شۆفێران داواكارن بەنزینخانەی زیاتر بۆ دابەشكردنی بەنزینی حكوومی تەرخان بكرێت

شۆفێران داواكارن بەنزینخانەی زیاتر بۆ دابەشكردنی بەنزینی حكوومی تەرخان بكرێت

"كواڵێتی بەنزین باشتر كراوە"

راپۆرت-محەمەد هەسنانی
لە قەزای سۆران شەش بەنزینخانە تایبەت كراون بە پێدانی بەنزینی 690 دیناری و 800 دیناری، شۆفێرانیش داواكارن، چاودێری زیاتر بخرێتە سەر كواڵێتی بەنزین لە گشت بەنزینخانەكان، هەروەها بەنزینخانەی زیاتر بۆ بەنزینی حكوومی تەرخان بكرێت، بۆ ئەوەی چیتر جەنجاڵی دروست نەبێت.
 سۆران ئەسعەد، شۆفێری تاكسی لە شاری سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:"بڕیاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم گرنگ و پێویست بوو بۆ رێگری كردن لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، هەروەها دابەشكردن و بەردەوام بوونی بەنزینی 690 دیناری و 800 دیناری بەهەمانشێوە كاریگەری دەبێت بۆ ئەوەی نرخەكان چیتر بەرز نەبنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە لیژنەكانی سووتەمەنی چاودێرییەكانیان زیاتر بكەن، لەسەر بەنزینی حكوومی و گشت جۆرە بەنزینەكانی دیكە لە بازاڕ لە رووی باشتركردنی كواڵێت و جۆرەكەی، چونكە هەندێك‌ جار بەم هۆیەوە شۆفێران گرفتی فیول پەمپ و تێكچوونی مەكینەی ئۆتۆمبێلیان بۆ دروست دەبێت".
 ئەو شۆفێرە داواكاریشە لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی سۆران، هەوڵی ئەوەبدەن كە بەنزینخانەی زیاتر تەرخان بكرێت، بۆ دابەشكردنی هەردوو جۆری بەنزینی حكوومی، چونكە تائێستا لە نۆرەی بەنزین قەڕەباڵغی زۆر دروست دەبێت، بەمەش هەم شۆفێران دووچاری بێزاربوون دەبنەوە، هەمیش كاریگەری لەسەر تەسكردنەوە و قەرەباڵغی شەقام و رێگاكان دروست دەكات، هەروەها زۆرجاریش ئەوانەی فەرمانبەرن یان لەدام و دەزگاكان كاردەكەن، بەهۆی نۆرە گرتنی بەنزین لە دەوامەكەیان دوادەكەون".
رائید جەوهەر سەدیق، بەرپرسی لیژنەی سوتەمەنی قەزای سۆران، بەزاری كرمانجی گوت:"وەك لیژنەی سووتەمەنی قەزای سۆران، بەردەوام چاودێری بەنزینخانەكان و سووتەمەنی دەكەین لەرووی كواڵێت و شێوازی دابەشكردن و ژمێركاری بەنزینەكە، لەماوەی رابردوشدا تا ئێستا بەهۆی دەرنەچوونی بەنزینەكەیان زیاتر لە حەوت بەنزینخانەی سنوورەكەمان دووچاری سزای پێبژاردن بوونەتەوە و بەڵێنامەش لە خاوەنەكانیان وەرگیراوە، لە ئەگەری دووبارە بوونەوەی سەرپێچییەكان، دووچاری سزای زیاتر دەبنەوە تا دەگاتە داخستنی بەنزینخانەكانیان، هەرچەندە لەسەرەتاوە شۆفێران گلەییان لە بەنزینی 800 دیناری هەبوو، بەڵام ئێستا كواڵێتەكەی باشتر كراوە".
بەرپرسی لیژنەی سوتەمەنی قەزای سۆران، ئاشكراشی كرد: " لە ئێستادا لە سۆران دوو بەنزینخانە تایبەت كراون بە دابەشكردنی بەنزینی 690 دیناری كە زیاتریش پاس و تاكسییەكان بەنزینی لێوەردەگرن، هەروەها شۆفێرانی دیكەش بەنزینیان پێدەدرێت، هەروەها لە چوار بەنزینخانە بەنزینی 800 دیناری دابەش دەكرێت و شۆفێران دەتوانن بەپێی خشتەی دیاریكراو لەوەرگرتنی سوودمەندبن".
لای خۆیەوە نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی ناوەندی هەولێر، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند " ئێستا نۆ بەنزینخانە لە هەولێر بەنزین بەنرخی 690 دینار زیاتر دەدەن بەتاكسی و پاس، هەروەها بەنزینی 800 دیناری سەرچاوەكەی گۆڕاوە و كوالێتی باش كراوە، شوفێرانیش ئەگەر بەنزینی خراپیان بینی لەهەر بەنزینخانەیەك، با ئێمە ئاگادار بكەنەوە.
قایمقامی ناوەندی هەولێر، ئاشكراشی كرد: "لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێم، زیاتر لە 30 ملیۆن دۆلار بۆ پاڵپشتی بەنزین تەرخان كراوە، هەر كەسیش دەستكاری كواڵێتی بەنزین بكات سزا دەدرێت.
سەبارەت بە كواڵێتی بەنزین و چاودێریكردنی بەنزینخانەكان، قایمقامی قەزای سۆران، دەڵێت:" لێژنەی سووتەمەنی چاودێرن و بەردەوام سەردانیان دەكات، هەروەها ماوە ماوە پشكنین بۆ جۆری بەنزینەكەیان دەكرێت، هەر بەنزینخانەیەك بەنزینەكەی لەرووی كواڵێتییەوە بەپێی ئەو پێوەرانەی دیاریكراوە باش نەبێت، پێبژاردنیان بۆ دەكرێت، تەنانەت دەگاتە ئەو رادەیە كە هەندێك‌ بەنزینخانەكان دووچاری داخستن دەبنەوە، هەروەها رێنمایی بەردەوام بە خاوەن بەنزینخانەكان دەدرێت، كە ئەو سەرپێچیانە دووبارە نەكەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا تەركیزیش دەخرێتە سەر پێوەری بەنزینەكە".
سەبارەت بە دابەشكردن و جۆری كواڵێتی بەنزینی حكوومی، مەغدید عەریف ئەحمەد، قایمقامی قەزای سۆران بە وەكالەت روونیكردەوە:" هەر چەند لە سەرەتاوە شۆفێران گلەییان لە بەنزینی 800 دیناری هەبوو، بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتییەكانیش كاری لەسەر ئەوەكرد كە لە ئێستادا كواڵێتەكەی باش كراوە، هەروەها بەپێی بەرنامە و پلانەكان بەنزینی 690 دیناری  زیاتر دەدرێتە تاكسی و پاسەكان لە هەمانكاتیشدا شۆفێرانی دیكەش لێی سوودمەند دەبن، ئەم بەنزینەش كاریگەری هەبووە بۆ رێگری كردن لە زیاتر بەرزبوونەوەی نرخەكەی و باشتر كردنی كواڵێتەكەی".