شیرین ئامێدی: ناوی كاندیدەكانی پارتی لە زووترین كاتدا رادەستی مەسرور بارزانی دەكرێن

شیرین ئامێدی: ناوی كاندیدەكانی پارتی لە زووترین كاتدا رادەستی مەسرور بارزانی دەكرێن

دیمانە – ڕائیب شێروانی: پلانی پارتی ئەوەیە تا كۆتایی ئەم مانگە، كابینەكەی مەسرور بارزانی لە پەرلەمان متمانە وەربگرێت، سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، وەكو براوەی یەكەم پێش لایەنەكانی دیكە گفتوگۆی پێكهێنانی كابینەكەی لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی دەستپێكرد، چونكە مەبەستیەتی هەرچی زووە ناو و سیڤی كاندیدی حیزبە پێكهێنەرەكانی حكوومەت وەربگرێت و پێش یەكی تەمووز كابینەكەی لە پەرلەمان متمانە وەرگرێت و خۆی و وەزیرەكانی كابینەكەی لە بەردەم پەرلەمانتاران سوێندی یاسایی بخۆن. ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دەڵێ، ناوی كاندیدەكانی پارتی ئامادەنە و لە زووترین كاتدا رادەستی مەسرور بارزانی دەكرێن.
هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی پێكردووە. پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرایی دەكات كە لیژنەیەكی باڵا لە مەكتەبی سیاسی وردبینی بۆ سەرجەم سیڤییەكان كراوە، پێوەری سەرەكی بۆ ئەو كەسەی پۆست وەردەگرێت، دەبێت دڵسۆز و شارەزا بێت بۆ ئەوەی ئەركی خۆی بە سەركەوتوویی بەجێ بگەیەنێت.
سەرۆك بارزانی و مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەركردایەتی، دوا بریار لەسەر ئەوە دەدەن، لە كابینەی نۆیەم كێ وەزیر یان بریكاری وەزیر یاخود راوێژكار دەبێت، لەسەر پێوەری شارەزایی، دڵسۆزی و ناوچەی جوگرافی، بەركەوتەكانی لە كابینەی نۆیەم پردەكاتەوە.
شیرین ئامێدی، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دیدارێكی تایبەتدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد، پارتی ناوی كاندیدەكانی بۆ كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم ئامادە كردووە، بە پێی توانا و لێهاتوویی و پسپۆری‌ لە شوێنەكان دادەنرێن، بۆ ئەوەی لە خزمەتی گەل و نیشتماندا بن و لە ئاست ئەو پەیام و بەرنامەی پارتیدا بن بۆ ئەم قۆناغە.
ئامێدی، دەشڵێ:" هەر لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پارتی پلانی خۆی داڕشتووە و داوای لە ئۆرگانەكانی كردووە، هەتا داوای لەو كەسانە كردووە كە بێ لایەنن، سیڤی خۆیان پێشكەش بكەن، بۆیە سیڤی كەسی بێ لایەنیش گەیشتووەتە دەستی سەركردایەتی، بەشێك هەیە بەناوی سامانە مرۆییەكان، لەو بەشەدا سیڤییەكان یەكلا دەكرێنەوە و ئەو كەسانە دەست نیشان دەكرێن كە دەتوانێت پلانی پارتی جێبەجێ بكەن، بۆیە پارتی لە زووترین كاتدا ناوی كاندیدەكانی خۆی رادەستی مەسرور بارزانی دەكات.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی گوتیشی:" هۆكاری دواكەوتنی كابینەی نۆیەم پارتی نیە، بەڵكو ئەو لایەنانەن كە تا ئێستا خۆیان ئامادە نەكردووە و كاندیدەكانیان یەكلا نەكردۆتەوە، مەسرور بارزانی كە سەردانی سلێمانی كرد لەگەڵ لایەنەكان كۆبووەوە و داوای لێ كرد كە هەرچی زووە سیڤی كاندیدەكانی خۆیان پێشكەش بكەن، بۆ ئەوەی پێش 30-6 پەرلەمان متمانە بە كابینەی نوێ بدات و حكوومەت پێك بێت.
شیرین ئامێدی، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" ئەركی پارتی هەر لە كاتی دامەزراندنی تا ئەمڕۆ، ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانییە، لە خزمەتی گەلەكەی خۆیدا بووە و كاری كردووە بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كورد، هەروەها پەیوەندی هەرێم لەگەڵ وڵاتان بەرەو پێشەوە ببات و كوردستان بەهێزتر بكات".

زۆرترین بینراو