سەرۆكایەتی هەرێم .. لەنێوان سلێمانی و هەولێر

سمكۆ محەمەد

 

قسەیەك دەڵێ (كوردەكان ئەگەر لەنێوان خۆیاندا كێشەیان نەبێ، كەس ناتوانێ كێشەیان بۆ درووست بكات) ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە كورد خۆی زەمینەی ساز كردووە بۆ نەیارەكانی، تا یەك نەگرێت لەیەك قەوارەدا، بۆ نموونە دوای ململانێیەكی زۆر لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق، هەروەها لە نێوان یەكێتی و پارتی بەفیتی دەوڵەتە هەرێمییەكان، سەرەنجام هەرێمی كوردستان ئەو پرۆسەیەی لەكەشێكی زۆر دیبلۆماسیانەدا شانۆیەكی پێشكەشكرد كە دەتوانێ ببێتـە خاوەن سەرۆكایەتی بۆ دوو زۆن و دوو هەرێمی رانەگەێنراو، چونكە هێشتا ئەو سەرۆكایەتییە نییە كە بتوانێ كوردەكان یەك بخات و بیانكات بەیەك كورد، چونكە هێشتا دیاردەی دوو زۆنی و دوو قەڵەمڕەوی ماوە كە ئەمە پێشتریش هەروابوو، بۆیە تەنها شتێكی كردبێ، ئەوەیە كە نەیهێشت بەفەرمی ببێتە دوو هەرێم، یان دوو ئیدارەی شەرعی و یاسایی، چونكە هێشتا ئەو سیقەیە نەگەڕاوەتەوە بۆ یەكێتی و پارتی، تا كێشەی كورد لەهەموو ناوچەكانی دیكە بە كێشەی هاوبەشی بزانن.
ئەوەی كە هەموولایەكی رازی كردبوو بۆ بەرپاكردنی ئەو مەراسیمە بە بەشداری هەموو حیزبێكی سیاسی و رێكخراو و سەندیكا و قونسوڵی دەوڵەتان وایكرد دونیا سەرسام بكات لە باری ئەتەكتێت و دیبلۆماسییەوە، تەنها شتێك بوو وەك فۆرم نەك جەوهەری بابەتی كوردی وەكو نەتەوە، ئەویش رازیكردنی لایەنەكان بوو بەوەی هەر كەس پشكی خۆی هەبێت لەمانەوەی ئەم هەرێمە بەهەڵواسراوی بەهەموو كێشەكانییەوە، چونكە ئەوەی لە كۆنەوە گرێی بۆ ئەو دوو هێزە سیاسییە درووست كردبوو، پۆست و زیندوو كردنەوەی دەزگا شەرعییەكان نەبوو وەك ئامانجی سەرەكی، بەقەد ئەوەی دابەشكردنەوەی جوگرافیای هەرێمی كوردستان بوو لەرووی ئابوورییەوە، بەو پێیەی ژیانی ئەو دوو حزبە وەك ساڵی نەوەدەكان نییە، چونكە لەدوای ساڵی 2003 ەوە یەكێتی لە سنووری پارتی وەبەرهێنان دەكات و پارتیش لە سنووری قەڵەمڕەوی یەكێتی وەبەرهێنان دەكات، ئەگەر ئەمە نەكرابایە، بەرژەوەندی هەردوولا دەكەوتە مەترسییەوە، ئێران و ئامریكاش ئەمەیان بەباش دەزانی، بۆیە بەناڕاستەوخۆ فشاریان لەهەریەك لە حكومەتی عێڕاق و شیعەكان و یەكێتی كرد، تاكو دان بەو دۆخەدا بنێن بەكێشەی جیاوازەوە.
ئێمە وەختێك دەبێ شانازی بە سەرۆكایەتی هەرێمێك و حكومەتێكەوە بكەین، ئەگەر ئامریكا و توركیا و ئێران زەمینە بۆ یەكگرتنەوەی هەرێمی كوردستان هەبێت تا ببێت بە دەوڵەت، یان لەئاستی نێوخۆییدا هەردوولا بگەنە ئەو قەناعەتەی ژیانی سیاسی نابێت لە تموحی سیاسی و ئابووری ئەو دوو حزبە كۆبكرێتەوە و خەڵك هۆشیار بێتەوە لە بەشداریكردنی سیاسەت، هەر بۆیە هەریەك لەو دوو حزبە خەریكی زیندووكردنەوەی خێڵ و بنەماڵە و گرووپی جیاواز، ئەمەش بەشێكە لە درووستكردنی قەوارەی كۆمەڵایەتی لەپێناو پتەوكردنی قەوارەی سیاسی حزب، ئەگەرنا چۆن دەبێ حزبێك بڕوای بە دیموكراسی و سۆسیال دیموكراتی هەبێت، كەچی نەریتی كۆن زیندوو بكاتەوە و چەك و تەقەمەنی بەسەر خێڵ و عەشیرەتەكان دابەش بكات، هەر خودی ئەو جوڵەیە، مانای وایە هەریەك لەماڵی خۆی ساحێب ماڵە، چونكە بڕوایان بە كێشەی جیاواز هەیە، بەتایبەتی لەئاستی بەشداریكردن لەگەڵ حكومەتی عێڕاقی، هەروەها بۆ ناوچە كوردستانییەكان كە بەمادەی 140 ی سڕكراو ناسراوە، هەربۆیە هەرێمی كوردستان پارلەمانی هەیە، بەڵام ناتوانێ ببێتە خاوەن دەستوور، یان بنبڕكردنی كێشە ریشەییەكان كە كەس نەتوانێ بڵێ كێشەی كوردستان، كێشەی كوردەكانە.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو