سەرۆكی هەرێم پەیامێكی بڵاوكردەوە

سەرۆكی هەرێم پەیامێكی بڵاوكردەوە

دەقی پەیامەکەیە:-

ئەمڕۆ نیو سەدە بەسەر واژووکردنی رێککەوتننامەی یازدەی ئازاری ساڵی 1970 دا لەنێوان سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول و حکوومەتی ئەوسای عێراقدا تێدەپەڕێت. ئەم رێککەوتنە دەستکەوتێکی گرنگی ئەو شۆڕشە مەزنە و بەرهەمی چەندین ساڵ خەبات و خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلی کوردستان بووه‌ به‌ رابه‌رايه‌تيى بارزانيى نه‌مر لەپێناو مافە رەواکانیدا، هەر ئەو رێككەوتنەش بووە بەردی بناغەی هەموو ئەو دەسكەوتانەی دواتر بۆ گەلەكەمان هاتنەدی.

یادکردنەوەی رێککەوتننامەی یازدەی ئازار، رێزگرتنە لە مێژووی تێکۆشان و قوربانیدانی گەلەکەمان بۆ گەیشتن بە مافە رەواکانی. ئەم رێککەوتنە بەڵگەی راستیی باوەڕی گەلی کوردستانە بە رێگەچارەی ئاشتیانە لە هەر کێشە و ململانێیەکدا، هاوکات وانە و پەندێکی مێژووییی گرنگیشە بۆ لایەنە سیاسی و پێکهاتەکانی عێراق کە هەمیشە بژاردەی دیالۆگ، لێکگەیشتن، رێزله‌يه‌كگرتن و باوەڕی بە مافەکانی یەکتر، تاکە رێگەی دروستە بەرەو ئاشتی و ئایندەیەکی گەش.

هەر لەم بۆنەیەدا جەخت لە سەر هەڵوێستی چارەسەرخوازانەی خۆمان دەكەینەوە و بە ئومێدین دۆخی عێراق بەرەو سەقامگیريی سیاسی هەنگاو بنێ، لەوپێناوەشدا وەك هەمیشە ئامادەی هەموو هاوكاری و پشتگیرییەكین.

بەرز و شکۆدار بێت یادی رێککەوتننامەی یازدەی ئازاری 1970.

سڵاو لە شەهیدانی رێگای سەرفرازی و خەباتی ئاشتیخوازانەی گەلی کوردستان.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

زۆرترین بینراو