سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوپاسی هاوكارییەكانی ئەمەریكا دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوپاسی هاوكارییەكانی ئەمەریكا دەكات

زاری كرمانجی - ئێوارەی سێشەممە 15/9/2020 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز ماتیو تولەر باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق، پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەمەریكا و خواست و دەرفەتی پەرەپێدانیان، گفتوگۆی ستراتیژیی عێراق و ئەمەریكا، مەترسییەكانی تیرۆر، بەرەنگاربوونەوەی داعش و گرنگیی بەردەوامیی پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ عێراق لە شەڕی دژی تیرۆردا، هەوڵەكانی چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا و پرسی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراقیان تاوتوێ كرد.

هەردوولا هاوڕا بوون كە تێپەڕاندنی كێشە و تەحەدییەكانی بەردەم عێراق، پشتگیری و كاری پێكەوەیی و هاوكاریی نێوان لایەن و پێكهاتە عێراقییەكانی پێویستە و لەمبارەیەوە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەتوانێت یارمەتیدەر و هاوكار بێت.

سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هاوكارییە سەربازییەكانی ئەم دواییەی ئەمەریكای بۆ هەرێمی كوردستان كرد كە لە چوارچێوەی بەشێكی دیكەی هاوكارییە سەربازییەكانیدا بۆ عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەترسییەكانی داعش، ئەمڕۆ بەشێكیان لە پشكی هەرێمی كوردستان ڕادەستی وەزارەتی پێشمەرگە كرد.

لای خۆیەوە بەڕێز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق ستایشی وڵاتەكەی بۆ پێكەوەژیان و تەباییی نێوان پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستانی دەربڕی و ئاماژەی بە گرنگیی ڕۆڵی هەرێمی كوردستان بۆ سەقامگیری لە ناوچەكە كرد، هەروەها پشتگیریی ئەمەریكای بۆ هەرێمێكی بەهێزی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا دووپات كردەوە.

دوایین پێشهاتەكانی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا و هەوڵ و ڕێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی لە عێراق و هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، دۆخی ناوچەكە بەگشتی و گرنگیی كاركردن بۆ پاراستنی سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەند بابەتێكی جێی بایەخی هاوبەش، بەشێكی دیكەی كۆبوونەكە بوو.

زۆرترین بینراو