شكاندنی ئەوی دی لە ژێر سێبەری گەندەڵی

ئیسماعیل ئیبراهیم

ئەو بێ متمانەییەی لە نێوان شەقام بەرامبەر حكومەت و لایەنە سیاسییەكانەوە هەیە بێ هۆكار نییە، ئەو رق و كینەیەی هاووڵاتییان بەرامبەر یەكتریان هەیە لەخۆڕا نەهاتۆتە دی، جنێودان و تەشهیر كردن و ناو زڕاندنی بە ئاشكرا و لە ژێر ناو و پەردەی جیا و نهێنییەوە لە كەناڵەكانی راگەیاندن بە هەموو جۆرەكانییەوە ئەوەندە ئاسان نییە كە لە كوردستان دەبیندرێت، سووكایەتی كردن بە پیرۆزییەكانی نەتەوەیی و نیشتمانی لە هیچ سوچێكی ئەم جیهانە قابیلی قبوڵكردن نییە ئەی بۆ لە كوردستان بووە بە كلتوور كە بۆ خۆ دەرخستن و دەنگی زۆر هێنان جنێو بە هەرچی پیرۆزییە دەدرێت، دروستكردنی هەستی توندڕەویی شارچییەتی و زاڵ كردنی ئەم شارە بەسەر شارێكی دیكەی كوردستان لە كوێوە هاتووە، كێ لێ بەرپرسە؟.
كوشتنی ئەندام، لایەنگیر و كادیری حزبی ركابەر یا دژە ئایدۆلۆژیا تا ئێستاش لە مێشكی زۆرێك لە هاووڵاتییانی كوردستان دەخولێتەوە.
ئەو بیرۆكەیەی كە گەنجێكی تەمەن 22 ساڵ بوونی دەستەڵاتی كوردی رەت دەكاتەوەو خۆزگە بە دەستەڵاتی حەشدی شەعبی دەخوازێت لە كوێوە هاتووە.
كاتێك هاووڵاتییەك لە كەناڵەكانی تەلەفزیۆن دەڵێت" 400 كەسم لەگەڵدایە تەنها رێگەم پێ بدەن هێرش دەكەمە سەر شاری هەولێر" لە كام قوتابخانە پەروەردە كراوە كە ئەوەندە لە ئاست هاونیشتمانییانی خۆی كینە لەدڵ بێت.
ئەمە چ جۆرە كلتوورێكە تا ئەو كاتەی كەسێك لە ناو رێكخراوە یا حزبێك بێت بە دڵسۆز و نیشتمانپەروەر ناوزەد بكرێت، بەڵام كە لە ناو حزب و رێكخراوەكە نەما، ئیتر دەبێتە بەكرێ گیراو و خائین و خۆفرۆش و هەر چی ناو ناتۆڕەی خراپە بۆ هەڵدەبەستن.
خەرجكردنی پارەیەكی زۆر بۆ ئەو كەسانەی بە ناوی نهێنی و لە ژێر سێبەری كەسانی ناو حزب كار بۆ ناشیرین كردنی ئەوی دیكە دەكەن، جگە لە بەهەدەر دانی سەرمایەی وڵات كە دەشێ بۆ كاری جوانتر بەكار بهێندرێت و هەلی كارێكی شەرەفمەندانە و پڕسوود بۆ هاووڵاتییان بەكار بهێندرێت، لە هەمانكاتدا پەروەردەكردنی نەوەیەكی درۆزن و بێ ئینتیمایە بۆ نیشتمان، بڵاوكردنەوەی ڤایرۆسێكی مەترسیداری كوشندەیە، هۆكاری سەرەكی لێكترازاندنی نێو ماڵی كوردییە.
ئاشكرا بوونی خەرجكردنی 27 دەفتەر دۆلار بۆ سپۆنسەر كردنی ئەو پێیج و ئەكاونتانەی كاریان تەشهیر كردنە سەرچاوەی ئەو فەوزا نا ئەخلاقییەمان بۆ ئاشكرا دەكات، دەشێ دەیان دەفتەر دۆلاری دیكەی ئاشكرا نەبووش هێشتا هەبێت بۆ شكاندنی ئێسكی ئەوی دی جیاواز لە رۆئیا و دونیا بینین خەرج دەكرێت.
واتە سەرچاوەی سەرەكی ئەم دێوزمە مەترسیدارە، كارەكتەرەكانی ناو حزبەكانی كوردستانن، ئەو كارەكتەرانەی هیچی جوانیان پێ نییە و تەنها سوود لە ئاژاوە و دووبەرەكی و بیری شارچییەتی و هزری تەسكی حزبایەتی دەبینن، ئەو كارەكتەرانەی ناتوانن لە كەشێكی ئارام و بێ خەوش گەشە بە كاری سیاسی و حزبی بدەن، لەبەر ئەوەی هیچی سەردەمیانەیان پێ نییە و ناتوانن رووبەڕووی تەوژمی پێشكەوتنی نەوەیەكی نوێ بگرن، كە خەونەكانیان جیاوازترە لە بیركردنەوەی سەردەمی شاخ، ئەوانە ناتوانن رووبەڕووی گەنجی زانكۆ و پەیمانگەكان و خوێنەران و رۆشنبیران ببنەوە، بۆیە بە نانەوەی ئاژاوە و كێشە بەو پارە خیاڵییەی لە ئەنجامی گەندەڵی دەستیان كەوتووە دەیانەوێت درێژە بە مانەوەیان لەسەر كورسییەكی لەرزۆك بدەن.
دواجار دەبێ باش بزانین بەرپرسییارییەتی ئەم دۆخە ناتەندروستەی ناو سۆشیاڵ میدیا و باقی كەناڵەكانی راگەیاندن دەكەوێتە ئەستۆی حزبە دستەڵاتدارەكانی كوردستان و لە نێو ئەم حزبانەش ئەو كەسانەی دەست رۆیشتوون و دەبێ تا زووە كۆتایی بەم كارە بهێنن، چونكە دواجار لاواز بوونی من یەكسان نییە بە بەهێز بوونی تۆ، لاواز بوونی ئەودێ واتە لاواز بوونی هەموومان.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

زۆرترین بینراو