سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە كۆریای باشوور هەڵبژاردن ئەنجام درا

سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە كۆریای باشوور هەڵبژاردن ئەنجام درا

ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی نیسان، ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كۆریای باشوور دەری خست حیزبی دەسەڵاتدار بە سەركردایەتی سەرۆك مۆن جی ئین، سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێنا ئەمەش بە پاڵپشتیی سەركەوتنی ئەركەكان لە سنوورداركردنی ڤایرۆسی كۆڕۆنا.
هەڵبژاردنەكە لەسەرتاسەری جیهان بایەخی پێ دەدرا، چونكە یەكەم هەڵبژاردنی گشتییە لەوەتەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بڵاوبووەتەوە.
دەسەڵاتداران رێوشوێنی سەلامەتی توندیان گرتەبەر و هەموو ناوەندەكانی دەنگدانیان خاوێن كردەوە كە ژمارەیان 14 هەزار ناوەند بوو.
بەگوێرەی لیژنەی هەڵبژاردنە نیشتمانییەكان، رێژەی بەشداریكردن لەو دەنگدانە گەیشتە 66.2% كە ئەمەش بەرزترین رێژەیە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی لەو وڵاتە لە ساڵی 1992ەوە.
دەسەڵاتداران رێگەیان دا بە بە نزیكەی 2800 تووشبووی كۆڕۆنا لەڕێگەی پۆستەوە یان لەڕێگەی ژووری تایبەتەوە دەنگ بدەن، هەروەها زیاتر لە 13 هەزار كەس توانیان دوای داخستنی ناوەندەكانی دەنگدان لە كەرەنتینەوە دەنگ بدەن.
بەگوێرەی لیژنەی هەڵبژاردنە نیشتمانییەكان، حیزبی دیموكراتی دەسەڵاتدار لە 300 كورسی پەرلەمان توانی 180 كورسی بەدەست بهێنێت و، هاوپەیمانی پارێزەرانی ئۆپۆزسیۆنی سەرەكیی توانی 103 كورسی بەدەست بهێنێت.
شایەنی باسە سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا، دەنگدەرانی كۆریای باشوور دوێنێ چوارشەممە 15ی نیسان روویان لە بنكەكانی دەنگدان كرد و دەنگیان دا، بەڵام لە چوارچێوی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆڕۆنا.

زۆرترین بینراو