سەرۆكایەتی هەرێم چەترێك بۆ هەمووان

ئیسماعیل ئیبراهیم

لە ماوەی دەست بەكار بوونی رێزدار نێچیرڤان بارزانی لە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم، گەرم و گوورییەكی سیاسی لە ئاستی ناوخۆ و عێراق و جیهان بەرچاو دەكەوێت، ئەمەش پەیوەندی بە دیدگا و دونیا بینین و رۆئیای سەرۆكی هەرێم و ئەو تیمەیە كە لەگەڵی كار دەكەن.
قوڵبوونەوەی هزری سیاسی جەنابیان لە كار و بڕیاری سیاسی و دارشتنی پلانی هەمە چەشنەی پەیوەندار بە كار و ئەركی سەرۆكایەتی هۆكاری ئەو پێشكەوتنە بەرچاوەن كە ماوەی رابردوو بیندراوە.
سەرۆكی هەرێم بە پێی ئەو ئەزموون و سەركەوتنانەی لە رابردوو هەیەتی و تۆماری كردوون، دەتوانێ بەهێزتر كار لەسەر بەدی هێنانی ئامانجە نزیك و دوورەكانی نەتەوەی كورد بكات و كوردستانیان زیاتر هیوای ئایندەیەكی گەشتریان هەبێت.
پێكهێنانی كابینەی یەكگرتنەوە دوای جەنگێكی خوێناوی كارێكی ئاسان نەبوو، جەنابیان شانی دایە بەری و سەركەوت، ئەم یەك ئیدارییەی ئێستا هەیە ئەگەر كەم وكوریشی تێدا بێت بەرهەمی ماندوو بوونی بەرێزیانە.
هێنانی كۆمپانیا زەبەلاحەكانی جیهانی بۆ كوردستان و بەستنەوەی بەرژەوەندییان لەگەڵ مانەوەی كیانی سیاسی هەرێم لە بیرۆكەی جەنابیان سەرچاوەی گرت.
وەبەرهێنان و هەناردە كردنی نەوتی كوردستان و سەرنج راكێشانی وڵاتانی زڵهێزی جیهانی بۆ سەرمایەگوزاری كردن لەم بوارە، كارێكی ئاسان نەبووە، بەڵام لە سایەی جەنابیان كرا و كوردستان خرایە سەر نەخشەی وەزی جیهانی.
لێرەوە نەتەوەی كورد و هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی سیاسی پێی نایە قۆناغێكی زۆر جیاوازتر لە رابردوو، بەرژەوەندی ئابووری وەڵاتان و كۆمپانیان زەبەلاحەكان ئەو كاتە پارێزراوتر دەبن كە سەرەدەری لەگەڵ دامەزراوە یا ناوچەیەكی بەهێز لە هەموو روویەكەوە بكەن، ئەمەش وایكرد هەموو ئەو وڵاتانەی مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەكەن بیر لە بەهێزكردنی پێگەی قەوارەی سیاسی كورد بكەنەوە، بەمەش هەم بەرژەوەندی ئابووری ئەوان پارێزراوتر دەبێت، هەمیش كوردستان لە هەموو روویەكەوە گەشەی زیاتر دەكات و لە رووی سیاسیشەوە بەرەو پێش دەروات و دەبێتە ژمارەیەكی حیساب بۆ كراو.
بەهێز بوونی پێگەی كیانی سیاسی باشووری كوردستان لە جیهان و ناوچەكە، جگە لەوەی دەستپێكێكی نوێ بوو لەهەموو بوارەكانەوە، لە هەمانكاتیشدا بووە هۆی پاراستنی دەستكەوتەكانی، بەتایبەتی دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، بینیمان رێزدار نێچیرڤان بارزانی چۆن توانی هەموو دەرگا داخراوەكان بشكێنێت و هەرێم لە نەمانی یەكجارەكی رزگار بكات، كە پیلانی وڵاتانی داگیركەر كوردستان بوو.
بیرمان نەچێت كاتێ كورد ژمارەیەكی زۆر بچووكی ناوچەكە بوو، تەنها لەرووی مرۆڤایەتییەوە وەڵاتان بە بزەییەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەكردین، هیچ وڵاتێك ئامادە نەبوو پێشوازی لە سەركردەیەكی كورد بكات، زۆرجار كارمەند یا ئەفسەر یا بەڕێوەبەرێكی سادەی وەزارەتی ناوخۆ یا دەرەوەی وەڵاتان پێشوازییان لە سەركردەكانمان دەكرد. كەس كورد نەدەناسی، كەس ئامادە نەبوو پشتگیری دۆزی رەوای كورد بكات، هیچ وڵاتێك رێگەی بە كردنەوەی نوێنەرایەتی لایەنێكی سیاسی كورد نەدەدا.
بەڵام لە كاتی سوێند خواردنی دەستبەكار بوونی سەرۆكی هەرێم نوێنەری باڵای هەموو وڵاتانی جیهان ئامادە دەبن. پێشوازی كردنی وڵاتان لە سەرۆكی هەرێم وەك سەرۆكی وڵاتان دەبێت، ئێستا هەموو جیهان دەیانەوێت مامەڵە لەگەڵ كورد بكەن.
ئەم دۆخە وەك قارچك بە نمە باران و دوو بروسكە هەڵنەتۆقیوە، بەرهەمی ماندووبوون و كۆڵنەدان و دونیا بینی راست و دروستن.
هەزاران شەهیدی دیكە بدەین و دەیان جاری دیكە ئەنفال بكرێنەوە، ئەگەر لە رووی دیپلۆماسییەوە نەتوانین شوێن پێی خۆمان توند و بەند كەین، هەمووی بەفیڕۆ دەڕوات.
سەرۆكایەتی هەرێم، لە ئاستی ناوخۆش بۆ رێكخستن و یەك دەنگ كردنی ناو ماڵی كوردی هەنگاوی جددی هاوێشتووە، كۆبوونەوەكانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكومەت، ئاماژەی دڵخۆشكەرن لەوەی سەرۆكی هەرێم چەترێكە بۆ هەمووان.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

دەرمانناسی

دەرمانناسی

رواندزیانی

رواندزیانی

بیروڕا

زۆرترین بینراو