سەرەڕای وەرگرتنی رەزامەندی رێگەی سەرەكی سۆران – سیدەكان تا ئێستا نۆژەن نەكراوەتەوە

سەرەڕای وەرگرتنی رەزامەندی رێگەی سەرەكی سۆران – سیدەكان تا ئێستا نۆژەن نەكراوەتەوە

موڕشید برادۆستی – سیدەكان: چەند پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری رێگە و بان لە سنووری ناحیەی سیدەكان سەر بە قەزای سۆران، رەزامەندی جیبەجێ كردنییان وەرگیراوە تا ئێستا دەستی پێنەكراوە كە بە تەواوبوونی گرفتەكانی هاتووچۆ بەشێوەیەكی بەرچاو چارەسەر دەكرێن .
رێگەی سەرەكی سۆران - سیدەكان لە چەند شوێنێكدا رووچووە و هاووڵاتییان بە ترسەوە هاتووچۆی تێدا دەكەن و داوای چاككردنەوی بەپەلە لەلایەنی پەیوەندی دار دەكەن. بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكانیش دەڵێت" رەزامەندی سێ رێگای سەرەكی ناوچەكە وەرگیراوە و نۆژەن دەكرێنەوە .
لەسەرو و بەندی دەست بەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆمەلێك پڕۆژەی خزمەتگوزاری گرینگ چوونەتە واری جێبەجێ كردن و هەلمەتێكی فراوانی دروست كردن و نۆژەنكردنەوەی ژمارەیەك ڕێگەو بانی دەرەكی لە سەرتا سەری كوردستان دەستی پێكردووە و لە دەڤەری سۆرانیش چەندین رێگە و بان كاری نۆژەن كردنەوەییان بۆ ئەنجامدرا. بەرپرسی فەرمانگەی چاككردنەوە و پاراستتی رێگە و بانی سۆرانیش دەڵێت " هەرچەندە رەزامەندی وەرگیراوە بۆ نۆژەن كردنەوەی رێگەكانی سۆران - سیدەكان و هەریەك لە رێگەی كەژەك و دەشتی هێرت، بەڵام بەهۆی خراپی كەش و هەوا ناتوانین لەو وەرزەدا دەستكاری رێگەكان بكەین ".
تەلعەت سولێمان شوفێرە و كاری گواستنەوەی هاووڵاتییان دەكات بە زاری كرمانجی گووت" رۆژانە كاری گواستنەوەی هاووڵاتییان لە سیدەكان بۆ سۆران دەكەم، رێگەكە جەنجاڵی لەسەرە و هاتووچۆی زۆری تێدا دەكرێت، لەكاتێكدا چەند شوێنێكی رێگەكە رووچووە و بەترسەوە هامووشۆی تێدەكەین، ئەگەر شوفێران لەو شوێنە شارەزا نەبن رووداوی نەخوازراو دروست دەبێت، بەتایبەت بۆ ئەو كەسانەی كە بەمەبەستی گەشت كردن روو لە سنووری سیدەكان دەكەن زۆر مەترسیدارە . بۆیە داوكارین لە حكومەت پەلە بكەن لە چاككردنەوەی ئەو رێگەیە".
لەو بارەیەوە، ئیسحان چەڵەبی بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان بە زاری كرمانجی راگەیاند" دووای هەوڵێكی زۆر دواجار لە مانگی رابردوو، توانرا رەزامەندی وەزارەتی ئاوەدان كردنەوە و نیشتەجێ كردنی حكومەتی هەرێم وەربگرین بۆ چاككردن و نۆژەن كردنەوەی هەریەك لە رێگەی سۆران - سیدەكان بە درێژای 35 كم و رێگەی سیدەكان - دەشتی هێرت بە 15 كم و رێگەی سیدەكان - كەژەك 3 بە درێژای كیلۆمەتر و نیو ".
بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان دەڵێت" بە گوژمەی 736 ملیۆن و 161 هەزار دینار بۆ هەر سێ پڕۆژەكان دابین كراوە و لە ماوەیەكی نزیكدا دەست بە جێبەجێ كردنی دەكرێت . گووتیشی " بە چاككردن و قیڕتاو كردنی ئەو رێگەیانە كێشە و گرفتەكانی هاتووچۆ بە رادەیەكی زۆر لە سنوورەكەمان كەمدەبنەوە".
لای خۆشیەوە، ئەندازیار خوسرەت سادق دری بەرپرسی فەرمانگەی چاككردنەوە و پاراستنی رێگا و بانی سۆران لە لێدوانێكیدا بە زاری كرمانجی راگەیاند" ئاگاداری تێكچوونی بەشێكی رێگای سۆران - سیدەكانین لەنزیك گوندی بادلیان و چەند ناوچەیەكی تری رێگاكە بەهۆی زەنەگی شوێنەكە و زۆری ئاوی ژێر زەوی رووچووە یا قیڕەكەی تێكچووە و تاسە و چاڵێ‌ زۆری لێپەیدا بووە".
بەرپرسی فەرمانگەی چاككردنەوە و پاراستتی رێگا و بانی سۆران دەڵێت " هەرچەندە رەزامەندی وەرگیراوە بۆ نۆژەن كردنەوەی رێگاكانی سۆران - سیدەكان و هەریەك لە رێگای كەژەك و دەشتی هێرت، بەڵام بەهۆی خراپی كەش و هەوا ناتوانین لەو وەرزەدا دەستكاری رێگاكان بكەین". گووتیشی" هەر ناوچەیەكی رێگاكان هەڵبكۆڵین ناتوانین وەك خۆی لێبكەینەوە، هەروەها كارگەی قیڕیش كار ناكات و قیڕ ئەگەر دروستیش بكرێت بەهۆی ساردی كەش و هەوا سەركەوتوو نابێ، بۆیە دەكەوێتە بەهاری ساڵی داهاتوو".
رێگەی سۆران – سیدەكان، رێگەی نێوان ناحیە و قەزایەكە هامووشۆی زیاتر لە 300 گوندی بەسەرەوەیە، رۆژانە هاتووچۆی زۆری تێدا دەكرێت، چەند ساڵێك لەمەوبەر كاری قیرتاو كردنی لە لایەن حكومەتی هەرێمەوە بۆ كراوە، بەهۆی سەختی رێگەكە دووای دروست كردن چەند شوێنێكی رێگاكە روو چووە .و مەترسی داڕووخان لە چەند پێچێكی رێگەكە دەكرێت .

 

 

 

زۆرترین بینراو