شەقام چاوەڕوانی گۆڕانكاری بەڕێوەبەر و بەرپرسانە

شەقام چاوەڕوانی گۆڕانكاری بەڕێوەبەر و بەرپرسانە

راپۆرت-زاری كرمانجی: چین و توێژەكانی دەڤەری سۆران، دڵخۆشن بە دەنگۆی گۆڕانكارییەكانی بەڕێوەبەر و بەرپرسانی فەرمانگەو دام و دەزگاكانی دەڤەرەكەو داواكاریشن تەنها گۆڕانكاری نەبێت و لێكۆڵینەوەش لەگەڵ گەندەڵكاران بكرێت.
هەندێك لە چالاكوانانی مەدەنی پێیانوایە گۆڕانكاریی زۆر پێویستە و دەمێكە لە سۆران ئەنجام نەدراوە، هەروەك ئەمجەت هاشم باڵەكی، چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی بەزاری كرمانجی گووت " گۆڕانكارییەكان لە گۆڕینی بەڕێوەبەر و بەرپرسانی فەرمانگەو دام و دەزگا حكومییەكان تاكو سەر ئێسقان پێویستە، بەو مەرجەی گۆڕانكارییەكان لەسەر بنەمای كەسی شیاو لە شوێنی شیاو ئەنجام بدرێن، نەك بنەمایەكی میزاجی و شەخسی بكرێتە پێوەر بۆدانانیان، واتە گۆڕانكارییەكان لەسەر بنەمای پسپۆڕی و تواناو لێهاتوویی و شارەزایی و ئەزموون و دڵسۆزی و ڕاستگۆیی و یەكسانی و ...ئەنجام بدرێن، پرس و ڕاوێژ و دەنگدان لەنێوان كارمەندانی دام و دەزگاكەو كەسە پێویستەكان بكرێت بۆ هەڵبژاردنی گونجاوترین كەس بۆ پۆستەكە، تا زۆرترینی خەڵك سودمەند بن لە كار و پڕۆژەكان، نەوەك تەنها چین یا توێژێكی دیاریكراو سوودمەند بێت، ئەویش ئەوانەن لە ئاوازەكانی ئەو دەخوێنن، ئەوانەشی كە ڕەخنەی ئاڕاستە دەكەن سزا بدرێن و پەڕاوێز بخرێن لە بەڕێوەبردن و پرس و ڕاوێژ ".
هەروەها گووتیشی " بەڵێ گۆڕانكارییەكان بەجۆرێ پێویستن كە هاووڵاتییان زۆر تینوی ئەم كارەن، چونكە دم و چاوە دووبارەكان زیاتر خەڵكەكەی بێ هیوا كردووە، كەسی وا هەیە چەندین ساڵە بەڕێوەبەرە، تەنانەت توانای بەڕێوەبردنی منداڵێكیشی نەماوە، ئاخۆ پێم ناڵێن ئەم جۆرە بەڕێوەبەرە لەسەر چ بنەمایەك بەردەوامبێت لە كارەكەی؟! نەخێر هیچ پاساوێك نەماوە بۆ لادان و گۆڕانكاری ڕیشەیی و بنەڕەتی لە هەموو دام و دەزگا و فەرمانگەكان، تا حكومەت هی هەموو هاووڵاتییان بێت، هیچ كەسێك هەست بە نائومێدی و ڕەشبینی نەكات، وای لێبێت تاك هەست بەوە بكات مافەكانی لەم وڵاتە پارێزراوە، هەروەها دڵنیابێت لەوەی كە لە بەرامبەر ڕاپەڕاندنی ئەركی سەرشانی مافی خۆشی وەردەگرێت".
هەژار فارس، نووسەرو چالاكوان، پێیوایە گۆڕانكاری لە دامەزراوەكان واتە زیندوویەتی كایەكە و هاندانی هاووڵاتییان بۆ گەیشتن بە حەزی بەرێوەبردن، ئەو زیاتر گووتی " گۆڕانكاری بەخاڵی وەرچەرخان دەزانم، چونكە پەیوەستە بەخزمەتكردنی هاونیشتمانیان لەسەرجەم سێكتەرە گرنگەكانی حكومڕانی، هەروەها نیشانەی زیندوویەتی هەر دامەزراوەیەك پەیوەندە بەگۆڕانكارییە، لە كوردستانیش زۆرێك لە بەرپرسانمان بوونەتە بارگرانی و زۆرجاریش مایەی كێشە بۆ هاووڵاتییان، لەهەر دامەزراوەیەك چ حكومی چ حزبی بێت، ئەگەر گۆڕانكاری نەبوو بەو مانایەیە هەڵسەنگاندن لەكاركردن نییە و دەبێتە هۆی كوشتنی تموح و جامد بوونی خودی یەكە ئیدارییەكەش، هەروەك پێشكەوتنی هەر كۆمەڵگەیەك بەندە بەگۆڕانكاری لەدامەزراوەكان".
گووتیشی " گۆڕانكاری بەگواستنەوەو ئاڵوگۆری لەبەرپرسەكان، مانای گۆڕانكاری ناگەیەنێت بەرپرسێك كەماوەیەكی زۆر لەسەر كورسی مابێتەوە و بگوازرێتەوە شوێنێكی دیكە، كە پێشتر تێوەگڵاو بووبێت لەگەندەڵی، كە بەئاشكرا هەست پێكراو بووە، بۆیە هەموومان خوازیارین گۆڕانكارییەكان لەئاستی چاوەڕوانی جەماوەر و گشتی بن، كاریش بۆ هێنانە پێشی گەنج بكرێت، چونكە كۆمەڵگاكەمان بەرەوپیری براوە لەلایەنی بەڕێوەبردن و كاتی ئەوە هاتووە گۆڕانكاری جەزری بكرێت، كابینەی نۆیەم خەڵك ئومێدی لەسەرهەڵچنیووە و بەوئومێدەین لە گۆڕانكاریش رەچاوی پێداویستی ئەو قۆناغەو بەرژەوەندی هاووڵاتییان بكرێت، ئومێد دەكەین كەسی شیاو لەشوێنی شیاو دابندرێت".
ئاراس دۆڵەمەری، چالاكوانی مەدەنی بەزاری كرمانجی راگەیاند " وەك بیستومانە لە دەزگاكانی راگەیاندن باسی زۆر لە گۆڕانكاری دەكرێت، لە بەڕێوەبەر و بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە و دام و دەزگاكانی حكوومی، ئەو گۆڕانكارییانە لای هەرە زۆری هاووڵاتییان گرنگە، چونكە ئەو بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگانە راستەوخۆ پەیوەستن بە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكانی گوزەرانی هاووڵاتییان. بە دڵنیاییەوە گۆڕانكاری بەرپرسان جموجۆل لە خزمەتگوزارییەكان دروست دەكات، چونكە بیرۆكە و ئەزموون و وزەیەكی نوێ دەكەوێتە خزمەتی خەڵكەوە، ئەوش گرنگییەكی تایبەتی هەیە، گومانیش لەوەدا نیە گۆڕانكارییەكانی بەشێوەیەكی تەندروست تا رادەیەكی كەمتەرخەمی گەندەلی و رۆتینات كەمدەكەنەوە".
ئەوەش دەخاتەروو " كاتێك كەسێكی نوێ بەرپرسیارییەتی وەردەگرێت، پەیوەندی لەگەڵ كۆمەڵگە بەهێز دەكات. هەڵبەت ئەمانە دێنە بەرچاو كاتێك گۆڕانكاریكردنی كەسی نوێ بۆ بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەكان و لەسەر بنەمایەك بێ كە تواناكانی هەڵبسەنگێندرێن، تا كەسی شیاو پۆستی شیاو وەربگرێت، نەك گواستنەوە بكرێت لە فەرمانگەیەك بۆ فەرماگەیەكیتر، ئەمەشیان بەشێوەیەكی گشتی خراپ نییە، بەڵام ناگەین بە هەموو ئەو خزمەتگوزاری و دەستكەوتانەی لە گۆڕانكاری دەستمان دەكەوێت".
بە بڕوای ئافرەتە چالاكوان شنۆ ئەیوب، ئەگەر سیستەم دسپلین نەبێت لە ئیش ئەوا گۆڕینی دەم و چاوەكان هیچ گرنگییەكی نییە، لەگەڵ گۆڕانكاریم هەر چوار ساڵ جارێك ئەنجام بدرێت، بەمەرجێك كەسانی بە ئەزموون و شارەزا دیاری بكرێن، لەگەڵ ئەوەشدا لێپێچینەوە لە كەمتەرخەمی و گەندەڵی ئەوانە بكرێت كە وەك پێویست نین، ئەگەر ئەمە نەبێت واتە گۆڕانكاری هیچ بەهایەكی نییە".
هەژار ئیبڕاهیم، رۆژنامەنووس، بە زاری كرمانجی راگەیاند " گۆڕانكاری لەهەر بوارێك دابێت پێویستییەكی گرنگی ژیانە، ئێستاش كە دەنگۆی گۆڕانكاری هەیە لەو پۆستانە جێگای دڵخۆشییە، چونكە كەسانێك هەن ساڵانێكی زۆرە لەو پۆستانەدا ماونەتەوە، بەداخەوە بەشێكیان نەك نەیانتوانیوە خزمەتێكی باش و شیاوی هاووڵاتییان بكەن، بگرە نووقمی گەندەڵی بووینەو لەچەندین دۆسیەوە تێوەگلاون. دەبێت لەگەڵ لادانیان لەو پۆستانە لێكۆڵینەوەی یاسایان لەگەڵدابكرێ و ببنە پەند بۆ ئەوانی داهاتوو كەتازە دەستبەكاردەبن، تاهیچ بەرپرسێكی تر زاتی ئەوە نەكات دەستبەرێ بۆ گەندەڵی. بۆیە بەلای من ئەمە ئەو كاتە گرنگە، كە گۆڕانكارییەكان لەپێناو خزمەتی هاووڵاتییان بێت".
ئەوەش دەخاتەروو " پێشتر گۆڕانكاری لەسەر بنەمای بەشبەشێنەی حزبی و خزمایەتی و برادەرایەتی بووە، بەڵام هیوادارم ئەمجارە لەسەر بنەمای كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو بێت و تواناو لێهاتوویی كەسەكان لەبەر چاوبگیرێت، بۆ نموونە كاتێك لە فەرمانگەیەك بەڕێوبەرێك خانەنشینكراوە، زۆربەی كارمەندەكانی فەرمانگەكە لایان باش بووە كە گەنجێك دیاری بكرێت، بەڵام چونكە واستەی نەبووە حزب یان كەسێك پۆستەكەیان پێ‌ رەوا نەبووە و دەچن كەسێكی تر لەشارێكی تر و فەرمانگەیەكی تر دەهێنن دەیكەنە بەڕێوبەرو بەرپرس، ئەمەش كاریگەری هەبووە لەرووی خزمەتكردن بە هاووڵاتییان، هیوادارین لە گۆڕانكارییەكانی داهاتوو كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو شوێنی بكرێتەوە".

 

زۆرترین بینراو