سەرۆك بارزانی: پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی دەكەم و بە هەموو توانایەكیش پشتیگیر دەكەم

سەرۆك بارزانی: پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی دەكەم و بە هەموو توانایەكیش پشتیگیر دەكەم

 

سەرۆك مەسعوود بارزانی رایگەیاند، كە پشتیوانی سەرۆكی هەرێم دەكات و هیوایشی خواست لایەنە ناوخۆییەكان كێشەكانیان بە گفتوگۆ چارە بكەن.

سەرۆك مەسعوود بارزانی، لە میانەی مەراسیمی سوێندخواردنی یاسایی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان، گوتارێكی پێشكەش كرد و وێڕای بەخێرهێنانی میوانەكان و دەربڕینی خۆشحاڵی بە ئامادەبوونیان، سوپاسی خەڵكی كوردستانیشی كرد، كە خۆڕاگر بوون لە بەرانبەر ئەو هەموو تەحەدییانەی لەسەر هەرێمی كوردستان هەبوون.

هەروەها سەرۆك بارزانی تیشكی خستە سەر ئەوەی، كە لە دوای هەڵبژاردنی ٣٠ ئەیلوولی ساڵی رابردوو، كەشێكی تایبەت هاتووەتە ئاراوە، لە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنەی رابردووش هەلومەرجێكی نوێ هاتووەتە پێشەوە، كە سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرا و ئەمڕۆش سەرۆكی هەرێم سوێندی یاسای خوارد و سبەینێش هەنگاوەكانی كابینەی نوێ دەست پێ دەكات.

سەرۆك مەسعوود بارزانی، لە میانەی گوتارەكەیدا، پشتیوانی خۆیشی بۆ نێچیرڤان بارزانی دەربڕی و هیوای سەركەوتنیشی بۆ خواست، داوایشی كرد، كە هەوڵ بدەن هەموو لایەك پێكەوە ئەو كێشانەی ماون چارە بكەن، بە تایبەتیش ئەو كێشانەی لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستاندا هەن، كە رۆژ بە رۆژ مەترسییەكانیش زۆرتر دەبن، بە پێویستیشی زانی بە حیكەمەت و لێكتێگەیشتن و بە پێی دەستوور لەگەڵ سەرجەم پێكهاتەكانی ناوچەكە، گرفتەكان چارە بكرێن.

بارزانی جەختیشی لە مەترسیی تیرۆریستانی داعش كردەوە، بەو پێیەی ئەوان خەریكی خۆڕێكخستنەوەن لە لایەك، لە لایەكی دیكەیشەوە هاوبیرانی داعشیش ماون، كە مەترسیی گەورەن بۆ وڵات و ناوچەكە و سەرجەم جیهانیش.

لە كۆتایی گوتارەكەیشیدا ئومێدی خواست، كە ئەو كێشانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەن، بە گفتوگۆ چارە بكرێن، هیوایشی خواست كە لایەنە ناوخۆییەكانیش كێشەكانیان بە گفتوگۆ چارە بكەن.

زۆرترین بینراو