سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا دەکات

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا دەکات

زاری كرمانجی - سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئارتاك ئاپیتۆنیان جێگری وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە هارچیا پۆلادیان باڵیۆزی ئەرمینیا لە عێراق و ئارشاك مانۆكیان كونسوڵی ئەرمینیا لە هەولێر و چەند دیپلۆماتكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا.

لە كۆبوونەوەكەدا جێگری وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا پێزانینی بۆ خەبات و ماندووبوونی سەرۆك بارزانی هەبوو كە ژیانی خۆی بۆ ئازادی و مافەكانی نەتەوەكەی تەرخان كردووە. هەروەها سوپاسی سەرۆك بارزانی و دامودەزگەی هەرێم و خەڵكی هەرێمی كوردستانی كرد لە پاراستن و قووڵتركردنی پێكەوەژیان و پاراستنی مافی پێكهاتەی ئەرمەن لە هەرێمی كوردستان.

جەختیشی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی خوازیارە پەیوەندییە دیپلۆماسی و بازرگانییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەهێز و فراوان بكات.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندیی دێرینی گەلی كوردستان و گەلی ئەرمینیا دا و ئەوەی خستەڕوو كە پەخشی یەكەم ڕادیۆی كوردی لە یێریڤانی پایتەختی ئەرمینیا بەڵگەیە لەسەر ئەو پەیوەندییە مێژوویی و فەرهەنگییەی نێوان هەردوو گەل.

خۆشحاڵیی خۆشی دەربڕی بەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەرمینیا فراوانتر ببن. ئەوەشی دووپاتكردەوە كە كوردستان وەك نموونەی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی دەمێنێتەوە و بە هەموو توانایەك پشتیوانی لە مافی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان دەكات

زۆرترین بینراو