
سەرۆکی هەرێم و باڵیۆزی ئەمەریکا دوایین پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی عێراق و هێرشەکانی سەر هەولێریان تاووتوێكرد
زاری كرمانجی - پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/2/24 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز ماتیو تولەر باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی عێراق و هێرشەکانی سەر هەولێر، دواتر بەلەد و بەغدا تاوتوێ کران و جەخت لە گرنگی و پێویستیی هەماهەنگیی نێوان لایەنه پەیوەندارەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان و بەردەوامیی هاریکاری و پشتگیریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری کرایەوە.
باڵیۆزی ئەمەریکا پابەندیی وڵاتەکەی بە بەردەوامیی دیالۆگی ستراتیژیی ئەمەریکی ـ عێراقی دووپات کردەوه و نێچیرڤان بارزانییش دیالۆگی ستراتیژی وەک چوارچێوەیەکی گرنگ بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە قەڵەم دا، دووپاتیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان خوازیاری پەیوەندییەکی تەندروست و کارایە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراق و ئامادەیە کێشەکانی لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکات.
دۆخی هەرێمی کوردستان و گرنگیی یەکڕیزیی لایەنەکان، دوایین پێشهاتەکانی بڵاوبوونەی ڤایرسی کۆرۆنا و هەوڵەکان بۆ دابینکردنی ڤاکسین، هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و هاریکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەمبارەیەوە، ڕێککەوتنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال، دۆخی دەشتی نەینەوا و چەند پرسیکی دیکەی جێی بایەخی هاوبەش، خرانە بەر باس.