سەرۆكی هەرێمی كوردستان ستایشی ڕۆڵی فەڕەنسا دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان ستایشی ڕۆڵی فەڕەنسا دەكات

 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە میانەی كۆبوونەوەیكیدا لەگەڵ كونسووڵی نوێی گشتی فەڕەنسا، ستایشی ڕۆڵی سەرۆك ماكرۆن و فەڕەنسای لە پشتگیریی هەرێمی كوردستان كرد و دووپاتی كردەوە كە گەلی كوردستان ڕێز و پێزانینی بۆ دۆستایەتی و پشتگیریی فەڕەنسا هەیە و خوازیاری پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكانییەتی لەگەڵ فەڕەنسا.

سەرۆك نێچیرڤان بارزانی پاشنیوەڕۆی رۆژی یەكشەممە 8-9-2019 لە دیدارێكدا لەگەڵ ئۆلیڤیێ دیكۆتینی، كونسولی گشتیی تازەی فەڕەنسا لە هەولێر، وێڕای پیرۆزبایی دەستبەكاربوونییەوە لە ئەركی تازەیدا، هیوای سەركەوتنی بۆ خواست و هەموو پشتگیری و ئاسانكارییەكی بۆ دووپات كردەوە.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان ، ئاماژەی بە ڕۆڵی سەرۆك ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا كرد لە پشتگیریكردنی هەرێمی كوردستان و هەوڵەكانی بۆ دەسپێكردنەوەی دیالۆگی هەولێر ـ بەغدا كە لە ئەنجامدا هەردوولا توانییان هەنگاو بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان و چارەسەركردنی هەندێ لە كێشەكان بنێن، هەوەرها پشتگیریی خۆی بۆ هەوڵەكانی فەڕەنسا لەپێناو چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان لایەنە سیاسییە كوردییەكان لە كوردستانی سووریا دەربڕی.

لە دیدارەكەدا هەردوولا تیشكیان خستە سەر دۆخی ئەمنی، سیاسی و ئابووریی عێراق و جەختیان لە گرنگیی هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرال بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامیگیری بەتایبەتی لە ناوچە جێناكۆكەكان كردەوە.

كونسولی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر "سوپاس و پێزانینی وڵاتەكەی" بۆ هاوكاری و یارمەتییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ئاوارە و پەنابەران دووپات كردەوە، هەروەها تیشكی خستە سەر سەردانی چاوەڕوانكراوی سەرۆكی فەڕەنسا ئیمانوێل ماكرۆن بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان.

زۆرترین بینراو