شنۆ عومەر: ئازادی بە مانای ژیانە نەك بەڕەڵایی و سنوور بەزاندن

شنۆ عومەر: ئازادی بە مانای ژیانە نەك بەڕەڵایی و سنوور بەزاندن

ئا/ رەمەزان هەرنی: شنۆ عومەر یەكێكە لەو ژنانەی زیاتر بەهۆی كاری میدیاییەوە ناسراوە، زۆرجار وەك مۆدێل دەردەكەوێت و هاوكات سەما دەكات. بەڵام زۆرجار لەسەر حەزی خۆی ڕێكلام بۆ جلی كوردی و جلوبەرگی ماركە دەكات.
شنۆ عومەر میدیا كاروسەماكار بە زاری كرمانجی گووتی" گەنجەكانی ئێمە زۆر ڕێكوپێك و باشن، هەروەها ڕێزیشم هەیە بۆ ئەو كەسانەی ئەگەر لەلایەن منەوە ڕەفزیان وەرگرتبێ، ئەمەش ئەوە ناگەیەنێ كە لەلای من ئەو كەسانە بچووك ببنەوە‌، بەڵكو بە پێچەوانەوە ڕێزیان زیاترە و سوپاسیان دەكەم. بەمدواییە لە كۆمەڵێك پەیج لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی هەندێك قسەوباس لەسەر من كرا و لە خۆیانەوە ژمارەیەكیان دانابوو گوایە من ئەوەندە ڕەفزەم داوە لە كاتی وەرگرتنی لێدوان لە بەرنامەكانمدا، بەڵام ئەو ژمارانە دوورن‌ لە ڕاستییەوە و شتی وا نەبووە. بێگومان كە تۆ لە دەزگەیەك یا لە شوێنێك كار دەكەیت، ڕۆژی خۆش و ناخۆشیشت دەبێت. بە خۆشحاڵییەوە ڕۆژە خۆشەكانم زیاتر بووە وەك لە ڕۆژە ناخۆشەكانم".
شنۆ گووتیشی " ماوەی چەند ساڵێكە لە بەڕێوەبەرایەتی هونەرە میلییەكانی سلێمانی سەربە وەزارەتی ڕۆشنبیری لە بەشی سەما و هەڵپەڕكێ وەك یاریدەدەری ڕاهێنەر فەرمانبەرم. هونەری سەما حەز و ئارەزووی خۆمە و هونەرەكەم خۆش دەوێت. لە ساڵی 2001 دەستم بە هونەری سەما كردووە و تێكەڵی بوومە، ئەوكاتەی چوومە ناو دنیای سەما و هەڵپەڕكێ، كچانی كورد لەو بوارەدا زۆر كەم كاریان دەكرد، بە شانازییەوە تا ئێستە بەردەوامم و خێزانەكەیشم وەك قەڵایەك لە پشتم بوونە، ئێستەیش وەك ڕاهێنەری سەما لە تیپی هونەری میلی سلێمانی كار دەكەم. هەمیشە ئازادیم هەبووە، بەڵام ئازادی بە مانای ژیانە نەك ئازادی بە مانای بەڕەڵایی و سنووربەزاندن
شنۆ ئەوەشی خستەرۆ " لە ژیانی هونەریدا هیچ سانسۆڕێكم لەسەر نەبووە بەتایبەت لە كاری ڕاگەیاندن، هەمیشە ئازادیم هەبووە، بەڵام ئازادی بە مانای ژیانە نەك بەڕەڵایی و سنووربەزاندن. زۆرجار رەخنەم لێ گیراوە، بەڵام هەرگیز گوێ بە هیچ ڕەخنەیەك نادەم، چونكە پێم وایە لە كۆمەڵگەی كوردی ئەگەر پیشەیەكی لەم جۆرەت هەبێت، هەمیشە ڕەخنەت لێ دەگیرێت، بەڵام كەسێكی بەهێز و خۆڕاگرم.
شنۆ ئاشكرایكرد "تا ئێستە وەك مۆدێل كارم نەكردووە، بەڵام زۆرجار دیزاینەرانی جلوبەرگی كوردی و جلوبەرگی ماركە پێیان خۆش بووە جلەكانیان بپۆشم و لە سۆشیال میدیا بڵاویان بكەمەوە، هەروەها زۆرجار خۆشم حەزم كردووە، بۆیە بە خۆشحاڵییەوە جلەكانیانم پۆشیوە و وێنەشم پێ گرتوون و بڵاویشم كردوونەتەوە".
لە كۆتایدا شنۆ عومەر گووتی " بۆ فیلم و دراما كارم نەكردووە و بە نیازیش نیم، چونكە هەست دەكەم ئەوە كاری من نییە و كەسانی تر زۆرن بۆ ئەوەی كاری نواندن بكەن، هەرچەندە چەندان كەس داوایان لێ كردووم بەشداری بكەم لە فیلم و دراماكانیان، بەڵام نەمكردووە، تەنیا بۆ ڕێكلام نواندنم كردووە، ئەویش وەك ڕێكلامی ئامێر و كەرەستە، جلوبەرگ، مەیك ئاپ، باڵەخانە و چەندان ڕێكلامی تر".

 

بیروڕا

زۆرترین بینراو