سەرۆك بارزانی پەیامێكی بڵاو كردەوە

سەرۆك بارزانی پەیامێكی بڵاو كردەوە


سەرۆك بارزانی بە بۆنەی ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵان پەیامێكی بڵاو كردەوە، كە لە بەشێكی پەیامەكە هاتووە " ئەگەر لە قۆناغێكیشدا خەباتی گەلی كوردستان تووشی وەستان و نسكۆ هاتبێت، ئەوە گەلی ئێمە خۆی ناچەمێنێت و بە ئیرادەیەكی پۆڵایینەوە بەگژ داگیركاریدا دەچێتەوە و تا وەدیهاتنی مافەڕەواكانی لە شۆڕش و بەرخوداندا دەبێت

."
دەقی پەیامەكەی سەرۆك بارزانی


بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان


یەكێك لە یادە پڕشكۆیەكانی مانگی ئایار، ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخوازە، شۆڕشێك لە بەردەوامیی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان بوو دژی ستەم و داگیركاری.
شۆڕشی گوڵان، قۆناخێكی گرینگی بەرخودانی پێشمەرگە و گەلی كوردستانە و بە ڕوونی ئەو پەیامەی ڕاگەیاند كە بە پیلانگێڕی و ناپاكی و ئاگر و ئاسن ناتوانن دەنگی گەلی ئێمە كپ بكەن و ناچارمان بكەن دەست لە ئازادیخوازی و مافە ڕەواكانمان هەڵبگرین. ئەگەر لە قۆناغێكیشدا خەباتی گەلی كوردستان تووشی وەستان و نسكۆ هاتبێت، ئەوە گەلی ئێمە خۆی ناچەمێنێت و بە ئیرادەیەكی پۆڵایینەوە بەگژ داگیركاریدا دەچێتەوە و تا وەدیهاتنی مافەڕەواكانی لە شۆڕش و بەرخوداندا دەبێت.
لە چل و سێیەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵاندا، سڵاو دەنێرم بۆ هەموو تێكۆشەر و پێشمەرگە قارەمانەكان و ئەو نیشتیمانپەروەرانەی ژێردەستەییان ڕەت كردەوە و ماندوویەتی و ئاوارەییان هەڵبژارد و قوربانییان دا و لە كەمترین ماوەدا شۆڕشیان هەڵگیرساندەوە.
هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی شۆڕشی گوڵان و شەهید سەید عەبدوڵڵا یەكەم شەهیدی شۆڕشی گوڵان و هەموو شەهیدانی كوردستان. سڵاو لە خۆڕاگری و ئازایەتیی پێشمەرگە كە بە خوێن و قوربانیدانی خۆیان سەرفیرازییان بۆ گەلەكەیان بەدی هێناوە.
لەو یادەدا ئەوە دووپات دەكەینەوە كە ئیرادەی گەلی كوردستان بەهێزە و سەرباری بوونی پیلانگێڕی، بەڵام بە ئیرادەیەكی بەرزتر لە جاران تێدەكۆشی بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواكانی و بەردەوامی لە پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیان و پێشكەوتنخوازی

.
مەسعوود بارزانی

25-5-2019

 

 

زۆرترین بینراو