سەرۆک بارزانی: دەبێت بەربەستەکانی بەردەم هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان نەمێنن

سەرۆک بارزانی: دەبێت بەربەستەکانی بەردەم هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان نەمێنن

زاری كرمانجی  -سەرۆک بارزانی لەگەڵ نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق کۆبووەوە و رایگەیاند، دەبێت بەربەستەکانی بەردەم هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان نەمێنن و پارتی ئامادەیە سبەی هەڵبژاردن بکرێت.

بارەگای بارزانی رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 1ی ئابی 2022 لە سەڵاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە جێنین هێنس پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری عێراق كرد.

ئاماژە بەوەشکراوە، کە نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بە بۆنەی یادی 39 ساڵەی جینۆسایدكردنی بارزانییەكان سەرەخۆشیی لە سەرۆك بارزانی كرد و جەختی لەوە كردەوە، كە هەموو هەوڵی خۆی لە ناوەندە نێودەوڵەتیییەكان دەدات بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانە.

بە گوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، لەبارەی دۆخی عێراقیشەوە بیروڕا ئاڵوگۆڕكرا و جەختیش لەوە كرایەوە، كە پێویستە بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان دەستوور بنەمای لەیەكتێگەیشتن بێت.

هەروەها سەرۆک بارزانی، لەبارەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان گوتوویەتی "دەبێت بەربەستەكانی بەردەم هەڵبژاردن نەمێنن و هەڵبژاردن لە زووترین كاتدا ئەنجام بدرێت و دەبێت مافی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانیش پارێزراو بێت. بۆ ئەو مەبەستەش پارتی ئامادەیە تەنانەت سبەی هەڵبژاردن بكرێت".