سەرۆكی هەرێم ئۆقرەی لێ بڕیون

ئەحمەد بەكر
ئەزموونی سەركەوتووی نێچیرڤان بارزانی لە ئیدارەدانی كوردستان لە قۆناغە سەختەكان و فەراهەم كردنی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی لە قۆناغە ئارامەكاندا، ئەو ڕاستییەی لای یار و نەیار كردییە حەتمی، كە ئەو شكست دەكاتە سەركەوتن و سەركەوتنیش دەكاتە دەسكەوت.
كاممان بڕوامان بەوە هەبوو كە پارتی و یەكێتی بەیەكەوە دەتوانن لە حكومەتێكدا كۆببنەوەو بەیەكەوە ئیش بكەن؟
نێچیرڤان بارزانی ئەو مەحاڵەی كردە واقیع، لەوەش زیاتری كرد و ئێستا كوردستان بەبێ هەماهەنگی ئەو دوو حزبە بەڕێوە ناچێت، گۆڕینی عەقڵییەتی سەنگەر گرتن لەیەكتر بۆ عەقڵییەتی قبوڵكردنی یەكتری و بەیەكەوە كار كردن و بەكلتور كردنی بەیەكەوە ژیان و كاری تیم بە نێچیرڤان بارزانی نەبایە بەهیچ كەسێكیتر نەدەكرا.
گۆڕینی كوردستانێكی وێرانی دەستی ململانێ نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەكان و سوتماكی ڕژێمە دڕندەكان بۆ ناوچە ئاوەدان و گەشاوەكەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بیركردنەوەی كێدا جێگای دەبۆوە؟
نێچیرڤان بارزانی كردی...
هێشتنەوەو پاراستی كوردستان دوای خیانەتی ئۆكتۆبەرو ڕێكەوتنی وڵاتانی دراوسێ لەسەر كۆتایی هێنان بەكوردستان، بەكێ دەكرا؟
نێچیرڤان بارزانی كردی...
پێش یارانی نێچیرڤان بارزانی، نەیارانی دەزانن ئەو ئەركەی نێچیرڤان بارزانی دەستی پێ دەكات نەك تەنیا دەیگەیەنێتە ئەنجام، بەڵكو هێندە لێهاتووانە ئەنجامی دەدات كە بۆنەوەكانی داهاتووش دەمنێتەوە.
ئێستا كە پیاوە مەزنەكەی نیشتیمان سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەكات، نەیارانی گەلەكەمان (كە نێچیرڤان بارزانی زۆر باش دەناسن) دڵنیان ئەو دامەزراوەیە دەگەیەنێتە ئەو ئاستەی كەشایەنییەتی.
نێچیرڤان بارزانی ئەوەش دەكات، چونكە لە ڕابردوودا هەوڵی زۆردران بەهاوكاری دەستەڕەشەكانی ناوخۆیی سەرۆكایەتی هەرێم هەڵبوەشێندرێ و نەمێنێ.
هەر بۆیە لە ئێستاوە دوژمنە تەقلیدییەكانمان و هاوكارانیان ئۆقرەیان لێبڕاوەو كێچ كەوتۆتە كەوڵیان.
بیادنانی كوردستانە بەهێزەكە دەستی پێكردوەو بەردەوام دەبێت.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو