سەرۆکی حکومەت سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دەرهاویشتەکانی پەتای کۆرۆنا و دۆخی ئابووری کرد

سەرۆکی حکومەت سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دەرهاویشتەکانی پەتای کۆرۆنا و دۆخی ئابووری کرد

ئەمڕۆ سێشەممە 2020/3/10 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دەرهاویشتە و لێکەوتە ئابوورییەکانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان کرد.

سەرۆکی حکومەت سوپاسی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی کرد کە بە شێوەیەکی پیشەییانە رێوشوێنی تەندروستیی پێویستیان گرتووەتەبەر و داواشی لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کرد کە پابەند بن بە رێوشوێن و رێنماییە تەندروستییەکان .
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەشکرد کە تەشەنەکردنی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان، تەنیا کێشەیەکی تەندروستی نییە بەڵکو بەداخەوە دەرهاویشتەی نەرێنیشی لە سەر ئابووری جیهان لێکەوتووەتەوە کە عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. بەتایبەتی بە هۆی دابەزینی خێرا و زۆری نرخەکانی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.
سەرۆکی حکومەت روونیکردەوە کە هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، یەکێک لە کارە لە پێشینەکانی حکومەت ئەوەیە و لە سەریشی بەردەوام دەبین کە ئابووری هەرێمی کوردستان هەمەچەشن بکرێت و نابێت تەنیا پشت بە یەک سەرچاوەی داهات ببەسترێت. بۆ ئەم مەبەستەش دەستمان بە کۆمەڵێک رێکاری پێویست کردووە بەڵام بێگومان جێبەجێکردنی ئەجێنداکە، پەیوەستە بە جێگیریی و سەقامگیریی دۆخی سیاسی و ئابووریی و ئاسایشی عێراق و ناوچەکە کە کاریگەرییەکی راستەوخۆی لە سەر هەرێمی کوردستانیش دەبێت.
سەرۆکی حکومەت داواشی لە لایەنە بەشدارەکانی حکومەت و تەواوی لایەنە سیاسیەکان و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانیش کرد کە بە هەستکردن بە بەرپرسیاریێتی لەگەڵ ئەو دۆخە هەستیارە و ئەو قەیرانەی هاتووەتە پێشەوە مامەڵە بکەن بۆ ئەوەی بتوانین بە کەمترین زیان ئەو بارودۆخە سەختە تێپەڕێنین.
سەرۆکی حکومەت جەختی لەوەش کردەوە کە بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و ئاماژەشی بەوەدا کە پێویستە لە گرتنەبەری رێکارە تەندروستیی و ئەو ئامادەکارییانەی بۆ دۆخی سەختی ئابووری لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت، بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتیان لە بەرچاو بگیرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا ، بڕیاردرا کە رێکار و رێوشوێنی پێویست بۆ کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکانی وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەت بە پێی رێنماییەکان و لە چوارچێوەی یاسای چاکسازی و کارنامەی کابینەی نۆیەم بگیرێتەبەر. هەروەها لە گەڵ حکومەتی فیدراڵیش لە بەغدا هەماهەنگی بکرێت و دانوستانەکان چڕبکرێنەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە داراییە سەختەی رووبەڕووی عێراق و هەرێمی کوردستان بووەتەوە.

زۆرترین بینراو