سەرۆكی لقی نابینایانی سۆران: زیاتر لە هەشت ساڵە هاوكارییە داراییەكانمان راگیراوە

سەرۆكی لقی نابینایانی سۆران: زیاتر لە هەشت ساڵە هاوكارییە داراییەكانمان راگیراوە

"لە سنووری ئیدارەی سۆران ناوی نزیكەی 500 نابینا و كەم بینا تۆمار كراوە"

 

دیدار-محەمەد هەسنانی
سەرۆكی لقی كەم بینا و نابینایانی سۆران، لە دیدارێكی زاری كرمانجی تیشكدەخاتە سەر كارو چالاكی و كێشە و گرفتەكانیان و نیگەرانی خۆشی دەردەبڕێت، كە چەند ساڵێكە بەهۆی قەیرانی دارایی منحە و هاوكارییەكانیان راگیراوە و داوای گەڕانەوەی دەكەن.
 لەبەردەوامی قسەكانیدا یاسین حەمەد، سەرۆكی لقی كەم بینا و نابینایانی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند " بۆ یەكەمجار لە 29-12-2022 لقەكەمان دامەزراوە، هەژار ئۆغز، سەرۆكی فەخری و لەگەڵ چەند برادەرێكی دیكە دەستەی دامەزرێنەر بووین، منیش وەك سەرۆكی لقەكە تا ئێستا دەست بەكارم و بەپێی بەرنامەو پلانەكانمان دەوامی خۆمان ئەنجام دەدەین و ئیش و كاری نابیانیان و كەم بینایان بەڕێوەدەبەین، وەك تۆمار كردنی ناوەكانیان و گەیاندنی خواست و داواكارییەكانیان، هەروەها ئەو هاوكاریانەی لەلایەن خێرخوازان پێمان دەرێت، بەو ئەندامانە دەدەین كە زیاتر پێویستیان پێیەتی و كەمدەرامتن".
لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكی لقی كەم بینا و نابینایانی سۆران، ئاشكراشی دەكات " سنووری چالاكیمان هەر چوار قەزاكانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەخۆدەگرێت تا ناحیەی هەریر، بەشێوەیەكی گشتی تائێستا ناوی نزیكەی 500 نابینا و كەمبینامان لا تۆمار كراوە، لەوانە زیاتر لە 260 نابینا، لەو رێژەیەش ژمارەیەكی زۆریان كەوتوونەتە سنووری ناحیەی خەلیفان، ئەوانی دیكەش نزیكەی 240 كەم بینامان تۆمار كردووە و ئەندامن لای ئێمە".
ئاماژەی بەوەشكرد: " بۆ رایی كردن و بەڕێوەچوونی ئیش و كارەكانمان نزیكەی ساڵێكە لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی كابینەیەكمان بۆ دابین كراوە و دەوامی تێدا دەكەین، هەر چەند شوێنەكەمان وەك پێویست نییە، بەڵام ئەوەی گرنگە بەلای ئێمەوە لقەكەمان لە خانووی كرێدا نییە، چونكە بۆ ئێمە ئەستەمە بتوانین كرێی مانگانە دابین بكەین".
یاسین حەمەد، دەشڵێت:"ئەوەی زیاتر گرفتی بۆ دروست كردووین، لە ساڵی 2014 واتە ماوەی هەشت ساڵە بەهۆی قەیرانی داراییەوە مینحەو هاوكارییەكانمان لە حكوومەت راگیراوە، ئەوەش كاریگەری راستەوخۆی كردۆتە سار بارو گوزەران و بەڕێوەچوونی ئیش و كاری رۆژانەمان، بەڵام سەرەڕایی ئەوەش كۆڵمان نەداوە و بەردەوامین لەسەر ئیش و كارەكانمان، ئەوەی هەمانە تەنها ئەوەیە ئەگەر جار بەجار رێكخراوێك یان دەوڵەمەند و خێرخوازێك ئاوڕمان لێبداتەوە و دەستی خێرخوازی بۆ لقەكەمان درێژ بكات، ئەوەش لە ئێستادا زۆر كەمبووتەوە، مەگەر تەنها لە مانگی رەمەزان برێك هاوكاریمان پێشكەش بكرێت".
 سەرۆكی لقی كەم بینا و نابینایانی سۆران، داواكاریشە لە سەرۆكی حكوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان، هەوڵی جددی بدەن بۆ گەڕاندنەوەی مینحەو  هاوكارییەكانی لقەكەیان، دەشڵێت " گەشبینین بەوەی كە لە داهاتوودا ئاوڕی زیاترمان لێبدرێتەوە و دەستی هاوكاری بۆ لقەكەمان درێژ بكرێت، بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین زیاتر ئاوڕ لە ئەندامانمان بدەینەوە".
لەدوا قسەكانیدا یاسین حەمەد، سەرۆكی لقی كەم بینا و نابینایانی سۆران، رایگەیاند: "سەرەڕایی قەیران و بەربەستە داراییەكانمان بەردەوام دەبین لەسەر كارو چالاكییەكانمان و خزمەتكردن بە چینی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و كەم بیناو نابینایان، كە ئەركی گشت تاكێكە بارودۆخی ئەو جۆرە كەسانە لەبەرچاو بگرن و دەستی هاوكاریان بۆ درێژ بكەن".