شیرین خالید، ئافرەت توانیوویەتی باڵانسێكی باش رابگرێت لە نێوان كاری ماڵەوە و دەرەوە

شیرین خالید، ئافرەت توانیوویەتی باڵانسێكی باش رابگرێت لە نێوان كاری ماڵەوە و دەرەوە

محەمەد ئامۆكەیی- زاری كرمانجی:
یاساناس و چالاكوانی مەدەنی شیرین خالید، لە دیدارێكی زاری كرمانجی بۆ چوونی خۆی لەسەر پرسی یەكسانی جێندەری دەردەبڕێت، كە لە هەرێمی كوردستان ژنانی بەسەر دووبەرە دابەشكردووە و بەشێك پێیان وایە لە دام و دەزگاكانی حكوومەت یەكسانی جێندەری بوونی هەیە، دەنگێكی تریش دەڵێت رەچاوی ئەم پرسە نەكراوە. 
یاسا ناس شیرین خالید، روونی دەكاتەوە" پرسی یەكسانی جێندەر لە هەرێمی كوردستان رۆژ لە دوایی رۆژ لە پەرەسەندن دایە لەهەموو جومگەكانی حكوومەت، بەهەمان شێوە لە حزبی و  كەرتەكانی تری كومەڵگەش ئەم بابەتە بەهەند وەرگیراوە وەك: سۆشیال میدیا و رێكخراوە حكوومی و مەدەنییەكان و گروپە جیاوازەكان كە دیارن و كار دەكەن لە ناو كۆمەڵگەدا، ئەو یەكسانیە و بەشداری پێكردنی مێینەیە لە حكوومەت بە روونی ئیشی بۆ دەكەن، ئەمەش بەمانای ئەوە دێت بە هەر جۆرێك بێت ئەو روویە دیموكراسی و نوێبوونەوەیە لە دەرەوە و ناوخۆ پیشان دەدات، ئەمەش باشترین هەنگاوە بۆ هەر كۆمەڵگەیەك بۆ بەرەپێشچوون و گەشەسەندن".
ئەو یاساناسە پێیشی وایە" ئەو كومەڵگەیەی كە ئافرەت توانیبێت رۆڵی خۆی تێدا ببینێت كومەڵگەیەكی سەركەوتوو بووە لە هەموو رویەكەوە، كاتێك ئافرەت هەڵدەستێت بەوەرگرتنی ئەرك و بەرپرسیارەتی ماڵەوە جا چ بەخێوكردنی منداڵ بێت یان پەروەردەكردنیان یاخود ئیش و كاری ناوماڵ و دیاریكردنی خاڵە لاوازەكانی ئەندامانی تری خێزان  و ئیشكردن لەسەریان و لە هەمان كاتیشدا دەتوانێت یارمەتیدەرەك بێت بۆ پیاو كە هێزی بایولوژی جیاوازە و زیاتر جەخت لەسەر ئیشی دەرەوە دەكات، هەڵبەت ئەو دوو هێزە پێكەوە روویەكی تری جوان و جیاوازی ژیان پیشان دەدات لە ناو كومەڵگەدا".
لە بەشێكی تری قسەكانی دا شیرین خالید، جەخت دەكاتەوە لەوەی مێینە توانیوویەتی باڵانسێكی باش رابگرێت لە نێوان كاری و ماڵەوە و دەرەوە، تەنانەت رۆڵێكی جوان دەگێڕن بەو توانایانەی هەیانە لە ئیشەكانی دەرەوە و دەستكەوتێكی باشیشیان هەبووە، بەڵام نایشارمەوە بەشێوەیەكی گشتی كۆسپ و بەربەست هەن كە ئافرەت دوور دەكاتەوە لە بەرەوپێشڤەچوون جا ئەو كۆسپانە چ لەلایەن خودی ئافرەتەوە بێت یاخود ژینگە و دەوروبەرەكەی، بە دڵنیاییەوە كومەڵگەی شەرقیش بەدەرنیە لەو حاڵەتانە، بمانەوێت نەمانەوێت ئەم كومەڵگەیە بەرادەیەكی زۆر كلتوور و بەهاكان بەسەریدا زاڵە.