سەرۆكی كۆمەڵەی كرێنشینان هۆشداریی دەدات

سەرۆكی كۆمەڵەی كرێنشینان هۆشداریی دەدات

دیمانە\ محەمەد ئامۆكەیی_ زاری كرمانجی: لە چاوپێكەوتنێكی تایبەت دا لەگەڵ زاری كرمانجی، گۆران عەوێنەیی، سەرۆكی كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان، رایگەیاند" دووجۆر كرێنشین لە هەرێمی كوردستان هەیە یەكەمیان ئەو فەرمانبەران كە موچەیان هەیە لە حكوومەت، ئەوەی تریان هیچ موچەو سەرچاوەیەكی دارایی نیە، هەردوو جۆرەكەی باسم لێوەكرد گوزەرانیان زۆرخراپە لەبەر ئەوەی موچە خۆرەكەش موچەی دوا دەكەوێت بە 45 رۆژ جارێك موچەی پێدەدرێت، ئەوانی تریش ئێستا بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریان نەماوە ژیانی ئەوان زۆر سەختە و داوا لە رێكخراوە خێرخوازەكان دەكەین بەهانای كرێچیەكانەوە بێن."
ئەوەشی گووت" وەك كۆمەڵەی كرێنشینان پێشنیار بۆ حكوومەت دەكەین كە سەرەتا لەگشت مافەكانی خۆیان خۆشبن ئەوانەی كرێنشینی حكوومەتن، بۆ نمونە وەزارەتی ئەوقاف و دارایی شارەوانی دوكانی زۆریان هەیە لە نێو هەولێر و دەوروبەر بەڵام پشكی شێر بەر وەزارەتی ئەوقاف دەكەوێت كە موڵكێكی زۆری هەیە ئەگەر هاتوو حكوومەت لەخۆیەوە دەست پێبكات دەبێتە هاندانێكیش بۆ ئەو سەرمایەدارانەی خانوو و دوكانیان هەیە."
گۆران عەوێنەیی، راشیگەیاند" پێویستە حكوومەتی هەرێم لە رێگەی باجەوە خاوەن موڵكەكان ناچار بكات كرێ وەرنەگرن لە كرێنشینەكان، لەبەر ئەوەی ئێمە لەنزیكەوە ئاگاداری رەوەشی ژیانی ئەوانین ئەزانین لە دۆخێكی دەرونی دان، لە كوردستان یاسایەك هەیە لە هەر 12 مانگ كرێی 11 مانگ بۆ خۆیەتی مانگێك بۆ حكوومەتە، ئەگەر حكوومەت بڕیاری ئەوە بدات بۆ دووساڵ ئەو كرێیەی لە خاوەن موڵكەكان وەردەگیرێت حكوومەت نایەوێت ئەوە راستەخۆ خاوەن موڵكەمە لەجیاتی ئەوەی باج بدات لە كرێنشینەكەی خۆش دەبێت."
باسی لەوەشكرد" ئەو كەسانەی كرێچین و هیچ سەرچاوەی داراییان نیە لە رێگەی فۆرمێكەوە ناویان تۆماركراوە لە كۆمەڵەكەمان و ئەوانەی فەرمانبەرنی حكوومەتن لە شوێنی كاری خۆیان فۆڕمیان پڕكردۆتەوە، ئێستا لای ئێمە نزیكەی دەهەزار كرێنشین ناویان تۆماركردووە لە سنووری پارێزگای هەولێر، بەڵام رێژەكە چەند ئەوندەیە كە لای ئێمە تۆماركراوە."
سەرۆكی كۆمەڵەی كرێنشینان هۆشداری ئەدات لەوەی كە دۆخەكە بەردەوام بێت كرێنشینەكان رووبەڕوی دۆخێكی سەختی مرۆیی دەبنەوە و زیاتر گووتی" ئەگەر ئەو دۆخەی ئێستا بەردەوامی هەبێت بۆ چەند مانگی داهاتوو كرێچیەكان رووبەروی دۆخێكی سەختی مرۆیی دەبنەوە بۆیە ئەركی حكوومەتە كاری جدی لەسەر ئەم پرسە بكات ئەو هۆشداریەی ئێمە بەهەند وەربگیرێت."

زۆرترین بینراو