سەنتەری قەزای رواندز تەنها یەك نەخۆشخانەی هەیە و ئەویش كێشەی هەیە

سەنتەری قەزای رواندز تەنها یەك نەخۆشخانەی هەیە و ئەویش كێشەی هەیە

موڕشید برادۆستی – رواندز: هاووڵاتییانی شارۆكەی رواندز لە خراپی كەرتی تەندرووستی نیگەرانی دەردەبڕن و داوای چارەسەر لە لایەنە پەیوەندی دار دەكەن، كەمی بنكە و گرفت و كەم و كوڕییە تەندرووستیەكان كێشەی زۆری بۆ دانیشتوانی ناوچەكە دروست كردووە.
زیرەك رواندزی گەنجێكی دانیشتووی رواندز بە زاری كرمانجی گووت" لە نێو سەنتەری شار تەنها یەك نەخۆشخانە بوونی هەیە و ئەویش وەكوو پێویست نیە ڕۆژێك پزیشك نیە و ڕۆژێك تیشكی سۆنەر كار ناكات، لە سنوورەكەمان دەیان كێشەی تەندروستی هەیە و كەرتی تەندروستی لەو پەڕی خراپیدایە لە ڕەواندز ".
بە گووتەی ئەو هاووڵاتییە" حاڵی ئێستەی نەخۆشخانەی ڕەواندز زۆر خەراپە لە ڕووی دابین نەكردنی زۆرێك لەخزمەت گوزاری بێ بەشە، نەبوونی پزیشكی پسپۆڕ و نەبوونی زۆربەی پشكنین و سۆنار و ئەشیعە بەگشتی نییە، لە نەخۆشخانەی ڕەواندز هۆلی نەشتەرگەری هەیە و ئێستە حازرە و لەبەر نەبوونی دكتۆر تا ئێستە یەك نەشتەرگەریشی لێ ئەنجام نەدراوە.
دووپاتی كردەوە، ڕەواندز پێویستی بەدروست كردنی نەخۆشخانەیەكی هاوچەرخ هەیە، لە ساڵانی رابردوو بڕیاری نەخۆشخانەیێكی پەنجا قەلوێرەی درا بەردی بناغەشی داندرا لە بەر بێ پارەی و بەبیانووی قەیرانی دارایی ئەم پڕۆژە گرینگە وەستا ئەگەر ئەم نەخۆشخانە دروست كرابا ڕەواندز بێ كێشەی تەندرووستی دەبوو".
سەربەست جەلال گەنجێكی دانیشتووی رواندزە بە زاری كرمانجی گووت" رواندز یەكێكە لە كۆنترین قەزاكانی سنووری پارێزگەی هەولێر، بەداخەوە وەك پێویست ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە، لە هەموو كەرتەكان كەموو و كوڕی و گرفتی زۆر هەیە بە تایبەت كەرتی تەندرووستی كە ئەمەش مەترسی لە سەر گیانمان درووست دەكات چونكە تەندرووستی پەیوەندی راستەوخۆی بەسەر ژیانمان هەیە .
زیاتر گووتی" لە هەموو سەنتەری رواندز تەنها یەك نەخۆشخانەی هەیە، ئەویش چەندین گرفتی هەیە، بۆیە پێویستە حكومەت و وەزارەتی تەندرووستی بڕیار لەسەر كردنەوەی چەند بنكەیەكی تەندرووستی و نەخۆشخانەی زیاتر بدات لە نێو رواندز، چونكە فشار لەسەر نەخۆشخانەی گەورەی رواندز كەمتر دەبێتەوە و ئاسانكاری باش بۆ دانیشتاونانانیش درووست دەبێت .
لەلای خۆشیەوە، د . كاروان جەمال بەڕێوەبەری تەندرووستی سۆران بە زاری كرمانجی راگەیاند" لە نزیكەوە ئاگاداری كێشە و گرفتەكانی تەندرووشتی رواندزین، بەڵام بەهۆی بێ ئیمكانی و نەبوونی بوددجەی پێویست ناتوانین وەك پێویست هاوكار بین لە چارەسەر كردنی كێشە و گرفتە تەندرووستیەكانی ئەو شارە .
بەڕێوەبەری تەندرووستی سۆران دەڵێت" لە نێو سەنتەری رواندز تەنها یەك نەخۆشخانەی لێ یە، ئەویش باڵەخانەكەی زۆر كۆنە و دەیان ساڵە دروست كراوە، رەزامەندی دروست كردنی نەخۆشخانەیەك و كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی تەندرووستی بۆ رواندز دەرچووە، بەڵام تا ئێستە جێبەجێ نەكراون و هەوڵی تەواو دەدەین بۆ جێبەجێ كردنی ئەو بڕیارانە و چارەسەركردنی كێشە و گرفتە تەندرووستیەكانی قەزای رواندز" .
رواندز لە رووی كارگێڕیەوە سەر بە پارێزگەی هەولێرە، بە دووری 110 كم لە شاری هەولێر هەڵكەوتووە و رێژەی دانیشتوانانی دەیان هەزار كەسە و كێشەی زۆری تەندرووستی هەیە .

 

زۆرترین بینراو