سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا

 


ئەمڕۆ شەممە بەبۆنەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری دهۆک زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا و وتارێکی پێشکەش کرد.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا پیرۆزبای لە قوتابیان کرد و رایگەیاند: "خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لێرە زەنگی دەسپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2019-2020 لێدەدەم و دەسپێکردنی ئەمساڵی خوێندن رادەگەیەنم. بەو بۆنەیەوە پیرۆزباییتان لێدەکەم و هیوای سەرکەوتنان بۆ دەخوازم".

راشیگەیاند: "یەکێک لە ئەرکە گرنگ و لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگیدانە بە پەروەردە و خوێندن و بەرزکردنەوەی ئاستی قوتابخانەکانمان بە تایبەتی قوتابخانە حکومییەکان. هەرێمی کوردستان پێویستی بە 3500 پۆلی دیکە هەیە بۆ ئەوەی لە کێشەی چەند دەوامی رزگاری بێت و قوتابییە خۆشەویستەکانیشمان لە قوتابخانەی شیاودا بخوێنن".

سوپاسی مامۆستایانیشی کرد بەهۆی قەیرانی دارایی هۆڵەکانی خوێندنیان جێنەهێشت و گووتی: "بەهۆی قەیرانەکان و جەنگی دژ بە داعش، کێشەی زۆر هاتنە بەردەمان، بەڵام سوپاسی مامۆستایان دەکەین کە نەیانهێشت، قوتابیان بێبەش بن لە خوێندن".

دەقی وتارەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لێرە زەنگی دەسپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2019-2020 لێدەدەم و دەسپێکردنی ئەمساڵی خوێندن رادەگەیەنم. بەو بۆنەیەوە پیرۆزباییتان لێدەکەم و هیوای سەرکەوتنان بۆ دەخوازم .

بێگومان وەبەرهێنان لە خوێندن و توانای مرۆیی و بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن و زانست و دابینکردنی پێداویستیەکانی خوێندنی هاوچەرخ، هەروەها رۆڵی ئەرێنی خێزان و دایک وباوکان لە پێگەیاندنی جگەرگۆشەکانمان هۆکاری زۆر گرنگ و سەرەکین بۆ پێشخستنی بواری پەروەدە و فێرکردن و بەدیهێنانی ئایندەیەکی گەش بۆ نەوەکانمان .

یەکێک لە ئەرکە گرنگ و لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش گرنگیدانە بە پەروەردە وخوێندن و بەرزکردنەوەی ئاستی قوتابخانەکانمانە بە تایبەتی قوتابخانە حکومییەکان . هەروەها هەوڵدەدەین پێداویستییەکانی خوێندنێکی سەردەمیانە دەستەبەر بکەین . وەک دروستکردنی قوتابخانەی تازە چونکە بە پێیی بەداواچوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان، هەرێمی کوردستان پێویستی بە 3500 پۆلی دیکە هەیە بۆ ئەوەی لە کێشەی چەند دەوامی رزگاری بێت و قوتابییە خۆشەویستەکانیشمان لە قوتابخانەی شیاودا بخوێنن. لێرەدا بە پێویستی دەزانم داوا لە سەرمایەدار و وەبەرهێنەرانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بکەم کە رۆڵێ نیشتمانپەروەرانەی خۆیان بگێڕن و لەم هەڵمەتە گرنگەی کردنەوەی قوتابخانەی نوێ بەشداربن.

وەک دەزانن هەرێمی کوردستان لە ساڵانی رابردوودا رووبەڕووی شەڕی تیرۆریستانی داعش و بارودۆخێکی سەختی ئابووری بووەوە . بەڵام خۆشبەختانە سەرباری ئەو دۆخە نالەبارەش بەڵام پرۆسەی خوێندن بەردەوام بوو . بۆیە لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسێکی گەرمی مامۆستایانی بەڕێز بکەم بۆ خۆڕاگری و قوربانیدانیان کە نەیانهێشت کاروانی خوێندن بوەستێت. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هەموو هەوڵێکی دەخاتەگەڕ بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و رەخساندنی دەرفەتی لەبار وگونجا بۆ گەشەپێدانی کەرتی پەروەردە و خوێندن کە ئامانجی دروستکردنی نەوەیەکی داهێنەر بێت لە سەر بنەمای خۆشویستن وخزمەتکردنی نیشتمان .

جارێکی دیکەش پیرۆزبایی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنتان لێدەکەم و هیوای سەرکەونتنان بۆ دەخوازم.

 

زۆرترین بینراو