوەو دەبێتە هەرەشەیەكیش بۆ سەركردەو كاتێكی زۆریش لەبەر دەست نابێت بۆ چارەسەركردنی، بۆیە لێرە رۆڵی سەركردە دەردەكەوێت لە ماوەیەكی كەم بێ ئامادەكاری پێشینە بە پشت بەستن بە ئەزموون و تایبەتمەندییە كەسییەكان و تواناكانی خۆی بتوانێت بە سەر تەنگژەكەدا زاڵ بێت.
شەشەم: ناروونی مەوقفی سیاسی، مەبەست لە ناروونی مەوقفی سیاسی واتا مەوقفێك زۆر نوێ بێت، پێشتر روینەدابێت و ئاڵۆز بێت و زانیاری زۆر لە بارەیەوە نەبێت و بەشێك لەو زانیارییەی هەشە دژ بە یەك بێت. لەو حاڵەتدا رۆڵی سەركردە دەردەكەوێت لە بڕیارداندا بە جۆرێك ئەبێت پشت بە راو بۆچوون و ئەزموونی خۆی ببەستێت.
كاك نێچیرڤان سەركردەیەكە هەموو ئەو خاڵانەی سەرەوە لە كەسایەتی ئەودا بوونیان هەیە، بۆیە دەتوانین بڵێین، ئەو لەگەڵ تیمەكەی دەتوانێت ئەگەر فاكتەرە ناوخۆییەكانی تر هاوكار بن هەرێم بەرەو ئاقارێكی ئارامترو پێشكەوتوتر ببات، چونكە یەك لەو سەركردانەیە كە گرنگی بە پەیوەندییەكانی دەرەوە دەدات، سەركردەیەكی كاریزمایە، خاوەن ئەزموونێكی سیاسی گەورەیە، نەرمە لە مامەڵە كردندا، دەتوانێت بەسەر تەنگژە سیاسییەكاندا زاڵ بێت (شەڕی داعش و روداوەكانی دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بە نموونە)، دەتوانێت لە مەوقیفە ناروونەكان بڕیار بدات (بریاری سەربەخۆیی كردنی ئابووری هەرێم و ئەنجامدانی ریفراندۆم بە نموونە".
د. یاسین مەحموود لە وەڵامی ئەو پرسیارەكە ئاخۆ " بە خوێندنەوەی جەنابت بۆ كارەكانی رابردووی نێچیرڤان بارزانی لە حكومەت و مامەلە كردنی لەگەڵ دۆخە سەختە سیاسی، ئابووری، سەربازیی و پەیوەندییەكان تا چەند لە سەرۆكایەتی هەرێم دەتوانێت گەشە بە بوارەكان بدات؟)، گووتی" كاك نێچیرڤان هەم وەك كەسایەتییەكی سیاسی و هەم وەك دبلۆماتكارێكی خاوەن ئەزموون و هەم وەك سەركردە لەناو پارتێكی خاوەن زۆرترین جەماوەر، كە لە سی ساڵی رابردوو لە هەموو كێشە سیاسی و ئابووری و سەربازییەكان ئامادەییەكی كاریگەری هەبووە، ئەزموونێكی گەورەی لە حكومەت و پەیوەندییە دبلۆماسییەكان كۆكردۆتەوە، دەتوانێت ئەو ئەزموون و رابردوە وەك فاكتەرێكی هاوكار لە سەرۆكایەتی هەرێمدا بەكار بهێنێت.
كاك نێچیرڤان بارزانی لە رابردوو تاقی كراوەتەوە جێ پەنجەی لە دەسكەوتەكان بە روونی دیارە، سەڕەڕای ئاستەنگە گەورەكان رۆڵی گەورەی هەبوو راكێشانی بەرژەوەندی وڵاتانی گەورەی جیهان بۆ هەرێمی كوردستان، لە جێگیركردنی ناوی هەرێمی كوردستان لە نەخشەی جیهانی وزەدا. دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و ئەو باروودۆخە سەختەی رووبەرووی هەرێمی كوردستان بوەوە، وە دوای كۆتایی ماوەی یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم و وازهێنانی سەرۆك مسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم و هەڵواسینی ئەو دامەزراوەیەو گواستنەوەی دەسەڵاتەكان بۆ سەرۆكی حكومەت، كاك نێچیرڤان وەك سەرۆكی حكومەت بە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمەوە توانی بە پەیرەو كردنی سیاسەتێكی نەرم و لۆژیكانە ئیحتیوای تەنگژەكان بكات و هەرێم لەو ئاریشە و باروودۆخە خراپە دەربهێنێت، بۆیە ئەزموونی رابردوو كاریگەری زۆری هەیە لە سەركەوتنی كاك نێچیرڤان لە سەرۆكایەتی هەرێمدا.
لە وەڵامی ئەو پرسیارە كە (سەرۆكی هەرێمی كوردستان چی بكاتە پێشینەی كارەكانی؟)، د. یاسین گووتی "
وەك دەزانین ئەركی سەرەكی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم نوێنەرایەتی كردنی هەرێمی كوردستانە لە پەیوەندییەكانی دەرەوەدا، ئێمە ئەگەر سور بین لەسەر ئەوەی رۆژێ لە رۆژان دەبێت بڕیاری راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی بدەین و بگەین بە خەونی سەربەخۆیی، دەبێت ئەوە بزانین نە حكومەتی ناوەندی و نە وڵاتانی جیران هاوكارمان نابن، بگرە توندترین دژمان دەبن، بۆیە وەك ئەزموونی هەندێك وڵات كە بە پاڵپشتی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی گەیشتوونەتە خەونی سەربەخۆیی (كۆسۆڤۆ بە نموونە)، پێویستە سەرۆكایەتی هەرێم ئەولەوییەتی كارەكانی بریتی بێت لە پتەوكردنی پەیوەندییە سیاسییەكان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەو راكێشانی بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێز بۆ هەرێمی كوردستان، وە زیاتر كردن و چالاككردنی نوێنەرایەتییەكانی حكومەتی هەرێم لە دەرەوە، خاڵێكی تر كە بەڕاستی لە رابردودا جێگای رەخنەی چاودێران و خەڵكی كوردستان بووە، پەیوەندی نێوان دیاسپۆرا (رەوەند)ی كوردی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان بووە، بۆیە پێویستە سەرۆكایەتی هەرێم بە هاوكاری حكومەت كار بكات بۆ دروستكردنی پەیوەندییەكی باش و تۆكمەتر لەگەڵ دیاسپۆرای كورد لە دەرەوە، هەوڵبدرێت رێكخستنێكی تۆكمە لە ناو رەوەندی كوردی دروست بكرێت وەك لۆبییەكی بەهێز لە روداوە چارەنووسسازەكان پشتگیر و هاوكاری هەرێمی كوردستان بەكار بهێنرێن، لە ناوەخۆشدا گرینگترین كارێك كە پێویستە وەك ئەركێك سەرۆكایەتی هەرێم ئەنجامی بدات هەرچەند لە دەرەوەی تایبەتمەندییەكانیدا دەبێت، چاك كردنی پەیوەندییە سیاسییەكانی نێوان پارتە سیاسییە كوردستانییەكانە، چونكە تا لە ناوخۆ بەهێز نەبین ناتوانین لە دەرەوە بەهێز بین".

"پێویستە سەرۆكایەتی هەرێم ئەولەوییەتی كارەكانی بریتی بێت لە پتەوكردنی پەیوەندییە سیاسییەكان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەو راكێشانی بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێز بۆ هەرێمی كوردستان"

 

 

زۆرترین بینراو