شلێر زیاتر لە 1500 پیاوی فێری شوفێری بارهەڵگر كردووە

شلێر زیاتر لە 1500 پیاوی فێری شوفێری بارهەڵگر كردووە

رەمەزان هەرنی – سلێمانی: ئافرەتێكی باشووری كوردستان ماوەی یازدە ساڵە هاووڵاتییان فێری شوفێری و لێخورینی ئۆتۆمبێلی بچووك و بارهەڵگر دەكات, ئاماژە بەوە دەكات "دەبێ بۆ ئەوەی ئافرەت مافەكانی بەدەست بێنێت پێویستە لەماڵ بێتە دەرەوەو رێچكە شكێن بێت".
شلێر لیمو, خاوەنی نووسینگەی (هاوژین) بۆ فێركردنی شوفێری لە شاری سلێمانی بۆ زاری كرمانجی قسەی كرد و گووتی " دوای ساڵی 2000 دەستم كردووە بە فێركردنی هاووڵاتییان لە هەر دوو رەگەز, وەك بیرۆكە خۆم زۆر سوودم بینیوە لە ئۆتۆمبێل، بۆیە بیرم لەوە كردەوە ئافرەت فێری شوفێری بكەم، چونكە ئافرەت هەمیشە بەهۆی تەكسی و پاسەوە تووشی كێشە دەبن، بەڵام ئەگەر خۆیان شوفێری بكەین سەربەست تر ئەبن لە هاتووچۆ".
شلێر گووتیشی" لای من جیاوازی نیە لە نێوان ئافرەت و پیاو داوای یەكسانی دەكەم، بۆیە جیاوازی نییە ئافرەت فێری شوفێری بكەم یا پیاو, لە ساڵی 2000 وە تا ئێستا خەریكی فێركردنی خەڵكم تا ئێستا زیاتر لە 1500 پیاوم فێری شوفێری كردووە، ساڵی 2008 تا ئێستا زیاتر لە 1500 پیاوم فێری لێخورینی لۆری كردووە, ئۆتۆمبێلی گەورە زۆر ئاسانە بۆ فێربوون سەڕەڕای وورد بینییەكەی، پێچكردنەوەی بە بەراورد كرد لەگەڵ ئۆتۆمبێلی بچووك جیاوازترە، بەڵام بەلای منەوە ئاسایە، بەڵام پیاو هەیە پاشەكەشەی كردووە و نەیتوانیوە فێر بێت".
ئەوەشی خستەڕوو " سەرەتا هاووڵاتییانم فێری لێخوورینی ئۆتۆمبێلی گێر عادی دەكرد، بەڵام ئێستا فێری هەر دووجۆریان دەكەین گێر عادی و ئوتوماتیكی, بەگشتی پیاوان فێری لێخۆرینی ئۆتۆمبێلی گەورە دەكەم و ئافرەتانیش ئۆتۆمبێلی بچووك".
گووتیشی" لە كارەكەماندا بەربەست زۆرن، بەڵام بڕیارمان داوە كار بكەین و سەركەوتوو بین، بۆیە هیچ بەربەستێك نەیتوانیوە بەسەرماندا زاڵ بێت".
لە بەشێكی قسەكانیدا شلێر گووتی " فێر كردنی هاووڵاتییەك جێگای خۆشحاڵیمە، هەوڵیش دەدەم تەنها فێری شوفێری نەبن، بەڵكو لە پەنای ئەو كارەی دەكەین كە فێرخوازی و سەرەدەری كردنە لەگەڵ ئۆتۆمبێل، هەوڵی جددیش دەدەن كە ببنە دۆستی رێگاو بان و هاتووچۆ, لە هەمانكاتدا رێنمایی شوفێران دەكەم كە بەردەوام رێنماییەكانی هاتووچۆ جێبەجێ بكەن, توانیومە ژیانی خۆم و خێزانەكەم دابین كەم و سوودی زۆرم لێ بینوە, لەسەر ئاستی كورستان و عێراق یەكەم ئافرەتم پیاوان فێری لێخۆرینی بارهەڵگر دەكەم و دەمەوێت ئافرەت رێچكە شكێن بێت و دووربكەنەوە لە سەیر كردنی ئەلقە بێماناكان, هەر ئافرەتێك بیەوێ مافەكانی بەدەست بێنێت ئەبێ لەماڵ بێتە دەرەوە".

 

زۆرترین بینراو