سەرۆك بارزانی لەگەڵ فڕاكسیۆنەكانی پێكهاتەكانی مەسیحی و توركمان لە پارلەمانی كوردستان كۆبۆوە

سەرۆك بارزانی لەگەڵ فڕاكسیۆنەكانی پێكهاتەكانی مەسیحی و توركمان لە پارلەمانی كوردستان كۆبۆوە

سەرۆك بارزانی: نابێ بە هیچ پێكهاتەیەك بگووترێت "كەمینە" لە دەستووری كوردستاندا مافی سەرجەم پێكهاتەكان بەتەواوی دەچەسپێت

ڕۆژی چوارشەممە ٣ـی ٧ـی ٢٠١٩ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ فڕاكسیۆنەكانی پێكهاتەكانی مەسیحی و توركمان لە پارلەمانی كوردستان كۆبۆوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا نوێنەرانی مەسیحی و توركمان لە پارلەمانی كوردستان سوپاس و پێزانینی خۆیان پێشكەش بە سەرۆك بارزانی كرد كە هەمیشە بەرگریی لە مافی پێكهاتەكان كردووە و ئاماژەیان بە پێداگریی سەرۆك بارزانی كرد لەسەر نوێنەرایەتیكردنی پێكهاتەكان لە كاتی كۆبوونەوەكانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی بەر لەڕووخانی ڕژێمی بەعس و دواتریش ڕۆڵی دیاری سەرۆك بارزانی لە چەسپاندنی مافی پێكهاتەكان لە دەستووری هەمیشەیی عێراق و پێكهاتەی ئێستای سەرۆكایەتیی پارلەمانی كوردستان و مسوگەركردنی نوێنەرایەتییان لە كابینەی داهاتووی حكوومـەتی هەرێمیان بەرز نرخاند.
هەروەها سوپاسی سەرۆكایەتیی پارلەمان و فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانیان كرد كە لە دانانی لیژنە هەمیشەییەكانی پارلەمانی كوردستاندا پشتیوانی پێكهاتەكان بوون.
لە كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی نوێنەرانی پێكهاتەكانی مەسیحی و توركمان لە پارلەمانی كوردستان، وتەیەكی پێشكەشی ئامادەبووان كرد و ئاماژەی بەوەدا كە كوردستان وڵاتی هەموومانە و پێویستە هەمووانیش لە بەڕێوەبردنیدا هاوبەش بین و هەمووشمان خۆمان بە بەرپرسیار بزانین. سەرۆك بارزانی جارێكی دیكەش جەختی كردەوە كە نابێ بە هیچ پێكهاتەیەك بگووترێت "كەمینە" و هیچ نەتەوەیەك بە ژمارە ناپێورێت و هەریەكەیان تایبەتمەندیی خۆی هەیە و دەبێ ڕێز لەو تایبەتمەندییانە بگیرێت.
سەرۆك بارزانی ڕۆڵی نوێنەرانی مەسیحی و توركمانی لە پارلەمانی كوردستان بەرز نرخاند و داوای كرد بەشێوەیەك بەرگریی لە مافی پێكهاتەكان بكەن كە بەرانبەر دەنگدەرانی خۆیان سەربەرز بن.
سەرۆك بارزانی جەختیشی كردەوە كە لە دەستووری كوردستاندا مافەكانی سەرجەم پێكهاتەكان بەتەواوی دەچەسپێت و ڕێگە بەهیچ جیاكارییەكی نەتەوەیی و ئایینی نادرێت و هەمووان لە كوردستاندا یەكسان و هاوبەش دەبن.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی لەبارەی دوایین گۆڕانكارییە سیاسییەكان لە ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان بەرچاوڕوونیی پێویستی خستەڕوو.

زۆرترین بینراو