سەرۆك شارەوانی سۆران: زێدەڕۆیەكان گرفتی زۆر لە بەردەم كارەكانی حكومەت و جێبەجێ كردنی پڕۆژەكان درووست كردووە

سەرۆك شارەوانی سۆران: زێدەڕۆیەكان گرفتی زۆر لە بەردەم كارەكانی حكومەت و جێبەجێ كردنی پڕۆژەكان درووست كردووە

 

لە قەزای سۆران سەر بە پارێزگەی هەولێر بەڕێژەیەكی بەرچاو زێدەڕۆی بۆ سەر موڵكی گشتی كراوە ئەمەش كێشەی زۆری بۆ حكومەت و كارەكانی درووست كردووە . 

ئەندازیار ئەمیر فاخر سەرۆكی شارەوانی سۆران لە بارەی زێدەڕۆییەكان بە زاری كرمانجی راگەیاند" لە تەواوی شار و شارۆكە و شارەدێیەكانی كوردستان زێدەڕۆی بۆ سەر مولكی گشتی كراوە و سۆرانیش بێگومان لەو كێشەیە بەدەر نییە  و زێدەڕۆی بۆ سەر مولكی حكومەت كراوە نكۆڵی لەوە ناكەین، بەڵام توانراوە رێژەی دەست درێژی بۆ سەر مولكی گشتی بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشتر زۆر كەم بكەینەوە و دەتوانم بڵێم لە كاتی دەستبەكاربوونی من بە تەواوی رێگری كراوە لەو دیاردەیە .

سەرۆكی شارەوانی سۆران دەڵێت" هۆكاری زێدەڕۆیەكانیش نەبوونی هەماهەنگی پێویستە لەلایەن دەزگا پەیوەندی دار و تایبەتمەندی دارەكانی لە كاتی خۆی و زرووفی سیاسیش هۆكارێكی تر بووە كە زێدەڕۆی بۆ سەر مولكی گشتی بكرێت، گووتیشی " ناتوانین 100 % بڵێین زێدەڕۆیمان بن بڕ كردوە و رێگریمان لە زێدۆڕی بە تەواوی  كردوە، بەڵام رۆژ بە رۆژ زێدەڕۆی لە كەم بوونەوەدایە و ئیجرائاتی پێویستیش بۆ كەسانە دەگیرێتە بەر كە زێدەڕۆیان كردوە .

سەرۆكی شارەوانی سۆران ئاشكراشی دەكات" زێدەڕۆیەكان كێشە و گرفتی زۆریان  لە بەردەم كارەكانی ئێمە و جێبەجێ كردنی پڕۆژەكان درووست كردووە و سیمای شاریش ناشیرن بووە، هەر بۆیە لە ماوەی رابردوو، چەندین كەیسی زێدەڕۆی رووبەڕووی دادگا كراونەتەوە و ئیجرائاتی پێویست لە چەندین هاوولاتی وەرگیراوە، لە هەمان كات چەندین دیوار و خانووی نایاسایی خراپ كراون و زێدەڕۆیەكان هەڵگیراون.

 

 

 

 

 

 

 

زۆرترین بینراو