سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە كونسولی ئەڵمانیا دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە كونسولی ئەڵمانیا دەكات

زاری كرمانجی - ئەمڕۆ یەكشەممە 7/8/2022 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە بۆنەی كۆتاییهاتنی كارەكانییەوە، پێشوازی لە بەڕێز کلێمنس زێمتنەر كونسولی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان كرد.

لە دیدارێكدا سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ کار و هەوڵه‌کانی بەڕێز كونسولی گشتیی ئەڵمانیا بۆ برەودانی پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەربڕی و هیوای سەركەوتنی لە ئەركی تازەیدا بۆ خواست.

لای خۆیەوە بەڕێز كونسولی گشتیی ئەڵمانیا خۆشحاڵیی خۆی بۆ كاركردنی لە هەرێمی كوردستان نیشان دا و سوپاس و پێزانینی بۆ هاوكاری و پشتگیریی لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان لە كار و چالاكییەكانی لە ماوەی كاركردنیدا دووپات كردەوە، هه‌روه‌ها ڕۆڵ و هەوڵەكانی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی لەپێناو كۆكردنەوەی لایەنەكان و یەكخستنیاندا بەرز نرخاند.

پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەڵمانیا، پرۆسەی سیاسیی عێراق، دۆخی شەنگال و چەند بابەتێكی دیكە، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.