شاندی هەرێم له‌ به‌غدا: پێویسته‌ شایستە و پێداویستییەکانی هەرێم لە بودجەدا دیاری بکرێت

شاندی هەرێم له‌ به‌غدا: پێویسته‌ شایستە و پێداویستییەکانی هەرێم لە بودجەدا دیاری بکرێت

زاری كرمانجی - بەغدا : شاندی هەرێم له‌ به‌غدا به‌شدار له‌ داڕشتنه‌وه‌ی بودجەی ساڵانی داهاتووی عێراق كرد و به‌ لایه‌نه‌ عێراقیه‌كانی راگه‌یاند: پێویستە ڕێکەوتنی سیاسی لە نێوان هەولێر و بەغدا واژۆ بکرێت.

زاگرۆس فەتاح بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆکی شاندی هەرێم بۆ بەغدا رایگه‌یاند: ئەمڕۆ لە بەغدا سەرۆکایەتیی شاندی هەرێمی کوردستانمان کرد بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای داڕشتنی بودجەی عێراق بۆ ساڵەکانی (٢٠٢١ – ٢٠٢٣)، ئامانج لە بەشداریکردنی شاندی هەرێمی کوردستان لەم کۆبوونەوانەدا جێکردنەوە و جێگیرکردنی پێداویستییە تەکنیک و هونەرییەکانی هەرێمی کوردستانە لە بودجەی ساڵانی داهاتووی عێراقدا، ئەرکی ئەم لیژنە باڵایەیە کە لەگەڵ دامەزراوە و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی عێراقدا کۆببێتەوە و سەرچاوەکانی داهات و بڕەکانی بخەمڵێنن و لەسەر ئەو بنەمایە پێداویستییە جیاوازەکانی پارێزگاکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە لە بودجەدا دابڕێژرێت.

لە کۆبوونەوەکەدا ئەوەمان دووپات کردەوە کە پێویستە تا ئەوپەڕی توانا هەوڵ بدرێت بودجەی بەکاربردن کەم بکرێتەوە و لە بەرامبەردا بودجەی وەبەرهێنان لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیاندا زیاد بکرێت، لە هەمان کاتدا لە بودجەی ساڵانی داهاتوودا پشکی وەبەرهێنان بە کردار سەرف بکرێت و وەک ساڵانی ڕابردوو نەبێت کە ڕێژەی بودجەی وەبەرهێنان دادەنرا و بە کردار سەرف نەدەکرا.

لە کاتێکدا کە بودجەی عێراق بە شێوەیەکی گشتی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا لەبارەی نرخی نەوتەوە خەمڵێنرا بریتی بوو لە خەمڵاندنی نرخی بەرمیلێک نەوت بە ٤٣ دۆلار بۆ بودجەی ساڵی ٢٠٢١ و ٤٦ دۆلار بۆ بودجەی ساڵانی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣.

لە کۆبوونەوەکەدا ڕامانگەیاند کە بۆ ئەوەی بتوانرێت بەشێوەیەکی ڕێکوپێک و شایستە و پێداویستییەکانی هەرێم لە بودجەدا دیاری بکرێت، پێویستە ڕێکەوتنی سیاسی لە نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر مەلەفەکانی (نەوت، داهاتی خاڵە سنوورییەکان و باج) واژۆ بکرێت.

سەبارەت بە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان جەختمان کردەوە لە دانانی پشکی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا لە چەند ساڵی ڕابردوودا پشکی هەرێم لەم بودجەیەدا بە تەواوی فەرامۆش کرا بوو.

جێی ئاماژەپێدانە ئەم کۆبوونەوانە بەردەوام دەبن و وا بڕیارە لە کۆتاییەکانی مانگی 9 کۆتایی بەکارەکانی بێت.

بیروڕا

زۆرترین بینراو