شۆفێرانی ئێرانی مەترسین لەسەر تەندروستی شۆفێرانی هەرێمی كوردستان

شۆفێرانی ئێرانی مەترسین لەسەر تەندروستی شۆفێرانی هەرێمی كوردستان

زاری كرمانجی_حاجی ئۆمەران: لە دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران هەرچەندە رێگە بە شوفێرانی ئێرانی نادرێت راستەوخۆ كاڵا بگوازنەوە بۆ شارەكانی هەرێمی كوردستان، بەڵام شۆفێرە ئێرانییەكان لەناو گۆڕەپانی ئاڵوگۆڕی كاڵان، لەگەڵ شۆفێرانی هەرێمی كوردستان تێكەڵاون.
بەپێی زانیارییەكانی زاری كرمانجی ڕۆژانە شۆفێری كامیۆنەكانی ئێرانی، ئەوانەی كاڵا و شت و مەك بەڕێگەی تڕانزێت بارەكانیان دەگەیەننە نێو گۆڕەپانی گومرگی حاجی ئۆمەران، بێ ئەوەی پابەندی ڕێنماییەكانی تەندروستی بن بۆ خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا، بەشێوەیەكی هەڕەمەكی تێكەڵاوی لەگەڵ شۆفێرانی هەرێمی كوردستان دەكەن، ئەمەش مەترسی لەسەر تەندروستی شۆفێرانی هەرێمی كوردستان هەیە.
سیروان حوسێن، گوتەبێژی كۆمەڵگەی سنووری حاجی ئۆمەران بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:" لە نوێترین بڕیار بۆ زیاتر پاراستن و خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆڕۆنا، بڕیار دراوە شۆفێرانی ئێرانی ڕێگەیان پێ نەدرێت بارەكانیان بگەیەننە شارەكانی هەرێمی كوردستان، بەڵكو هەر لە سنوور كاڵاكانیان ڕادەستی كامیۆن و بارهەڵگرەكانی عێراقی و هەرێمی كوردستان دەكەن.
گوتەبێژی كۆمەڵگەی سنووری حاجی ئۆمەران گووتیشی:" بەپێی ڕێنماییە تەندروستییەكان و بۆ زیاتر خۆپارێزی لە نەخۆشی ڤایرۆسی كۆڕۆنا، ئێمە چەند مەرجێكمان بۆ شۆفێرانی ئێرانی داناوە، لەكاتی داخل بوونیان پشكنینی تەواویان بۆ ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەی لەهەر گومانێك دڵنیا ببینەوە كە هەڵگری هەمان ڤایرۆس نین، یاخود گومانیان لەسەر نییە، هەروەها تا بارەكانیان دەگوازرێتەوە بۆ ئۆتۆمبێلی عێراقی شۆفێرە ئێرانییەكان دەبێت لەناو كابینەیەكی تایبەت لەژێر چاودێری لێژنەی تەندروستی و هێزە ئەمنییەكاندا بن، ئەمەش بۆ پاراستنی تەندروستی شۆفێرانی خۆمانە.
سیروان حوسێن، گوتەبێژی كۆمەڵگەی سنووری حاجی ئۆمەران ڕاشیگەیاند: ڕۆژانە لێژنەی تەندروستی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە سنوورمان بە هاوكاری هێزە ئەمنییەكان چاودێری وردی گۆڕەپانەكە و شۆفێران دەكەن و ڕێنمایی پێویست و گونجاویان پێ دەدەن، بۆ ئەوەی هەموویان پابەندی بەستنی ماسك و دەستكێش بن و كارمەندانی تەندروستی و گومرگیش بە جلی تایبەت كارەكانیان ڕایی دەكەن.

زۆرترین بینراو