سەرۆك بارزانی هەردەم هاوكار و پشتەوانی حزبە كوردییەكان بووە

سەرۆك بارزانی هەردەم هاوكار و پشتەوانی حزبە كوردییەكان بووە

دیدار- ڕائیب شێروانی : جەدعان عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد:" بارودۆخی رۆژئاوا ئارام نیە و نازانین چارەنووسی بە چی دەگات، ئەگەر ئێمە وەكو حزبە كوردییەكان هەموو یەك باینە و گوتارێكی یەكگرتوومان هەبایە و ئەو رێككەوتنانەی كە لە نێوان ئێمەدا دەكران جێبەجێ كرابانە، بەتایبەتی رێككەوتنی دهۆك لەو كاتەدا گەلی ئێمە كەمتر كۆچیان دەكرد و زیاتر نزیكی مافەكانی خۆیان دەبوون و كورد سوودمەندی یەكەم دەبوو لە سووریای نوێ، هەرێمی كوردستان و سەرۆك بارزانی هەردەم هاوكار و پشتەوانی حزبە كوردییەكان بوونە و ئەوەی لە توانایدا بووە كراوە، كەواتە هەرێم زیاتر لە توانای خۆی هاوكاری رۆژئاوای كردووە.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا رایگەیاند:" بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە لە نێوان ئەمریكا و توركیا دروست بووە، دەڤەرێكی ئارام لە رۆژئاوای كوردستان دروست دەكرێت، ئەو دەڤەرە لەسەر سێ قۆناغ دروست دەبێت، قۆناغی یەكەم سەری كانی و گرێ سپی بەدرێژایی زیاتر لە 100 كیلۆمەتر لەخۆ دەگرێت، قۆناغی دووەم و سێیەم تا ئێستا دیار نیە، كە لە رۆژئاوا یان لە رۆژهەڵاتەوە دەست پێ دەكات، لە كۆبانێ یان لە جزیرە دەست پێ دەكات، دەبێت چەكی گران كە لای پەیەدە و هەسەدەیە لەو ناوچەیە نەمێنێت و هێزەكانی ئەوان بە دووری 15 كیلۆمەتر لەو ناوچەیە بكشێنەوە.
جەدعان عەلی، گوتی:" ترسی ئێمە لەو دەڤەرە ئارامە ئەوەیە كە نازانین ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە لەسەر دروستبوونی ناوچەی ئارام چیە، لەوە دەترسین كە ئەو رێككەوتنە لەسەر حسابی كورد بێت، هەروەها لەوە دەترسین كە گۆڕینێكی دیموگرافیا هەبێت، رەنگە توركیا مەبەستی لە ناوچەی ئارام ئەوە بێت كە كۆچبەرانی سووریا بێنێتە ئەو ناوچەیە، ئەگەر وا بێت گۆڕینێكی دیموگرافیای خراپ لە دەڤەری كوردی دروست دەبێت، ئەوە مەترسیەكی گەورەیە، ئێمەش ئەو مەترسیەمان گەیاندۆتە ئەمریكا و رووسیا و هەموو ئەو وڵاتانەی كە دەنگی ئێمە گەیشتووەتێ، بەڵام ئەگەر ناوچەی ئارام بە چاودێری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێت بە سەرپەرشتی ئەمریكا بێت، ناوچەكە پارێزراو دەبێت ئەگەر ئەوە بكرێت ئەوە هەنگاوێكی باشە و كورد بە مافی خۆی شاد دەبێت، ئەگەر بڕیارەكە ببێت بە بڕیارێكی نێودەوڵەتی، ئەوەی ئێستا باشە و گەفی شەڕ و دروستبوونی جەنگێكی نوێ نەما و هیچ مەترسیەك لەسەر گەلی ئێمە نەماوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش تا ئێستا بارودۆخی رۆژئاوا ئارام نیە و نازانین چارەنووسی رۆژئاوا بە چی دەگات.
جەدعان عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" ئەگەر گوتاری كوردی لە رۆژئاوای كوردستان یەك بایە، كورد سوودمەندی یەكەم دەبوو لە سووریای نوێ، بەڵام پەیەدە بە یەك ئالی سەری خۆی گرتووە و لێ ناگەڕێت كەس لە رۆژئاوا كار بكات، ئەوەش جێگەی مەترسیە هەتا كوردی بەو رۆژە گەیاند كە ئێمە نازانین چارەنووسی ئێمە چی دەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئێمە وەكو ئەنجوومەنی كوردی، بەردەوام لە رێگەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەناو ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە رێگەی كۆنگرەی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی درێغیمان نەكردووە و بەردەوام گفتوگۆمان كردووە لەسەر چارەنووسی رۆژئاوا و باسمان لە دۆخی ئەو بەشەی كوردستان كردووە، بەڵام ئەگەر ئێمە وەكو حزبە كوردییەكان هەموو یەك باینە و گوتارێكی یەكگرتوومان هەبایە و ئەو رێككەوتنانەی كە لە نێوان ئێمەدا دروست دەبوون جێبەجێ كرابانە، بەتایبەتی رێككەوتنی دهۆك لەو كاتەدا گەلی ئێمە كەمتر كۆچیان دەكرد و زیاتر نزیكی مافەكانی خۆمان دەبووین لە سووریای نوێدا.
جەدعان عەلی، ئاشكراشی كرد:" سەرەڕای ئەوەی كە هەرێمی كوردستان لەگەڵ داعش كەوتە ناو شەڕێكی گەورە، حكوومەتی عێراق بودجە و مووچەی كوردستانی بڕی، بەڵام هەرێمی كوردستان گوێ بەو شتانەی نەدا و بەردەوام هاوكاری خەڵكی رۆژئاوای كردووە، بەتایبەتی سەرۆك بارزانی هەردەم هاوكار و پشتەوانی حزبە كوردییەكان بووە و ئەوەی لە توانایدا بووە كردووە، بۆیە ئەوەی پێویست بووە كراوە و بەردەوام هاوكاری و یارمەتی پێشكەش بە خەڵكی رۆژئاوای كوردستانی كردووە، هەرێمی كوردستان ئەوەی لە توانایدا بووە كردووە بۆ رۆژئاوای كوردستان، بۆیە دەستخۆشی لە سەرۆك بارزانی دەكەین و پشتگیری و هاوكارییەكانی بەرز دەنرخێنین و زیاتر لە توانای خۆی هاوكاری رۆژئاوای كوردستانی كردووە".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا ئەوەشی دركاند:" رەوش لە بار نیە كە خەڵكی ئێمە بگەڕێتەوە، پەیەدە رێگە نادات خەڵكی ئاوارەبووی رۆژئاوا كە ئێستا لە هەرێمی كوردستان دەژین بگەڕێنەوە، لە رۆژئاوای كوردستانیش لە سایەی سیاسەتی هەڵەی پەیەدە رەوشی خوێندن خراپە، رەوشی ئابووری رۆژ بۆ رۆژ خراپ دەبێت، ئەگەر پەیەدە ئەوەی لە بەرچاو بوایە و لەگەڵ حزبە كوردییەكان یەك بایە، ئاسانكاری كردبایە، بێگومان خەڵكی ئێمە دەگەڕایەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام بەداخەوە هیچ چارەسەریەكی پێ نیە و رێگە نادات خەڵكی ئێمە بگەڕێتەوە، خەڵكی ئێمە بە زۆری دەكرێنە سەرباز، بۆیە رەوشی رۆژئاوا لە بار نیە كە ئێمە داوا لە خەڵكی خۆمان بكەین بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
جەدعان عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا جەختی لەوە كردەوە:" دەبێت مافی كورد لە سووریا لە بەرچاو بگیرێت، ئەگەر مافی كورد لە دەستووری سووریادا نەچەسپێت، هیچ كاتێك سووریا لە رووی سیاسییەوە، ئابووریی و كۆمەلایەتییەوە ئارامی بە خۆیەوە نابینێت، بۆیە ئێمە دڵنیاین كە لە سووریای نوێ دا كورد بە مافەكانی خۆی دەگات، شەریكی راستەقینە دەبین لەو وڵاتەدا، ئەو خەڵكەی كە ئاوارە بووە ئەویش دەگەڕێتەوە".

بیروڕا

زۆرترین بینراو