
سەرۆك بارزانی پەیامێكی بڵاو كردەوە
بەبۆنەی یادی دامەزراندنی کەناڵی کوردستان تیڤی، سەرۆک بارزانی پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە، تێیدا هیوای بەردەوامی و پێشکەوتنی زیاتری بۆ ستافی کەناڵەکە خواست.
ئەمڕۆ یەکشەم 17ی کانوونی دووەم، 22 ساڵ بەسەر دامەزراندنی کەناڵی کوردستان تیڤی تێدەپەڕێت، بەم بۆنەیەوە سەرۆک بارزانی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستە کردن.
سەرۆک بارزانی پەیامەکەی ئاراستەی سەرپەرشتیار، بۆردی بەڕێوەبردن، ستاڤ و كارمەندانی دەزگای سەتەلایتی كوردستان تیڤی دەکات.
لە پەیامەکەی سەرۆکدا هاتووە، لە بیست و دووەمین ساڵیادی دامهزراندنی (كوردستان تیڤی)ـدا، گهرمترین پیرۆزبایی له ئێوەی خۆشهویست دهكهم و هیوای بەردەوامی و پێشکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.
"كهناڵی ئاسمانیی كوردستان تیڤی وەك یهكهمین کەناڵی تهلهفزیۆنی ئاسمانیی كوردستان، لەڕووی پابەندبوون بە ئەرکی نەتەوەیی و نیشتیمانی و گەیاندنی پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیان و دەنگی ڕەوای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان، لە پێشەنگی میدیای كوردستان بووە، لەم ئەركەدا شوێنكەوتووی ڕاستگۆیی و پیشەییبوون بووە".
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا، سەرۆک بارزانی دەڵێ: ئێستەیش کوردستان تیڤی و زاگرۆس تیڤی لە چوارچێوەی دەزگای سەتەلایتی کوردستاندا پێویستە بەردەوام بن لە گەیاندنی پەیامی ڕەوای گەلەكەمان بە ڕای گشتیی و بڵاوكردنی هۆشیاریی نیشتیمانی و فەرهەنگی پێكەوەژیان لەناو خەڵك، لەو ڕێگەیەدا لەئاست پێشكەوتن و گۆڕانکارییە خێراکانی بواری میدیا و ڕاگەیاندندا بن، لە هەمانكاتیشدا پابەندی بەها و ئامانجە باڵاكانی گەلی كوردستان بن، دەستخۆشیتان لێ دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.