سەرۆک بارزانی: محەمەد عرێبی دادوەرێکی بوێر بوو

سەرۆک بارزانی: محەمەد عرێبی دادوەرێکی بوێر بوو

زاری كرمانجی - سەرۆک بارزانی لە پەیامێکی سەرەخۆشیدا، محەممەد عرێبی بە دادوەرێکی بوێر ناودەبات کە بەشدار بووە لە دادگاییکردنی "تاوانبارانی رژێمی پێشووی عێراق".
 
سەرۆک مەسعود بارزانی ئەمڕۆ پەیامێکی سەرەخۆشی بۆ کۆچی دوایی محەممەد عرێبی، دادوەری سزادانی سەدام حوسێن لە دۆسیەی ئەنفال، بڵاوکردەوە.
 
لە پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی رایدەگەیێنێت: "بەداخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی دادوەر (محەمەد ئەلعرێبی)ـمان پێگەییشت كە یەكێك بوو لەو دادوەرە بوێرانەی بەشداربووە لە دادگاییكردنی تاوانبارانی رژێمی پێشووی عێراق بەتایبەتی ئەوانەی دەستیان لە تاوانەكانی ئەنفال و كیمیابارانی گەلی كوردستاندا هەبووە".
 
سەرۆک مەسعود بارزانی سەرەخۆشیی ئاراستەی "خانەوادە و كەسوكاری دادوەر محەمەد عرێبی و دادوەرە بەڕێزەكان و ناوەندەكانی دادوەریی و گەلانی عێراق" دەکات و رایدەگەیێنێت: "خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم. لەخودای گەورە داواكارم رۆحی خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت".
 
محەممەد عرێبی لە 1ی ئابی ساڵی 2004 لە دادگەی باڵای تاوانەکان لە عێراق وەک دادوەری لێکۆڵینەوە دەستبەکاربوو بۆ دادگاییکردنی سەدام حوسێن و دارودەستەکەی، دواتر لە 20ـی ئەیلوولی 2006 بووە سەرۆکی دەستەی دووەم لە دادگەی باڵای تاوانەکان، کە تایبەت بوو بە لێکۆڵینەوە و بڕیاردان لە کەیسی ئەنفال و سەرکوتکردنی راپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 و بۆردومانکردنی هەڵەبجە و رووبەڕووبوونەوەی حیزبە ئاینییەکان لە عێراق.

زۆرترین بینراو